دواخستنی منداڵبوون بۆچی دەگەڕێ

دواخستنی منداڵبوون بۆچی دەگەڕێ
مرۆڤ خاوەنی ئومێدو خەونێكی گەورەیە لەدوای پێگەوە نانی ژیانی هاوسەری لە بەدیهێنانی ژیانێكی بەختەوەر، بە تایبەتی لە بوون بە خاوەنی منداڵ و بە دەستهێنانی دایكایەتی و باوكایەتی، منداڵ بوون بە هەموو قوورسایی و ناخۆشییەك و تراژیدیایەك خۆشی خۆی هەیە و پێداویستییەكی گەورەی مرۆڤە، بەڵام ئەمە بە هۆی بارودۆخەكەی ئەمڕۆی كۆمەڵایەتی و ئابووری و شێوازی بیر كردنەوەی كەسەكانەوە وایانكردووە، بەدەستهێنانی ئەم ئومێدە لە بوون بە خاوەنی منداڵ لەسەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە دواخرێت، ئەمڕۆ زۆربەی ئافرەت و پیاو بە تایبەتی لە شارە گەورەكاندا مەسەلەی منداڵ بوون دوابخەن، ئەمەش لە ژێر دەیان پاساوی جۆراوجۆرەوە..
بەمەش كۆمەڵێك پرسیار دەوروژێنرێت، كە ئایا دایكان بۆچی منداڵ بوون دوادەخەن ؟ ئەو ئاستەنگ و گرفتانە چین كە دەبنە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی منداڵ بوون؟
ئەو كاتەی بەشیمانی دادی كەس نادات
خاتوو سەرگوڵ لە تەمەنی بیست ساڵیدا بوو كاتێك پرۆسەی هاوسەرگیری پێكهێنا، ئەو دەم بە هۆی سەفەركردنی لەگەڵ مێردەكەیدا بۆ وڵاتی سوریاو سەرقاڵییان لە كاری رۆژانەی ژیان و بە پاساوی خۆ پێگەیاندن منداڵ بوونیان دواخست، هاوسەرەكەم بەبەردەوام سەرقاڵی كاری بازرگانی بوو، كاتێك ویستمان منداڵ مان بێت ئەو ئومێدو هیوایەمان نەهاتە دی، ئەوەتا دكتۆرو شێخ و شار نەما سەردانی نەكەین كەچی منداڵمان نابێت، ئێستاكە لە خانوویەكی گەورەدام و هەست بە تەنیایی دەكەم، ماڵی بێ منداڵ لە بیابان و تەنیایی زیاتر هیچی تر نییە، تووشی حاڵەتێكی دەروونی ناخۆش بووم، تەنانەت ژووری تایبەتیشم بۆ ئەو منداڵە دروست كردووە كە هێشتا لە دایك نەبووە، رۆژانە سەیری منداڵەكانی گەڕەك دەكەم و كاتێك بۆ ماڵەوە دێمەوە تێر تێر دەگریم، ئێستا پەشیمانم خۆزگە منداڵبوونم دوانەخستایە.
* سێوێكی شیرین
هەبوونی منداڵ بەرهەمی هەموو زەواجێكە لەدوای ژیانی هاوسەرگیرییەوە، لەراستیدا منداڵ وەكوسێوێكی شیرینی ژیان دەبینرێت، خۆم یەكێكم لەوانەی حەز بەزیاد لەرێژەی (1-2)منداڵ ئەكەم برواناكەم كەسئ هەبئ هەست بەخۆشی هەبوونی منداڵ نەكات، بەڵام هەبوونی منداڵیش پێویستی بەكاتێكی گونجاو هەیە كاتێ كە تێگەیشتن و گونجان لای هاوسەران روون بوویەوە ئەو كاتە دەبێ بیرلەهەبوونی منداڵ بكەینەوە بەڵام پێم وایە بوونی رێژەی منداڵ لەئاستێكی دیاریكراو بەپەروەردەیەكی باشتر دێتە بەرهەم..
* هۆكارەكان
بەش بەحاڵی خۆم ئەم دواخستنه بۆ چەند لایەنێك دەگەڕێنمەوە لەوانە: بەرزبونەوەی ئاستی هۆشیاری خێزان كەوا ئافرەتانمان هۆشیارترن وەك لەرابردوو لەئێستادا زیاترگرنگی بەپێداویستییەكانی منداڵ دەدەن هەرلەبژێوی ژیان وخستنە بەرخوێندنیان ودابین كردنی كەشێكی ئارام بۆیان و، نەبوونی كات بۆ بەخێوكردنی منداڵ، چونكە زۆربەی زۆری ئەو ئافرەتانەی رێگرن لەبەردەم دواخستنی منداڵ ئافرەتانی دەرەوەن و فەرمانبەرو مامۆستان..هەروەها كێشەی نیشتە جێبوون وەك هەموومان دەزانین حكومەتی هەرێم كاری بۆنیشتەجێبوون كەمكردووە، بەڵام هێشتا بەرادەی پێویست نییه، چونكە هاوسەر هەبووە شوێنی خۆیان نەبووە چ جارئ بیرلەدروستكردنی منداڵ بكەنەوە و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی لەرۆژگاری ئەومرۆماندابەراستی رێگرە لەبەردەم دابین كردنی پێداویستییەكان و بڕیاری دواخستنی منداڵ یەكێ لەهۆكارەكانی تر لەرابردووبەتایبەت ئەوانەی لەلادێكان دەگوزەران بەپێی كاری رۆژانەیان بیریان لەزۆرهێنانە كایەی منداڵ ئەكردەوە، پیاوەكانیان زیاتر لەدووژنیان هێناوەو بۆزیاترپێویستبوونی كاری رۆژانەیان و زیاتر بوونی نەوەكانیان لەئاییندەدا
* ژیانی منداڵ حەقێكە بەسەر
دایك و باوك
هێنانە كایەی منداڵ خەونی هەموو دایك و باوكێكە دوای پێكهێنانی هاوسەرگیری، كەئاوته خوازە منداڵی هەبێت و هەوڵ دەدەن لەمنداڵێ زیاتریان هەبێت چ بەهۆی ئارەزووی كەسایەتیان بێت یاهۆكاری تری كۆمەڵایەتی بێت، جائەمە لەرۆژگارێكی دوور لەئێستادا هەوڵئەدرا رێژەی منداڵ بەرزبێت، بەڵام ئەمڕۆكە بیركردنەوەی دایك و باوك گۆڕانی بەسەرداهاتوو نایانەوێت لەمنداڵێك و دوومنداڵ زیاتریان هەبێت بەرێژەیەكی سەرەكیش دەگەرێتەوە بۆئەوموچە كەمەی فەرمانبەران ومامۆستایان كەوابەشی خەرجییەكان و پێداویسشتییەكانی ماڵ ومنداڵ ناكات لەرووی خوێندن وجلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون ئەمانە هەمووی دەبێتە كێشەنانەوە لەنێوخێزان و تێكچونی باری دەروونی ئەومنداڵەو بەشێوەیەكی باش پەروەردەنەكردنی لەئەنجام ئەوكەسایەتییە دروست نابئ كەواكۆمەلگە چاوەرێی دەكات لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی منداڵیش داواكارییەكان لەگەڵی زیادەبن، كەوائەم پێداویستییانە لەلایەن هاورێكەی یاخود دراوسێكانی یاهاوپۆلەكەی ئەبینرێت لەگەل دابین نەكردنی ئەم پێداویستیانە بۆی ئەوائەم منداڵە تووشی بیركردنەوەو دەرەنجامێكی ئالۆزوخراپ دەبێت، كەوارەنگە نەخۆشییە دەروونییه كان لەلایەن كەسایەتی ئەم منداڵەوە سەرهەڵبدات، بۆیە داوالەدایكان ئەكەم گەرئامادەی دروستكردنی ئەوژینگە لەبارەو دابینكردنی پێداویستییەكانیان نەبوون بارێژەی لەدایكبوونی منداڵان بەرزنەكەنەوە بۆئەوەی خێزانێكی تەندروست بێتەكایەوە، چونكە منداڵ گوڵی ماڵ و ئارامگەی باخچەی دڵی دایكان و باوكانە و منداڵ حەقی بەسەردایك و باوكانەوە هەیە چ لەرووی ئایینی كۆمەلایەتی رەوشتی دەبئ باشترین ژینگەی بۆ برەخسێنرێت و بۆبنیادنانی كۆمەڵگایەكی بەهێزیش..
*لەبەرژەوەندی هەردوولایەنە
هەڵبەت هاوسەرگیری پرۆسەیەكی پیرۆزە لەنێولەم پرۆسەیەشدا رێزگرتن و خۆشەویستی و بەهای كەسایەتی ئەم دوورەگەزە ئاوێتەی یەكتردەبن، بەرهەمی ئەم دوورەگەزەش خستنەرووی منداڵە، منداڵیش جۆرە خۆشەویستییەكی تردروست دەكات لەنێوان دایك و باوك، چاودێریكردن و پەروەردەكردنی منداڵ دەكەوێتە ئەستۆی دایك و باوك، ئەمەش ئەركێكی قورسە بەتایبەتی بۆدایك و باوكی فەرمانبەر،چونكە منداڵ بەدرێژایی رۆژلەسۆزی دایك و باوك بێبەش دەبێ لەبەرئەوە من وەكوئافرەتێكی فەرمانبەر لەسەربریاری خۆم و زیاتری پیاوەكەم بڕیاری دواخستنی منداڵی دووەممان داوە و دوایی بخەین، ئەمەش لەبەرژەوەندی هەردوولامانەو ژیانمان ئاستەنگی ئەوەندە پێوە دیارنابێت.
*دەبێ پێش وەخت بڕیاربدرێت
بەبیروبۆچوونی من سەبارەت بەبڕیاری دواخستنی منداڵبوون ئەبێ بەرلە پرۆسەی هاوسەرگیریبوون ئەم كێشەیە یەك لاكرابێتەوەو بڕیاری لەسەردرابێت، چونكە دواتردەبێتە هۆی كێشە دروستبوون و دەكەوێتە سەر رادەی هۆشیاری رەگەزەكانیشەوە تاچەند بڕیاری دواخستنیان دەچێتە قاڵبی بەرژەوەندی یەكترەوە و كاروپیشەی ئافرەتەكەو پیاوەكەش كاردانەوەی بەسەرئەم بریارە دەبێت لەئێستاشدائەم بڕیارە زۆرجێبەجێدەكرێت لەلایەن هاوسەرانەوە بەهۆی بەرزبونەوەی رادەی خوێندن و هۆشیاری تاكەكانی كۆمەلگەو سەختی بژێوی ئابووری.
*خۆشەویستی من و پیاوەكەمی فراوانتركرد
جگە لەوەی كۆمەڵی هۆكارهەن لەدەرەوەی ئیرادەی مرۆڤەكانن واتە كێشەیەك نییه لەنێو ماڵەكەیاندا كە چارەسەری گونجاویان بۆدەسەبەربكات، لەگەڵ ئەوەی بەتێپەڕبوونی كاتێكی زۆر ئەم هۆكارانە چارەسەر دەبێ، ئەویش كاتێكە كەوازۆردرەنگ دەبێ، بەڵام یەكێ لەورێگرە باوەی ئەمرۆ لەژیانی تەواوی ئەم هاوسەرانە بەدی دەكرێت كەبریاری دواخستنی منداڵبوون دەدەن كێشەی سەرقاڵی خوێندن و چونەدەرەوەی ئافرەتان و پیاوەكانە بەهۆی دەوامكردنیان، كەجگە لەخوێندن ئیشێكی دیكەیان بەدەستەوە نی یه بۆبەرێوەبردنی رەوشی خێزانداری لەگەڵ ئەوەی من وهاوسەرەكەم بریارماندابوو منداڵبوون دوابخەین، بەڵام لەدایكبوونی منداڵەكەمان هێندەی تر خۆشەویستی نێوان من و پیاوەكەمی فراوانتر كرد.
*بابەتێكی زیندووگەرم و گورە
من ئاشنام بەئاكام و گرفتی ئەم دیاردەیە و زۆریش گرنگە لەوروژاندن وراڤەكردنی بابەتەكاندا پشت بەسەرچاوەی زانستی باوەرپێكراوببەستین ئەم دیاردەیە لەكۆمەڵگەی دانیمارك و ئەسكەندینافیا بابەتێكی زیندووگەرم وگوری نێو لاپەرەی میدیاكان و توێژەران بوو، دانیمارك 15ساڵ بوو ژمارەی دانیشتووانی لە5ملیۆن تێپەڕی نەئەكرد، گەرچی توێژی پیران لەبەرزبوونەوەدابوو بەپێی چەندان سەرچاوەی توێژینەوەی زانستی و لێكۆلینەوەی بیرمەندان ئاكامی كەم منداڵبوون دەگەڕێننەوە بۆخەونی تاك بۆگەیشتن بەپلەی بەرزی زانستی لەژیان و دابینكردنی كاروخۆشگوزەرانی و قورسی باری ژیان و نەبوونی كات و بواری ئابووری و ناسەقامگیری ژیانی خێزانداری و پێكەوەیی لەكۆمەڵگای تاك سالاری رۆژئاوابەگشتی و ئەسكەندینافیا بەتایبەتی و فشاری بازاڕی كاركردن كەزۆرجارئافرەت بەهۆی سك پربوون و پرۆسەی منداڵبوون دوردەكەوێتەوە لە كاركردن كەبەسەختی دەتوانئ بگەرێتەوە سەركارەكەی ..
* هاوسەرگیری و پیكهێنانی خێزان زۆر جار پاڵنەرەكەی وەچە خستنەوەیە
بەتایبەتی لەكۆمەلكای باوكسالاری وەك كۆمەلكای ئێمە بۆئەوەی چەندمنداڵێك بخەنە بەر زیاتریش ئەم بریارە لای پیاوانە، كاتێك ئافرەت بڕیاری شوكردن دەدات بەهەموو شێوازی هەوڵی رازیكردنی پیاوەكەی دەدات بەخستنەڕووی منداڵ، بەڵام دەزانێ ناتوانێ ئەم بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرێت فەرمانبەرە یا پڕ كار دەبێت یا توشی نەخۆشییەك دەبێت یاقوتابی دەبێت یاهەرهۆكاریكی تر بڕیاری دواخستنی منداڵ دەدات، بەڵام ئەم دواخستنەش زۆرجاران لەئیرادەی خۆی نی یه و هاوسەرەكەی ریگای پێنادات دوای بخات، ئەمەش لەرووی دەرونییەوە كاردانەوەی نێگەتیفی دەبێت بەسەر باری ئافرەتەكە چ لەرووی دواخستنەوە یا لەرووی دوانەخستنەوە گەر دوای بخات لەوانەیە هەست بەگوناه و خواردنەوەی خودبكات، لەهەمان كاتیشدا گەردواشی نەخات ناگونجێت لەگەڵ كاروپیشەوخوێندنیدا لێرەشەوە چەندەهاگیروگرفت سەرهەڵدەدەن هەم لەناخی ئافرەتەكە هەم لەنێوان هاوسەرایەتیان بەردەوام بیركردنەوەشی كەوا سەرەنجام خێزانێكی تەندروست دروست نابیت ..
بەرزبونەوەی ئاستی رۆشنبیری ئافرەت و بەژداریكردنی لەپرۆسەی سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتی و بنیادنانی وڵاتی خۆی، بەراستی ئەوان تێگەیشتن كەواكاری ئافرەت تەنیامنداڵ بەخێوكردن نییه و كاری ئافرەت لەماڵ كەمترنی یه وەك لەدەرەوە، وەكو هاوڵاتییەكیش كاری خۆی جێبەجێدەكات نەك وەكو مێیەك بۆ وەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی، بەڵام كۆمەڵێ بەربەست هەنە كورێگرن لەبەردەم كاروپیشەی ئافرەتان لەدەرەوەی حەزی خۆی ئەویش كاركردنی ئافرەت لەماڵ و خستنە كایەیەی منداڵە لەچوارچێوەی خێزانداریدا، ئەمەش رێگرە لەبەردەم بریاری دواخستنی منداڵبوون لەلایەن ئافرەتانەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی زیاتر فراوانبوونی بوارەكانی كاركردن و خوێندن و تاڕادەیەك هۆشیاری كۆمەلگەو لێحاڵیبوونی ژیانی هاوسەرگیری كاركردنی هاوسەران لەدەرەوەی ماڵەكان تاڕادەیەكی باش منداڵبوون دواخراوە ..
Top