بۆ دابەزاندنی تا، ئاوی شلەتێن بەكاربێنە!

بۆ دابەزاندنی تا، ئاوی شلەتێن بەكاربێنە!
لە مرۆڤی ئاساییدا، پلەی گەرمی لەش بەردەوام بە نەگۆڕی لە نزیك 37.2 پلەی سەدی دەمێنێتەوە، ئارەقەكردن Sweating گرنگترین میكانیزمە كە لەش ئەنجامی دەدات بۆ رزگاربوون لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی. لێرەدا سوودی ئارەقەكردن ئاشكرا دەبێت كە بریتییە لە پاراستنی ئاستی گەرمی لەش لە ئاستی ئاسایی خۆیدا، چونكە بەهەڵموونی ئاو لەسەر رووی پێستدا گەرمی لەش دادەبەزێنێ، بەمەوە لەش لەكاتی كاركردن و جوولەدا هەر بە چوستی دەمێنێتەوە. كرداری ئارەقەكردن شەو و ڕۆژ لە بەردەوامی دایە، بەڵام بە رێژەی جیاواز، لە ئاو و هەوای مام ناوەندی یان نە گەرم نە سارد و لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی سادە ئارەقە دەبێتە هەڵم بە هەمان خێرایی درووستبوونی، بۆیە مرۆڤ هەستی پێ ناكات. ئارەقەكردن لەوانەیە بگاتە لیترێك یان پتر لەماوەی یەك كاتژمێردا لە هەموو لەشدا لە كەشی گەرمدا یان لەكاتی ماندووكردنێكی زۆری ماسوڵكەكاندا. لەكاتی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، جگە لە دەرمان بەكارهێنانی (كەمادە) رێگەیەكی سروشتی و كاریگەر و بێ زیانە بۆ دابەزاندنی تا. تەڕكردنی پێست یان رووی لەش كە پلەی گەرمییەكەی بەرزبووبێتەوە، بە مانایەكی تر تەڕكردنی پێستێكی گەرم بە ئاو دەبێتە ئەگەری بەهەڵمبوونی ئاوەكە، دەرەنجام پێست سارد دەبێتەوە و پلەی گەرمی لەش بەرە بەرە دادەبەزێت. ئەگەر كەمادە بە ئاوی سارد بەكاربێت، ئەوا ئەو ئاوە درەنگتر دەبێتە هەڵم، دەرەنجام درەنگتر پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت، هەروەها نەخۆش بە كەمادەی سارد ناڕەحەت دەبێت. بەكارهێنانی كەمادە بە ئاوی شلەتێن لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش بە شێوەیەكی خێرا، نەخۆشیش پێیەوە ناڕەحەت نابێت.
Top