باراك ئۆباما هەڕەشە لە بەشار ئەسەد دەكات

 باراك ئۆباما هەڕەشە لە بەشار ئەسەد دەكات
راوێژكارێكی بەشار ئەسەد دەڵێ ئەگەر ئەمریكا لە هێرشكردنە سەر داعش لەناو خاكی سووریا هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی سووریا نەكات، ئەوا فڕۆكە ئەمریكییەكان دەخەنە خوارەوە. ئۆباماش وەڵامێكی تووند دەداتەوەو دەڵێ "تێكشكاندنی سیستەمی بەرگریی رژێمی سووریا لە شەڕی داعش ئاسانترە".

لەكاتێكدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش ئامادە دەكات، بوسەینە شەعبان، راوێژكاری بەشار ئەسەد لە هەڤپەیڤینی لەگەڵ كەناڵی (سی ئێن ئێن) رایگەیاندووە لە ئەگەری هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ سەر داعش لەناو خاكی سووریا، بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، ئەو فڕۆكانە بەرەوڕووی هێرشی دژە ئاسمانی سوپای سووریا دەبنەوە و دەخرێنە خوارەوە.

دوابەدوای ئەمە وەك ئاژانسی هەواڵی عەرەبییە بڵاویكردووەتەوە، باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رێگای رۆژنامەی نیویۆرك تایمزەوە بەرامبەر لێدوانەكانی بوسەینە شەعبان بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا گوتوویەتی: "ئەگەر بە ئاراستەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا تەقە بكرێت ، ئەوا سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووریا تێكدەشكێنین و ئەو كارە لە هێرشكردن بۆ سەر داعش ئاسانترە".

هاوكات جەنەراڵێكی خانەنشینی ئەمریكی رایگەیاندووە، كە پێدەچێت چەكدارانی داعش مووشەكی دژە فڕۆكەیان لە دەستدا بێت. پۆل ئیتوون بە (سی ئێن ئێن)ی گوتووە : ئەوە مەترسییەكی جدییە و ئەوان دەزانن چۆن بەرەوڕووی ببنەوە .








رووداو
Top