باشترین 10 یاریزانی لاو لە مۆندیال 2010

باشترین 10 یاریزانی    لاو لە مۆندیال 2010
ـ رێبین ره‌مزی

لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقیا چاوەڕوان دەكرا چەندین یاریزان كە ناسراون لە مۆندیال ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن، وەكو كریستیانۆ رۆناڵدۆ و درۆگبا و كاكا و تۆریس.. تاد، بەڵام ئەم یاریزانانە تاكو ئێستا ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشكەش نەكردووە، ئەوەی جێگەی سەرنجی چاودێرانی تۆپی پێی بۆ خۆی راكێشا، كە چەندین یاریزانی لاو توانیان لەم مۆندیالە ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن، چەندین یانەی بەناوبانگی ئەوروپی هەوڵ دەدەن بۆندیان لەگەڵ مۆربكەن، ئەمەی خوارەوە باشترین دە یاریزانی لاوە لە مۆندیالی 2010.
1- بریت هۆڵمان/ ئوسترالیا
ئەم یاریزانە لە هێڵی ناوەڕاست لە باڵی چەپ یاری دەكات، توانی لەم مۆندیالە دوو گۆڵ تۆمار بكات و ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئوستراڵیا بوو لەم مۆندیالە و لە یانەی ئەلكماری هۆڵەندی یاری دەكات، ئەم یاریزانە خاون لێدانی یەكجار بەهێزە لە دەرەوەی ناوچەی سزا.
2- ئەلیكسیس سانشێز/ شیلی
راستە هەڵبژاردەی شیلی لە قۆناغی 16 ماڵئاویی لە مۆندیال كرد بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل، بەڵام توانی یاریزانێكی لاو بۆ دواڕۆژ ئامادە بكات، ئەویش یاریزان سانشێز ئەم یاریزانە بە ئاستە بەرزكەی لە گشت یارییەكان توانی جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی رابكشێت و لە هێڵی ناوەڕاست لە باڵی راست و لە یانەی ئۆدنیزی لە خولی ئیتاڵیا یاری دەكات، ئەم یاریزانە دوای مۆندیال رەنگە ئەم یانەیە جێبهێڵێت، چونكە چەندین یانە گەورەكانی ئەوروپا بۆندیان پێشكەش كردووە.
3- جۆناسان منسا/ گانا
یاریزانی لاو جۆناسان منسا لە یانەی ئۆدنیزی ئیتاڵی لە هیچ یارییەك بەشداری نەكرد بەشێوەی خواستن چووە ریزی یەكێك لە یانە پلە دووەكانی ئیسپانیا، بەڵام راهێنەری هەڵبژاردەی گانا راجیفیتچ بانگهێشتی هەڵبژاردەی گانای كرد بۆ یەكەمجار بەشداری لە پاڵەوانێتیەكی گەورە وەكو جامی جیهانی بكات، كەچی جۆناسان تەمەن 19 ساڵ، كە لە هێڵی بەرگری یاری دەكات توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، لە گشت یارییەكان وەكو یاریزانێكی سەرەكی یاری كرد، ئێستا چەندین یانەی زلهێزی ئەوروپا بۆندیان پێشكەش بەم یاریزانە كردووە.
4- مەسعود ئۆزێل/ ئەڵمانیا
كوڕە یاریزانی كوردی توركیا مەسعود ئۆزێل، كە رەگەزنامەی ئەڵمانیای وەرگرتووە و لە ریزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاری دەكات، ئەم یاریزانە توانی لە مۆندیالی 2010 ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، كە بووە جێگەی سەرنجی زۆربەی یانە گەورەكانی ئەوروپا و لە یانەی ڤێردەر برێمن یاری دەكات، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا زۆر زەحمەتە لەم یانەیە بەردەوام بێت، مەسعود ئۆزێل ئاماژەی بەو دا كە حەز دەكات لە یانەی بەرشلۆنە لە پاڵ لیونێل میسی یاری بكات.
5- ئەندری ئایۆ /گانا
ئەندری ئایۆ لەم مۆندیالی 2010 توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، ئەم یاریزانە بە توانایە لە یانەی ئەرلیس ئەفینۆنی فەرەنسی یاری دەكات، ئەم یانە بچووكە توانی ئەستێرەیەكی گەورە وەكو ئەندری ئایۆ پێشكەش بە جیهان بكات، لە هێڵی ناوەڕاست هەموو شتێكی بۆ هەڵبژاردەكەی دەكرد هەرچەندە تەمەنی بچووكە، بەڵام دوای مۆندیال رەنگە بچێتە یەكێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا.
6- كارلۆس سالسیدۆ/ مەكسیك
كارلۆس سالسیدۆ لە یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی یاری دەكات توانی لەم مۆندیالە ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، هەرچەندە یاریزانی هێڵی بەرگریە، بەڵام بەشداری لە هێرشەكان دەكردو لە باڵەكان و خاوەن خێرایەكی بەهێزی هەبوو لە هەمان كاتدا دەیتوانی بە راست و چەپ لێدانی بەهێز ئارستەی گۆڵ بكات، بە تایبەتی ئەم لێدانە بەهێزەی، كە لە یاری دژی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لە ستوون دا، بۆیە ئەم یاریزانە توانی لە مۆندیال 2010 خۆی بدۆزێتەوە.
7- تۆماس مۆلەر/ ئەڵمانیا
تۆماس مۆلەر ئەم یاریزانە لاوە لە ماوەیەكی كورتدا توانی جێگەی خۆی لە یانەی بایرەن میونیخ بكاتەوە دواتر بەهۆی ئاست بەزری بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كرا، لەم مۆندیالە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد توانی لەگەڵ بۆدۆلسكی و كلۆزە سێ كوچكەیەكی بەهێز دروست بكەن ببنە سەرهێشە بۆ گشت هەڵبژاردەكان، لە یاری هەڵبژاردەی ئینگلتەرە توانی دوو گۆڵی جوان تۆمار بكات و چەندین گۆڵی بۆ هاوڕێكانی دروستكردووە، هەرچەندە ئەم یاریزانە تەمەنی 20 ساڵە.
8- كیسۆكی هۆندا/ ژاپۆن
هەرچەندە پێش دەست پێكردنی مۆندیالی 2010 رۆژنامەكان و جەماوەری ژاپۆن رەخنەیەكی توندیان ئاراستەی ئەم یاریزانە كرد و بە لەخۆبایی بوون تۆمتەباریان دەكرد، چونكە لە تەمەنێكی بچووك بۆندی لەگەڵ یانەكانی رووسیا مۆركرد، كە ئێستا لە یانەی سیسكا مۆسكۆی رووسی یاری دەكات، بەڵام هۆندا لەم مۆندیالە وەڵامی گشت رەخنەگرانی داوە و توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و 3 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەكەی تۆمار بكات، هەرچەندە ئەم یاریزانە تەمەنی 23 ساڵە، بەڵام دوای دەرچوونی هەڵبژاردەكەی لە قۆناغی 16 رەنگە بچێتە یەكێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا.
9- جۆرجیۆس سامارانس/ یۆنان
هەرچەندە ئەم یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەی یۆنان لە مۆندیالی 2010 نەیتوانی هیچ گۆڵێك تۆمار بكات، بەڵام جۆرجیۆس سامارانس توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لە هێڵی هێرشبەر هەرچەندە بە تەنیا یاری دەكرد، بەڵام زۆربەی یاریزانانی هێڵی بەرگری بە زەحمەت ئەم یاریزانەیان پێ رادەگیرا، سامارانس تەمەن 25 ساڵ لە یانەی سیلتیك ئوسكتلەندی یاری دەكات و گۆڵكاری ئەم یانەیە، بۆیە وا چاوەڕوان دەكرێت دوای مۆندیال بچێتە یەكێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا.
10- لویس سوارێز/ ئۆرگوای
لویس سوارێز یەكێك لە یاریزانە هەرە بە تواناكانی مۆندیالی 2010 توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرگوای 3 گۆڵ تۆمار بكات و چەندین جار سەرهێشەی بۆ هێڵی بەرگری هەڵبژاردەكان دروست كردووە توانی لەگەڵ دیگۆ فۆرلان دوانێكی زێڕین دروست بكەن و بە باشترین دوانەی مۆندیال دەست نیشان كراون، ئەم یاریزانە لە یانەی ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندی یاری دەكات، رەنگە دوای مۆندیالی 2010 یانەی ئەیاكس ئەمستردام ناچار دەبێت دەستبەرداری ئەستێرەیەكی تر بێت.
ئەوەی جێگەی باسە چەندین یاریزانیتر لاو ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردووە، بە باشمانزانی تەنیا ئاماژە بەناوەكانیان بكەین.
وینستۆن رید (نیوزلەندە)، جان مۆتشا – میرۆسلاف ستۆخ (سلۆفاكیا)، ماورتسیو ایشلا (شیلی)، ئیندسۆن كافانی (ئۆرگوای)، ئۆتامیندی(ئەرژەنتین)، ئیلیا (هۆڵەندە)، بینالییۆ (سویسرا)، جیان ئاسامواە (گانا)، ئەنیاما(نایجیریا)، كلینت دیمبسی (ئەمەریكا)، تۆلیۆ تاناكا (ژاپۆن)، كوینتراو (پورتوگال).
Top