سوپای توركیا پلانێك بۆ داعش دادەڕێژێت

 سوپای توركیا پلانێك بۆ داعش دادەڕێژێت
سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند سوپای وڵاتەكەی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكە بۆ دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی لەسەر سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ سووریا و عێراق. ئەویش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەر قەیرانێك كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بۆ سەر داعش لەسەر ئەو سنوورە دروستدەبێت.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە گەڕانەوەیدا لە قەتەر، لە فڕۆكەكەیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە جموجۆڵەكانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لەسەر سنووری توركیا، ئەردۆغان گوتی:" كاتێك ئۆپەراسیۆنی فراوانی وڵاتانی هاوپەیمان دەستپێدەكات بۆ سەر داعش، چاوەڕوان دەكرێت دانیشتووانی ئەو ناوچانە رووبكەنە توركیا. ئەم حاڵەتە راستەوخۆ پەیوەندی بە توركیاوە هەیە، هەر بۆیە سوپا لەسەر پلانێك كاردەكات بۆ دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی لەو ناوچانەدا".

سەرۆككۆماری توركیا ئاشكرایكرد، دوای تەواوبوونی پلانەكە دەخرێتە بەردەم حكومەت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات بۆ بڕیاردان لەسەر جێبەجێكردنی یان نا. كەناڵی CNN Turk یش لەسەر زاری بەرپرسێكی سەربازییەوە بڵاویكردەوە، كە رەنگە ئەو پشتێنە ئەمنییە هاتوچۆی فڕۆكەی لەسەری قەدەخەبكرێت و لە ئەنجامی ئەوەدا رێگەی هاتوچۆی فڕۆكە سوورییەكان بگیرێت.







رووداو
Top