سبەی لە سوێد هەڵبژاردنە و ٢٨ كورد خۆیان پاڵاوتو‌وە

 سبەی لە سوێد هەڵبژاردنە و ٢٨ كورد خۆیان پاڵاوتو‌وە
هەڵبژاردنەكانی سوێد نزیكبوونەتەوە و 28 كورد خۆیان پاڵاوتووە بۆئەوەی بچنە نێو پەرلەمانی سوێد.

لاوێن رێدار، پاڵێوراو بۆ پەرلەمانی سوێد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەكی زۆر كورد لە سوێد خۆیان بۆ بوونە ئەندامی پەرلەمان پاڵاوتووە بەو ئامانجەی چەند كارێكی باش بكەین، بەتایبەت هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی یارمەتی كوردستان بدەین لە سوێد".

لاوێن كە ریزبەندی لیستی ناوی ئەندامانی پارتی سۆسیال دیموكرات ژمارە 8 ـە گوتی: "ئەگەر پارتی ئێمە بباتەوە چوار- پێج كورد چانسی ئەوەیان دەبێت ببنە ئەندام پەرلەمانی سوێد".

ئەو پاڵێوراوە كوردە باسی بەرنامەی سۆسیاڵ دیموكراتەكانی كرد و گوتی: "هەوڵدەدەین ماوەی قوتابخانەكان زیاد بكەین بۆ ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵاتی سوێدەوە دێن بۆ ئەوەی بێكاریی كەمتر ببێتەوە".

هەروەها باسی لە یارمەتییەكانی سوێد كرد بۆ ئەو ئاوارانەی روویان لە باشووری كوردستان كردووە و گوتی: "هەوڵدەدەین لە سوێد یارمەتی كۆبكەینەوە، هەروەها لە پەرلەمانی ئەوروپاوە چەك بنێردرێت بۆ كوردستان".

ئەمساڵ لە سوێد چوار هەڵبژاردن بەڕێوەدەچن، یەكەم پڕۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، لە 25/02/2014 بەڕێوەچوو، ئەوانی دیكە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگا و كۆمۆن دەبن.






رووداو
Top