سەرچاوەی سەرەكی وزەی خۆراكی

سەرچاوەی سەرەكی وزەی خۆراكی
كاربۆهیدرات و چەوری لە هەموو جۆرە خۆراكێكدا بە سەرچاوەی سەرەكی وزە دەژمێردرێن. كاربۆهیدرات لە نیشاستە وەكو نان یان سەموون، دانەوێڵە وەكو ساوار و برنج، پەتاتە، هەروەها لە شەكرەكاندا هەیە، ئەمانە لە كاتی برسیبووندا هەستی تێربوون بە مرۆڤ دەبەخشن. لەم چەند ساڵەی دواییدا بەكارهێنانی شەكرەكان بۆ خواردن زۆر باوی نەماوە و لەلایەنی تەندروستیەوە پەسند ناكرێت لەبەر پێوەندی نێوان زیاد خواردنی شەكرەكان و تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی دڵ، زۆر جار شەكر بە ژەهری سپی و بە دوژمنی دڵ ناوزەد دەكرێت، هەروەها هۆكارێكی زەقن لەپاڵ كلۆربوونی ددانەكاندا. میوەكان بڕێكی باشیان لە شەكری فركتۆز یان شەكری میوە تێدایە كە جگە لە سەرچاوەیەكی وزە، چەندین ماددەی گرنگی وەكو ڤیتامین و كانزایەكان و دژەئۆكسانەكان تێدایە. ماددە چەورییەكان سەرچاوەی چڕ و پڕی وزەن، هەروەها بۆن و چێژی خۆش بە خۆراك دەبەخشن، بەڵام بڕی زیاد لە خۆراكدا كێشەی تەندروستی پەیدا دەكات. بەم دواییە گرنگییەكی زۆر دراوە بە چەورییە تێرەكان و چەورییە ناتێرەكان. چەوریە تێرەكان Saturated Fats لە دۆخی رەقیدان لە پلەی گەرمی ژووردا، كەچی چەورییە ناتێرەكان Unsaturated Fats لە دۆخی شلیدان لە پلەی گەرمی ژووردا و تەنیا بە كرداری هایدرۆجین بوون Hydrogenation دەگۆڕێن بۆ دۆخی رەقی. چەورییە ئاژەڵییەكان كە لە جۆری چەورییە تێرەكانن، بەپێی راپۆرتە زانستییەكان سەلمێنراوە كە پێوەندییەكی پتەویان هەیە لەگەڵ تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ، بۆیە بە گشتی بۆ خواردن پەسند ناكرێن، لە سەردەمی ئێستاماندا و چەورییە رووەكییەكان جێگەی ئەم چەورییە ئاژەڵییانەیان گرتۆتەوە. مرۆڤی چالاك، بچووك بێت یان گەورە، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە خۆراكی كاربۆهیدراتی و چەورییەوە هەیە وەكو سەرچاوەیەكی باشی وزە، لەش بۆ بنیادنانەوە پێویستی بە خۆراكی پرۆتینییەوە هەیە. لەوانەیە كە كەمی وزە بگەڕێتەوە بۆ جۆرە نادروستییەك لە لەشدا بۆ وەدەستهێنانی وزە لە خۆراكەوە، بە مانایەكی دیكە گرفت لە كرداری زیندەپاڵ یان میتابۆلیزمدا Metebolism .
Top