بودجەی ساڵی 2017ی عێراق پەیوەستە بە نرخی نەوت و غازەوە .... دكتۆر بێوار خنسی

بودجەی ساڵی 2017ی عێراق پەیوەستە بە نرخی نەوت و غازەوە ....      دكتۆر بێوار خنسی
دواجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی ساڵی 2017ی عێراقی پەسندكرد، لەماددەی 9ی پشكی هەرێمی كوردستاندا 17% هاتووە دوای بڕینی خەرجییە سیادییەكان كە بە نزیكەی 32%ی بودجەی گشتی دەخەمڵێنرێت، لەبەر ئەوە پشكی كردەیی هەرێم لەدەوروبەری 11%ی بودجەیە دوای بڕینی خەرجییە سیادییەكان، بۆ روونكردنەوەی ژمارەكان و پشكی هەرێم، تەنیا باسی ژمارەكان (تریلیۆن و ملیار دینار) دەكەین.

بودجەی ساڵی 2017ی عێراق بە ژمارە

1. بودجەی عێراق بە (79.011 تریلیۆن دینار) مەزەندەدەكرێت كە لە دوو سەرچاوە پێكهاتووە (فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ) كە پشكی هەرێم (17%-11% لەنێوان (13.43-8.69 تریلۆن دینار)، كە چاوەڕواندەكرێت 11% بێت واتا(8.69 تریلیۆن دینار).
2. بڕی فرۆشی رۆژانەی نەوتی خاو بە نەوتی هەرێمیشەوە بە 3.750 ملیۆن بەرمیل مەزەندەدەكرێت كە نرخی بەرمیلێك بە 42 دۆلار بخەمڵێنرێت، واتا رۆژانە 3.200 ملیۆن بەرمیل لە عێراق و 550 هەزار بەرمیلیش لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت، كەواتە داهاتی عێراق لە فرۆشی نەوت 67.950 تریلیۆن دینارە، واتا نزیكەی 86.2%ی بودجەی گشتییە، لەكاتێكدا داهاتی ناوخۆ بە (11.061 تریلیۆن دینار مەزەندەدەكرێت، واتا بە نزیكەی (13.8%)ی بودجەی گشتی.
3. پوختەی خەرجییە گشتییەكانی ساڵی 2017 بە نزیكەی( 100.671 تریلیۆن دینار) مەزەندەدەكرێت، كە دابەشبووە بەسەر دوو بەشدا( خەرجییە رەوانەكان- مووچە و هی دیكە، كە بە نزیكەی75.217 تریلیۆن دینار مەزەندەدەكرێت، واتا بە نزیكەی 68%ی پوختەی خەرجییەكان، لەكاتێكدا خەرجییەكانی وەبەرهێنان بە نزیكەی 25.454 تریلیۆن دینار مەزەندەدەكرێت، واتا بە نزیكەی 32%ی پوختەی خەرجییەكان.

4. پوختەی كورتهێنانی پلان بۆداڕێژراو بە نزیكەی (21.659 تریلیۆن دینار)مەزەندەدەكرێت، ئەمەیە ئەنجامی جیاوازیی نێوان قەبارەی خەرجییەكان (100.671 بە لێدەركردنی قەبارەی بودجەی گشتی 79.011 تریلیۆن دینار).
5. حكومەتی فیدڕاڵ مانگانە كورتهێنانی بودجە لە خەرجكردنی خەرجییەكانی رەوان و وەبەرهێنان چارەسەردەكات بە پشتبەستن بە راكێشانی پارە لە بانكی ناوەندیی عێراق و لە قەرزی بیانی، بەڵام پشكی هەرێم نادات لەو پارەیەی كە لە بانكی ناوەندیی عێراق و لە قەرزی بیانی رایدەكێشێت.
6. بڕی(112.906 ملیار دینار) وەك یەدەگ بۆ فریاگوزاری دانراوە وەك( زەمین لەرزە و زریان و لافاوو وشكەساڵی و ئاگركەوتنەوە و شتی دیكەی دیاردە سرووشتی و مرۆییەكان) چاوەڕوان دەكرێت هەرێمی كوردستان رێژەی17%-11% لەنێوان(12.32- 19.4 )ملیار دینار)ی دەست بكەوێت .
7. تەرخانكردنی بڕی 500 ملیار دینار بۆ ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدانی هەرێمەكان لەوانەش كوردستان، بەمەش چاوەڕواندەكرێت هەرێم رێژەی(11%-17%) لەنێوان(61-85) ملیار دینار)ی دەست بكەوێت.

8. 5%ی داهاتی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو دەدرێت بە پارێزگاكان، هەروەها 5%ی داهاتی غازیش بە هەمان شێوە، 5%ی نەوتی خاویش كە لە پاڵاوتگەی نەوت پاڵێوراوە دەدرێت بە پارێزگاكان، بەڵام ئاستی بەرهەم لە داهاتەكانی هەر سێ جۆر لە( نەوتی خاو، داهاتی نەوتی پاڵێوراو و داهاتی غازی سرووشتی)دیاری نەكراوە.
هەر پارێزگایەك یەكێك لەو داهاتانە هەڵدەبژێرێت، هەردوو پارێزگای كەركووك و بەسڕە لە پارێزگا زیانلێكەوتووەكان دەبن، چونكە هەر سێ داهاتی هەیە ( نەوتی خاو، داهاتی نەوتی پاڵێوراو و داهاتی غازی سرووشتی).

ئەو كێشانەی رووبەڕووی بودجەی ساڵی 2017ی عێراق دەبنەوە

1. بودجەی عێراق لەگەڵ ئابوورییەكانی شەڕدا ناگونجێت (شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش)، بەڵكو بودجەی عێراق لەگەڵ ئابوورییەكانی ئاشتیدا دەگونجێت (بەتایبەتی دوای ئازادكردنی موسڵ و كۆتایی شەڕ لە عێراقدا) كە زەحمەتە ئەمە لە ساڵی 2017دا بێتەدی. واتا عێراق بودجەیەكی ناسەقامگیری دەبێت، بەتایبەتیش لەسایەی ئەو ناسەقامگیرییە و هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت كە لەجیاتی كۆنتڕۆڵی ئابووریدا كەوتۆتە ژێر كاریگەریی سیاسەتی جیهانییەوە.
2. زیادبوونی پشتبەستن بە نەوت وەك داهاتی بنەڕەتی كە دەبێتەهۆی زیادبوونی كێشە بۆ ئابووری و بێكاری و هەڵئاوسان، هەروەها بۆسەر كورتهێنانی پلان بۆداڕێژراوی بودجەی ساڵی 2017، هاوكات بۆ سەر كەمكردنەوەی گەشەی ئابووری لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان.

3. لەسایەی خراپ بەكارهێنانی داهاتەكانی نەوت و هی دیكەدا كێشەكان لەعێراق ئاڵۆزتردەبن، هەروەها لەبەر نەبوونی یاسای نەوت و غاز و ئەو لاوازییەی دامەزراوەكانی كەرتی نەوتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان گرتۆتەوە.

4. نەبوونی دەستەی بێلایەن كە سەرپەرشتی وردبینیی داهاتەكانی نەوت و هی دیكە بكات و مانگانەش بەسەر پارێزگاكان و هەرێمدا دابەشی بكات بەپێی پلانی بودجەی عێراق، بۆیە هەرێم دەكەوێتە ژێر رەحمەتی حكومەتی عێراق و چاوەڕوانیش ناكرێت بارودۆخەكە لە ساڵی 2017دا لە ساڵانی ( 2014 و2015 و2016) باشتر بێت.
5. لە سایەی بارودۆخی ئێستادا، دەكرێ بودجەی ساڵی 2017 یەكسانی لەنێوان هاووڵاتیاندا بێنێتەدی، بەڵام دادپەروەرییان لەنێواندا ناهێنێتەدی!.
6. سەركەوتنە سەربازییەكان لە سایەی لاوازیی دامەزراوە دەستوورییەكاندا گیانی لەخۆباییبوون و هێز دێنێتە كایەوە، بۆیە ئەگەر ئەمە دوای كۆتایی شەڕ لە عێراق بێتەدی (شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش) ئەوا عێراق و ناوچەكە بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەكەوێتە دۆخێكەوە كە شارەزایان بە دوورخستنەوەی ئاگری مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكەن، بەڵام زەحمەتە پێشبینیی ئەنجامەكەی بكرێت دەربارەی ئاییندەی عێراق و ناوچەكەو هەرێمی كوردستان.
7. سامانە سرووشتییەكان، بەتایبەتیش نەوت و غاز كە پێشتر و ئێستاش رۆڵی سەرەكی هەیە لە دیاریكردنی ناسنامەی عێراق فیدڕاڵ و شێوەی سیستەمە كارگێڕییەكەی لەعێراق دوای كۆتایی شەڕ لەعێراق (دوای ئازادكردنی موسڵ). باشترین بژاردە بریتییە لە گرتنەبەری سیستەمی پارێزگاكان كە كەشوهەوایەك لە سەقامگیری و ئاسایش و رێكخستنی ئابووری و كارگێڕی بۆ عێراق و پارێزگاكان و هەرێم دێنێتە ئاراوە.

خوێندنەوەیەكی رەوشی دارایی لەنێوان بەغداو هەولێر

1. قەبارەی كورتهێنانی دارایی لە بەغدا بە (21.659 تریلیۆن دینار) مەزەندەدەكرێت، لەكاتێكدا لە هەولێر بە 20 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.
2. حكومەتی بەغدا سوود لەپارەی بانكی ناوەندیی عێراق دەبینێت بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی دارایی خۆی، هیچ زەمانەتێكیش نییە كە پشكی هەرێم لەو پارەیە بدرێت.
3. ئەگەر حكومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم رۆژانە نەوت بە بڕی (3.750 ملیۆن بەرمیل) بە نرخی 42 دۆلار بفرۆشێت، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵ مانگانە (4.750 ملیار دۆلار)ی دەست دەكەوێت. ئەگەر حكومەتی بەغدا بەپێی پلانی بودجەی عێراق بڕی (3.200 ملیۆن) بەرمیل بە نرخی خەمڵێنراوی 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بفرۆشێت، ئەوا بەغدا مانگانە نزیكەی (4.095 ملیار دۆلار)ی دەست دەكەوێت، ئەگەر مەزەندەبكەین كە حكومەتی هەرێم بەپێی ئەوەی لە بودجەی عێراقدا هاتووە رۆژانە 550 هەزار بەرمیل بفرۆشێت بە نرخی 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا هەرێم مانگانە (693ملیۆن دۆلار)ی دەست دەكەوێت، لەكاتێكدا نرخی نەوتی هەرێم لە نرخی گشتی كەمتر بێت بە نزیكەی (5-10 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك، بۆیە ئەگەر نەوتەكە بە هەمان بڕ و بە نرخی هەر بەرمیلێك بە(32-37 دۆلار) ملیۆن بفرۆشێت، ئەوا هەرێم مانگانە داهاتەكەی لە فرۆشی نەوت دەگاتە (528-610) ملیۆن دۆلار، لێرەدا مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقدا لە فرۆشی نەوت دەردەكەوێت كە ئاسانترو مسۆگەرتر و كەم كێشەتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ بەغدا لەسایەی ئەو بارودۆخەی ئێستا، لە حاڵەتی پابەندبوونی هەردوولا( بە بڕی هەناردەكردن و دابەشكردنی داهات لە كاتی دیاریكراوو و بەپێی رێژەی پشكی هەرێم)، بەڵام ئەم شتە زەحمەتە مسۆگەر بێت و بێتەدی لە سایەی نەبوونی دەستەی بێلایەنی سەرپەشتیاری سەر نەوت، هەروەها نەبوونی لایەنی سێیەم لەمێوان بەغداو هەولێر بۆ ئەوەی هەردوولا پابەندبكات و دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهاتی نەوت بێنێتەكایەوە لە نێوان هەردوولا و بەو پێیەی دیاریكراوە پشكی هەرێمی لێ بدرێت.

4. ئەوەی جیاوازە لە مەسەلەی پشكی هەرێمەوە هەیە لە فرۆشی نەوت بریتییە لەوەی كە لە بودجەی عێراقدا هاتووە لە جیاكردنەوەی نەوتی كەركووك 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە نەوتی هەرێم 250 هزار بەرمیل لە رۆژێكدا. وێڕای ئەمەش ناردنی نەوتی كەركووك بە بەندەری جەیهانەوە بەسترایەوەو دواتر رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت لەبەرامبەر پێدانی مووچەی 682 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە هەرێمی كوردستان كە بە 317 ملیار دینار مەزەندەدەكرێت، لەكاتێكدا كە ژمارەی فەرمانبەرو خانەنشینان نزیكەی 1.4 ملیۆن كەسە كە مانگانە 880 ملیار دیناری پێویستە.

5. بەپێی بودجەی ساڵی 2017ی عێراق بڕی 3.8% لە مووچەی فەرمانبەران كە لەسەرەوە دیاریكراوە لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕدرێت، سەرباری ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتیی پێدانی شایستەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی دەكەوێتە ئەستۆ كە لە كوردستان كاردەكەن.
6. تەرخانكردنی بڕی 2.5 ملیار دۆلار بۆ كڕینی چەك بۆ هێزەكانی عێراق بێ ئەوەی باسی پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت. وێڕای تەرخانكردنی 23% لە پوختەی خەرجییەكانی بودجە بۆ كەرتی ئاسایش و بەرگری.

7. مەسەلەی خەرجكردنی مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە (بە بڕینی بەشێكی مووچەو خەرجییەكانی هێزی بەرگری بۆ پارەداركردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە) بەبێ بوونی هیچ گەرەنتییەك لە پێدانی مووچەی پێشمەرگە.

ئاستی بەرزركردنەوەی نرخی نەوت چارەسەری قەیرانی دارایی دەكات لە هەرێم و عێراق

چەندین فاكتەر دەركەوتوون كە دەبنەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێكی نەوتی خاو بۆ نزیكەی 55-60% دیارترینیان:
1. بڕیاری دوا كۆبوونەوەی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت بە كەمكردنەوەی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كە بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بۆ نزیكەی 10% بەر لە دەستپێكردنی جێبەجێ كردنی بڕیارەكە لە 1-1-2017.

2. كۆبوونەوەی رێكخراوی ئۆپێك لەگەڵ دەوڵەتانی سەربەخۆی هەناردەكاری نەوت ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ پشتیوانیكردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە حاڵەتی بەشداریكردنی دەوڵەتانی سەربەخۆی هەناردەكاری نەوت لە كەمكردنەوەی بەرهەمەكانیان، لەوانە رووسیا ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ كەمكردنەەی پشكی هەناردە بە نزیكەی 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لەمەشدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لەلایەن رووسیاوەو 300 هەزاریش لەلایەن دەوڵەتانی دیكە (كەنەدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەریتانیا،مەكسیك، نەروێژ)ەو هەندێ دەوڵەتی دیكەی هەناردەكاری نەوت. كۆبوونەوەكە بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی 588 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە دەوڵەتانی نائەندام لە ئۆپێك، بڕیارەكەش لە 1.12.2017 جێبەجێ دەكرێت، بەپێی بڕگەی 1و2 كە لەسەرەوە دیاركراوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو رۆژانە بۆ ملیۆنێك و 758 هەزار بەرمیل كەم دەكرێتەوە. ئەمەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ نزیكەی 56-60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كە رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت بۆسەر بودجەی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت و لەوانەش بودجەی عێراق و هەرێمی كوردستان.

3. پاشەكشەی یەدەگی نەوتی ئەمریكا لەنزیكەی 4.9 ملیار بەرمیل لە 30-10-2016 بۆ نزیكەی 0.88 ملیار بەرمیل، ئەمەش داخوازیی سەر نەوت زیاددەكات، لەبەرامبەر پاشەكشەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە تێكڕایی 1.758ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كە دەچێتە قۆناخی جێبەجێ كردن لە 1-1-2017، شایانی باسە یەدەگی جیهانیی نەوت تەنیا بەشی 50-56 رۆژ دەكات، بۆیە كاریگەریی بۆسەر نرخی نەوت سنووردارە.

4. هاتنەناوەوەی دەوڵەتانی نیوەی باكوور لە وەرزی پاییزو زستانی سارد داخوازی بۆ گەرمبوونەوە زیاتردەكات، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی قەبارەی داخوازی بۆ نەوتی خاو و غاز لە بازاڕەكانی جیهاندا، سەرباری كێشەو تەگەرەكان كە كاردەكەنە سەر پڕۆسەی نەوت لە سەرچاوەكانی دەرهێنان و رێگاكانی گواستنەوەو پاڵاوتن و دابەشكردن ئەمەش بە ئەرێنی كاریگەریی دەبێت بۆسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو.

5. ئاماژەی دوا كۆنگرەی نەوت و غاز بۆ هەرێمی كوردستان كە بەم دواییە لە لەندەن سازكرا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی خاو بۆ نزیكەی 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هاوكات لەگەڵ ئەو ئاماژانەی سەرەوە تایبەت بە بەرزكردنەوەی نرخی نەوتی خاو لەسەرەتای ساڵی 2017 بۆ نێوان 55-60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لەهەرێم چارەسەردەكات. هاوكات بنەماكانی ئابووریی بەهێزدەكات، بەتایبەتیش لەحاڵەتی دووبارە هەڵسەنگاندنی واقیعی ئیدارەكردنی نەوت و رێكخستنی بەشێوەیەكی باشتر لەمیانی سوودوەرگرتن لەشارەزایی كۆمپانیای(دیلیۆت) بۆ بودواداچوون و وردبینیی لەئیدارەدانی دۆسێی نەوت لەهەرێمدا.

چارەسەر و پێشنیار

1. وا باشترە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەلە نەكات لە(رەزامەندی، یان رەتكردنەوە)ی بودجەی عێراق بەهۆی بوونی كەلێنی فراوان لەو بودجەیەدا كە ئەمەش دەبێتە ئەستەم بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی لەهەرێم.
2. پەلە كردن بۆ سازكردنی وۆرك شۆپێكی تایبەت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی ساڵی 2017ی عێراق بە مەبەستی دیاریكردنی لایەنی نەرێنی و ئەرێنیی ناو بودجەكەو بەراووردكردنی لەگەڵ رەوشی ئێستا و ئەو تەحەددیانەی كە رووبەڕووی هەرێم و عێراق دەبنەوە، هەروەها كاریگەریی بۆسەر ئابووریی عێراق و هەرێم، ئەو وۆرك شۆپە دەبێتە هەنگاوێك و بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی چاكترین چارەسەر لەگەڵ بەغدادا بۆ مسۆگەركردنی رزگاربوونی هەرێم لەو قەیرانە داراییەی ئێستا و دەرهاویشتەكانی ئەو قەیرانە بۆسەر سەرجەم كایەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستاندا.
Top