بە چاودێریی وەزیری كشتوكاڵ وۆرك شۆپێك دەربارەی ئاوی ژێر زەوی سازكرا

بە چاودێریی وەزیری كشتوكاڵ وۆرك شۆپێك دەربارەی ئاوی ژێر زەوی سازكرا
گوڵان/ بەهادین جەلال
بە چاودێری و ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەكانی ئاو وۆرك شۆپێكی دەربارەی ئاوی ژێرزەوی بە ناونیشانی (پاراستنی ئاو ئەركێكی ئایینی و نیشتمانییە)سازكرد، لە وۆرك شۆپەدا ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆو بەڕێوەبەرانی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و نوێنەرانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری هەولێرو پسپۆڕو شارەزایانی بواری ئاو ئامادەبوون، سەرەتا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە وتەیەكدا دەستخۆشی سازكردنی ئەم وۆرك شۆپەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەكانی ئاو كردو باسی لە گرنگیی ئاو كرد كە وڵاتان وەك چەك و شەڕی ئاو دژی وڵاتان بەكاری دێنن و لەم رووەوە هەوڵی هەندێ وڵاتانی دراوسێی لە دروستكردنی بەنداو بە نموونە هێنایەوەو رایگەیاند كە وەزارەت تەنیا بە دروستكردنی پۆندو بەنداوو دەتوانێت رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببێتەوە،هاوكات وشیاریی كۆمەڵگای لە بەكارهێنانی ئاو بە پێویست زانی كە ئێستا بە هەزاران بیر لە شارەو شارۆچكەكان لێدراوەو بەمەش ئاوی ژێر زەوی تا رادەیەكی زیاد لە پێویست كەمیی كردووە، ئاماژەشی بەوە كرد كە لەئێستادا 67%ی ئاوی دەرهێنراو بە هەدەردەڕوات، تەنیا لە هەولێر نزیكەی 11 هەزار بیر لێدراوە كە پارێزگاكە پێویستیی بە 1500 بیرە، ئاماژەشی بە رێكاری توند كرد كە دامەزراوەكانی وەزارەت دژی سەرپێچیكاران گرتوویانەتەبەر، لەكۆتاییدا جەختی كردەوە كە ئەم وۆرك شۆپە بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوون و شارەزایانە دەربارەی گرفتی كەمیی ئاوی ژێر زەوی و چۆنێتیی پاراستنی ئەم سامانە لە رووی نیشتمانی و ئاینییەوە، ئینجا محەمەدەمین فارس بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو بە داتا و خشتە باسی لە مێژووی بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەوی كردو لەم بارەوە روونی كردەوە كە یەكەم بیر لە هەولێر لە شارۆچكەی بەحركە لە ساڵی 1935 لێدراوە، دواتر هاتە سەر ئاماژەكردن بە فەرمانگەكانی ئاوی ژێر زەوی و داتا و فەرمانگەكان و بە ژمارە رایگەیاند كە زیاتر لە 21 هەزار بیر لە كوردستان بە مۆڵەت و 22560 بیریش بێ مۆڵەت لێدراون، 2361 كانیاو هەیەو 2590 كارێزیش هەن كە زۆربەیان وشك بوونە، دواترلە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە تایبەت بە تەوەرو بابەتە پەیوەندیدارەكانی ئەم وۆرك شۆپە، لە میانی ئەم وۆرك شۆپەشدا ئامادەبووان لە مامۆستایانی زانكۆو پسپۆڕان و بەڕێوەبەرەگشتییەكان بە تێبینی وسەرنجەكانیان باسیان لە كێشەو گرفتەكان كرد، وۆرك شۆپەكەش ئەم تەوەرانە لە خۆگرتبوو:

* بارودۆخی ئێستای ئاوی ژێر زەوی

* كاریگەریی ئامێری پایل و ئامێرەكانی دیكەی بیرهەڵكەندن لەسەر ئاوی ژێرزەوی و پێكهاتەكانی زەوی

* ژمارەی زۆری بیرو گۆڕانی كەش و هەوا و كاریكەرییەكانیان لەسەر ئاوی ژێرزەوی.

* چۆنییەتی چارەسەركردن و مامەڵەكردن لەگەڵ دەزگاكانی بیرلێدانی پایل و ئامێرەكانی دیكە.

* ستراتیژییەت و پلان بۆ ئاوی ژێرزەوی.

* رێنمایی هەڵكەندنی بیری ئاو.

* چۆنێتیی پەرەپێدان و پاراوكردنی ئاوی ژێرزەوی.

* بابەتی دیكەی تایبەت بە ئاوی ژێر زەوی.
Top