كوتان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش

كوتان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش
كوتان Vaccination ملیۆنەها منداڵ لە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت. ماكوتەی نەخۆشییەكان بەگشتی لەخودی ئەو میكرۆبانە دروست دەكرێن كە هۆكاری نەخۆشییەكانن، بەڵام بە جۆرێك بێهێزكراون یان مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا كراوە لە تاقیگەدا بۆ ئەوەی كە لەكاتی بەكارهێنانیاندا ببنە ئەگەری دروستكردنی بەرگری دژی میكرۆبەكان. بە مانایەكی دیكە، تووشكردنی منداڵ بە هەمان ئەو نەخۆشییەی كە ڤاكسینەكەی بۆ بەكاردێت، بەڵام بە شێوەیەكی سووكتر كە هەرگیز نەبێتە ئەگەری مەترسی لەسەر تەندروستی، لە هەمان كاتدا سیستمی بەرگری لەش هان بدات بۆ پەیداكردنی بەرگری دژی نەخۆشییەكە بۆ ئەوەی كە ئەگەر هەر كاتێك منداڵەكە تووشی ئەم نەخۆشییە بێت، بەئاسانی لێی چاكبێتەوە و دوچاری ئاڵۆزییەكانی نەخۆشییەكە نەبێت و هەرگیز مەترسی نەكەوێتە سەر ژیانی. لەپاش هەندێك كوتاندا بەتایبەتی ماكوتەی سیانی و ماكوتەی تێكەڵاو MMR دژی سوورێژە و گوێڕەپە، زۆرجار منداڵ دوچاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش دەبێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو ناڕحەتی و كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەڵام ئەم نیشانانە مەترسی ناخەنە سەر تەندروستی منداڵ و تەنیا بە بەكارهێنانی دەرمانی دژەتا وەكو پاراسیتۆل چارەسەر دەكرێن. بەگشتی، ئەو كوتانانەی كە لە بنكە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستاندا بۆ منداڵان ئەنجام دەدرێن بریتین لە: كوتانی BCG دژی نەخۆشی سیل، كوتانی سیانی DPT دژی نەخۆشی خەناق و كۆكەڕەشە و دەردە كۆپان، كوتان دژی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری B، ماكوتەی ئیفلیجی منداڵان كە بە شێوەی دڵۆپی دەم بەكاردێت، ماكوتەی سوورێژە و گوێڕەپە و سوورێژەی ئەڵمانی (رۆبێللا Rubella). رێنامیی هەموو دایكان دەكەین كە منداڵەكانیان بە رێكی بكوتن بەپێی خشتەی كوتان كە لە هەموو بنكەكانی تەندروستی هەرێم بە خۆڕایی پێشكەش دەكرێت، هەروەها لەكاتی هەڵمەتەكانی كوتاندا، پێویست دەكات كە منداڵەكان بكوترێن و ئەم كوتانە پێوەندی نییە بە خشتەی كوتان، واتە جگە لە هەڵمەتەكانی كوتان پێویستە كە منداڵەكانیان بەردەوام بن لەسەر خشتەی كوتان.
Top