بەهای خۆراكی كیوی

بەهای خۆراكی كیوی
كیوی Kiwi میوەیەكی مزرە، بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، هەرسكردن و هەڵمژینی لە كۆئەندامی هەرسدا ئاسانە. كیوی زۆر دەوڵەمەندە بە كانزاكانی كۆپەر و پۆتاسیۆم، هەروەها بڕێكی كەمتر لە كانزاكانی كالسیۆم، مەگنسیۆم، مەنگەمیز، ئاسن، زینك، فۆسفۆر. كیوی وەكو سێو رێژەیەكی باشی ریشاڵ لەخۆدەگرێت كە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن و پاراستنی كۆئەندامی دڵ و سووڕان و پاراستنی ریخۆڵە ئەستوورە(قۆڵۆن) لە تووشبوون بە نەخۆشی. كیوی رێژەیەكی بەرزی ڤیتامین C لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە تەنیا 70 گرام كیوی پێویستی رۆژانەی ئەم ڤیتامینە بۆ یەكێكی پێگەیشتوو دابین دەكات. هەروەها كیوی رێژەیەكی باشی لە ڤیتامین K تێدایە لەگەڵ بڕێكی كەمتر لە ڤیتامین A، E، B3، B6، B9 (فۆلێت). كیوی رێژەیەكی بەرزی ئاوی تێدایە، هەر بۆیەشە كە وزەیەكی بەرز لەخۆناگرێت، بۆ نموونە هەر 100 گرام كیوی تەنیا 61 كالۆری بە لەش دەبەخشێت. سوودە تەندروستییەكانی خواردنی كیوی بریتین لە: خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لە تووشبووەكانیشدا رۆڵی هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنی بەرز، سوككردنی نیشانەكانی نەخۆشی رەبو لە هەناسەتەنگی و هەوكردنەكان، خواردنی كیوی سوودی هەیە بۆ تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە لە كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن و خۆپاراستن لە روودانی ئاڵۆزییەكانی نەخۆشی شەكرە، پاراستنی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن لە نەخۆشی، هاندانی گەشە لە منداڵاندا، بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش بەتایبەتی لە بەرانبەر هەوكردنەكان بە میكرۆب، خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە، پاراستنی چاوەكان لە تووشبوون بە ئاوی سپی Cataract و لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن و پیربوون، پاراستنی قۆڵۆن لە نەخۆشی جۆراوجۆر.
Top