وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیارێكی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو دەردەكات

وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیارێكی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو دەردەكات
گوڵان: بەهادین جەلال
بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی هاوردنی ئاژەڵی زیندوو و بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە رێگەی ئەم پڕۆسەیە و بۆ دابینكردنی گۆشتی سووری تەندرووست و پاك بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەم بڕیارەی دەركرد:
یەكەم: مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ بەخێوكردن و قەڵەوكردن تەنیا بەوانە دەدرێت كە خاوەن پڕۆژەی ئاژەڵن و بەخێوكردن و قەڵەوكردن و پڕۆژەكانیان مۆڵەتی فەرمییان هەیە و نوێكراونەتەوە و كاری بەخێوكردنەكە بەچاودێری و سەرپەرشتیی بەشی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پارێزگا دەبێت و بەو مەرجەی مەنەفێستی هاوردن بە ناوی خاوەن پڕۆژە بێت.
دووەم: مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین لە كوشتارگەكان تەنیا بەوانە دەدرێت كە خاوەن كۆمپانیای تایبەتن بە هاوردەی ئاژەڵ و شوێنی كەڕەنتینكردنی ئاژەڵەكانیان هەیە لەكاتی گەیشتنی تا كۆتایی پڕۆسەی سەربڕینیان لە سەربڕینخانە فەرمییەكان و بەو مەرجەی مەنەفێستی هاوردن بە ناوی خاوەن مۆڵەت بێت و بەچاودێری و سەرپەرشتیی بەشی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پارێزگا پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و لەكۆتایی پرۆسەكەش سەرجەم ژمارە پێناسی ئاژەڵەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پارێزگا.
سێیەم: پێدانی مۆڵەت بەپێی بڕگەی(1.2)ی سەرەوە پێویستە راپۆرتی وەجبەی پێشوو لەلایەن داواكار پێشكەش بكرێت.
چوارەم: أ- ژمارەی ئاژەڵی هاوردەكراو بۆ بەخێوكردن و قەڵەوكردن یان سەربڕین بە پێی تواناو شوێنی كەرەنتینكردن و بەخێوكردنیان دەبێت.
ب- كێشی ئاژەڵی هاوردەو تەمەنیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی پارێزگا دیاریدەكرێت و دەبێت سەرجەم ئاژەڵەكان ژمارە پێناسیان هەبێت.
پێنجەم: لەدوای كەڕەنتینی ئاژەڵی هاوردەكراو و گواستنەوەی بۆ ئەو پارێزگایەی كە مۆڵەتەكەی بۆ دراوە جارێكی دیكە ڕێگە نادرێت بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە.
شەشەم: دەبێت هاوردەكار پابەندبێت بە ماوەی دیاریكراو بۆ هاوردەكردنەكە و بۆ ئەوانەی مۆڵەتیان پێشی ئەم بڕیارە وەرگرتووە و ئاژەڵیان لە وڵاتی سەرچاوە كڕیوە، تەنیا ماوەی دوو مانگیان پێدەدرێت بەو مەرجەی پابەند بن بە رێنماییەكان و بەم بڕیارە.
حەوتەم: ئەگەر مۆڵەتپێدراو پابەندنەبوو بەم بڕیارە و بە یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵ لەلایەن وەزارەتەوە دەخرێت لیستی رەشەوەو رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
هەشتەم: پاڵپشت بە ماددەی(6) لە سیستمی ڤێتێرنەری ژمارە(84 )ی ساڵی 1937 داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بكرێت كە لە رێگەی كەرتی تایبەت شوێنی كەڕەنتینی ئاژەڵان لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان و فڕۆكەخانەكان درووستبكرێت بۆ كەڕەنتینكردنی ئاژەڵی هاوردە.
Top