ماوەی نێوان ژەمەكانی خواردن

ماوەی نێوان ژەمەكانی خواردن
ئەگەر بە خێرایی خۆراك بخۆیت، درەنگتر هەست بە تێربوون Satiety دەكەیت، گەدەت پڕدەبێت كەچی هێشتا دەمت تێر خواردن نەبووە، دەرەنجام بڕێكی زیاتر لە پێویست دەخۆیت و ئەگەری ئەوەت لێدەكرێت كە دوچاری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بیت. پاش ژەمێكی تەواوی خواردن، گەدە بە تێكڕایی پاش تێپەڕبوونی 4 كاتژمێر ئینجا بە تەواوی بەتاڵ دەبێت، واتە دەتوانیت كە ژەمێكی تری خۆراك بخۆیت. گەدە دەتوانێت جێگەی پتر لەو بڕە خۆراكە بگرێت كە بۆ تێربوون پێویستە. گەدە كە پڕبوو لەخواردن نامە دەنێرێت بۆ سەنتەری هەستكردن بە برسیبوون و تێربوون كە لەمێشكدایە كەوا تێربوون ڕوویدا و ئیتر خواردن بەسە. لە حاڵەتی ئاساییدا، دواكەوتنێك كە بە 10خولەك دەخەمڵێنرێت هەیە لەنێوان پڕبوونی گەدەو ناردنی نامەی تێربوون بۆ مێشك. جگە لە پڕبوونی گەدە، ئاستی شەكری خوێنیش نامە دەنێرێت بۆ سەنتەری برسیبوون و تێربوون لە مێشكدا، بۆ نموونە دابەزینی ئاستی شەكری خوێن لە رێگەی سەنتەری مێشكەوە هەستی برسییبوونت بۆ پەیدادەكات، بە پێچەوانەشەوە ئاستی بەرزی شەكری خوێن وات لێدەكات كە هەست بەتێربوون بكەیت. ئەگەر هەستت بە برسیبوون كرد سەیری كاتژمێرەكەت بكە و دڵنیا بە لەوەی كە 4 كاتژمێر بەسەر ژەمی رابردووتدا تێپەڕبووە ئینجا دەست بە خواردن بكە. ئەگەر پاش ژەمێكی خۆراكی تەواو بە 2-3 كاتژمێر هەستت بە برسیبوون كرد، هەرگیز پەنا مەبەرە بەر دووبارە خواردن، بەڵكو وا باشترە كە لە مەسەلەكە بكۆڵیتەوە، بۆ نموونە لەوانەیە كە باری دەروونیت جێگیر نەبێت یان تووشی جۆرێك پەستی و شەكەتی دەروونی بووبیت، لەوانەشە كە بڕێكی زیادی ئاوت خواردبێتەوە لەگەڵ ژەمی خۆراكدا.
Top