چارەسەركردنی بێهێزی گشتی

چارەسەركردنی بێهێزی گشتی
كەمخوێنی و كەمی ڤیتامین و كانزایەكان هۆكارە سادەكانن لەپاڵ بێهێزی گشتی و زوو ماندووبووندا. هەر جۆرێكی كەمخوێنی Anemia سەرەڕای نیشانەكانی وەكو رەنگ زەردبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن Anorexia، دڵەكوتێ، سەرسووڕان، زوو لەبیرچوونەوە، بۆرژان، دەبێتە ئەگەری هەستكردن بە زوو ماندووبوون و بێهێزی گشتی. كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن Iron باوترین جۆری كەمخوێنییە كە زیاتر لەبەر كەمی كانزای ئاسن لە خۆراكدا روودەدات، هەروەها لەو كەسانەدا بەدی دەكرێت كە ریجیمی خۆراكی هەڵە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش دەگرنە بەر یان تووشی خوێنبەربوون دەبن یان نەخۆشی مشەخۆریان هەیە لە كۆئەندامی هەرسدا. ئەم جۆرەی كەمخوێنی چارەسەر دەكرێت بە پەیڕەوكردنی جۆرێكی خۆراك كە بڕێكی باشی كانزای ئاسنی تێدابێت، بۆ نموونە گۆشت، جگەری ئاژەڵ، جگەری مریشك، زەردێنەی هێلكە، نیسك، سپێناغ، بەرووبوومە پاقلەمەنییەكان. بەكارهێنانی كانزای ئاسن بە شێوەی دەنك، شروب یان بە شێوەی دەرزی هەنگاوێكی تری چارەسەركردنی كەمخوێنییە، بەڵام پێویستە كە تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆر بەكاربهێنرێت. بەكارهێنانی دەنكی كانزای ئاسن لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەندین زیانی لابەلا وەكو: سكچوونن قەبزی، شڵەژانی گەدە، تێكچوون لە كرداری هەڵمژینی هەندێك ماددەی خۆراكی لە كۆئەندامی هەرسدا. كەمی ڤیتامینەكان بەگشتی و بەشێوەیەكی سووك زۆرجار بەشێوەی هیلاكی و زوو ماندووبوون و بێهێزی گشتی لەش خۆی پیشان دەدات، پێدانی دەنك یان كەپسولی مەڵتی ڤیتامین كە هەموو ڤیتامینەكان بە بڕی دیاریكراو لەخۆدەگرن بۆ ماوەی 2- 4 هەفتە نیشانەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكەنەوە. كەمی كانزایەكانیش تا راددەیەكی زۆر دەبنە هۆی هەستكردن بە بێهێزی گشتی و زوو ماندووبوون، ئێستا بۆ دەستنیشانكردنی كەمی كانزایەكان جگە لە نیشانەكان، لە تاقیگەدا بە پشكنینی خوێن رێژەی هەموو كانزاكان دەزانرێت و چارەسەریش بریتییە لە پێدانی بڕی دیاریكراو لەو كانزایەی كە رێژەكەی لە لەشدا كەم بۆتەوە، بەڵام تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆردا، چونكە زیادبوونی رێژەی هەندێك كانزا لە لەشدا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات.
Top