ئۆباما بڕى 25 ملیۆن دۆلار هاوكارى سه‌ربازى به‌ به‌غداو هه‌ولێر ده‌دات

ئۆباما بڕى 25 ملیۆن دۆلار هاوكارى سه‌ربازى به‌ به‌غداو هه‌ولێر ده‌دات
بۆ دواجار شه‌وى رابردوو باراك ئۆباما سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ گۆتارێكدا ئه‌و ستراتیژییه‌ى ئاشكراكرد كه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش ئاماده‌ كردبوو.

له‌ میانه‌ى خستنه‌ ڕووى ستراتیژییه‌كه‌ى ئۆباما به‌ڵێنى له‌ناوبردن و ویرانكردنى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام ناسراو به‌ داعش دا و رایگه‌یاند، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى رێكخراوى داعش له‌ هه‌ر شوێنێكى جیهان بێت ته‌نانه‌ت له‌ سووریاش له‌ ناوى ده‌به‌یه‌ن.

سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به‌وشه‌دا، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ رۆژئاوا و ناوچه‌كه‌ داعش تێكده‌شكێنن و هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانى فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ ناوبردنى داعش له‌ عێراق و سوریا فراوانتر ده‌بێت و گوتیشى: به‌ رێگه‌ى هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان دژى چه‌كدارانى رێكخراوى داعش، تیمه‌ دیبلۆماتكاران و كارمه‌ندان و هاوڵاتییانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌پارێزین.

هه‌ر له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا ئۆباما دوو خاڵى سه‌ره‌كى له‌ میانه‌ى ستراتیژییه‌كه‌ى خسته‌ روو، كه‌ یه‌كه‌مین هاوكاریكردنى زیاترى چه‌كداره‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى سوریایه‌ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى رژێمى ئه‌سه‌د و چه‌كدارانى رێكخراوى داعش و دووه‌میشیان هاوكاریكردنى سه‌ربازى سوپاى عێراقه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ستى یه‌كه‌م.

به‌شى كۆتایى گوتاره‌كه‌ى بریتى بوو له‌وه‌ى ئۆباما بڕیارى ناردنى چوارسه‌دو حه‌فتاو پێنج راوێژكارى دیكه‌ى وڵاته‌كه‌ى ره‌وانه‌ى عێراق بكات بۆ ئه‌وه‌ى رێو شوێنى توند دژى چه‌كدارانى داعش له‌ عێراق و سوریا بگرنه‌ به‌ر.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ كۆشكى سپی راگه‌یاند" باڕاك ئۆباما سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندى نیشانداوه‌ به‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارى سه‌ربازى به‌ بڕى 25 ملیۆن دۆلار بۆ به‌غدا و هه‌ولێر .
Top