گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی چبسی پەتاتە لەهەولێر کرایەوە

گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی چبسی پەتاتە لەهەولێر کرایەوە
گوڵان/ بەهادین جەلال



بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامادەبوونی جێگری كونسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و نوێنەرانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و ژمارەیەكی زۆری میوانان، ئەمڕۆ كارگەی بەیروت ئەربیل بۆ بەرهەمهێنانی چبسی پەتاتە كە (كۆمپانیای نەهار ئەورادی و كۆمپانیای BEPP و وەزارەتی دەرەوەوی هۆڵەندا پاڵپشتی و سەرپەرشتی دەكەن) كرایەوە.



سەرەتا عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە وتەیەكدا وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی ئیداری و تەكنیكی كارگەكە سوپاسی كردن لە پاڵپشتیكردنی جووتیاران بە كڕینەوەی راستەوخۆی بەرهەمی پەتاتە، دواتر ئاماژەی بەوە دا كە وەزارەت هەر لە ساڵی 2008 ەوە دەستی بە گرنگیدان بە چاندنی پەتاتە كردووەو ئەو كاتەش بەرهەمەكە تەنیا یەك هەزار تەن بووە لە ساڵێكدا، بەڵام بۆ ساڵانی دواتر زیادیكرد تا لە ساڵی 2016 بڕی هاتوو گەیشتۆتە 243 هەزار تەن كە لە بەشی خۆمان زیادبووە، بە نیازین ئەم ساڵ 500 تەن هەناردەی رووسیا بكرێت وەك ساڵانی رابردوو كە بۆ سعودیە و وڵاتانی دیكەش نێردراوە.



وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی لەوەش كردەوە كە ئەم ساڵ 3400 تەن بنەتۆی پەتاتەمان بە پاڵپشتی 25% داوەتە جووتیاران، ئامانجی ئەو كارگەیەش بۆ بەپیشەسازیكردنی پەتاتەیە، دەربارەی دۆزینەوەی بازاڕیش بۆ پەتاتەو بەرهەمەكانی دیكەی كشتوكاڵی روونی كردەوە كەئامادەین پاڵپشتی بازرگان و كۆمپانیاكان بكەین بۆ هەناردەكردنی ئەوەی كە زیادە، هاوكات بۆ درووستكردنی ساردخانە تاكو جووتیاران زیانیان پێ نەگات، دواتر جێگری كونسوڵی هۆڵەندا لە وتەیەكدا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ كارگەكە دووپاتكردەوە بە تایبەتیش لە دابینكردنی بنەتۆی ئەو جۆرە پەتاتانەی كە بۆ چبس دەگونجێت، هاوكات سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كوردستانی كرد كە پاڵپشتی جووتیاران و كەرتی تایبەت دەكات بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە پڕۆژانە.



دوابەدوای ئەویش شەعبان نەهار بەڕێوەبەری گشتیی كارگەكە سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كرد كە بەردەوام پاڵپشت و هاندەر بووە بۆ دامەزراندنی كارگەكە، روونیشی كردەوە كە تا ئێستا كارگەكە 8000 تەن پەتاتەی لە جووتیاران كڕیوەتەوەو بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە كە دەكرێتە چبس زیاتر لە 19 هەزار تەنە و رۆژانەش 2 تەن و نیو پەتاتە دەخاتە كارگەوە بۆ بەهەمهێنانی چبسەكە، ئینجا بەنێو كارگەكەدا گەڕان و سەرجەم بەشەكانی بەرهەمهێنانیان بەسەركردەوەو لەنزیكەوە بە هەنگاوەكانی بەرهەمهێنان و ئەندازیاران و ستافی كاركردن ئاشنابوون، شایانی باسە كارگەكە لەسەر رووبەری 47 دۆنم زەوی دامەزراوەو تازەترین و گەورەترین كارگەیە لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو هەلی كاریشی بۆ زیاتر لە 300 كەس دابینكردووە و بەرهەمەكەشی بەناوی MR.KRISPER لە بازاڕ دەفرۆشرێت.


Top