ژنێك لەگەڵ مێردەكەی
پیلان لە د

ژنێك لەگەڵ مێردەكەی<br />
پیلان لە د
(ئۆمێد) دەمێك بوو چاوی لەو خانووە دوو نهۆمییە پێنچ سەد منەترییەی خەزوورە پیرەكەی بوو، بەڵام ئەوەی تەماحی زیاتری بە بەردەدا گوڵیزار ژنەكەی بوو تەنیا دوو خوشكی هەبوو، برایان نەبوو كە دایكیان مرد، بە باوكی گوت: باوكە ئیتر ئەگەر تۆ پێت خۆش بێت من و(ئۆمێد) ی مێردم دێینە لات، ئەگەرچی (ئۆمێد) رازی نییە و دەڵێ جوان نییە وەها بچینە لای باوكت، بەڵكو بەو مەرجە دێم ئەگەر دوو ژوورم لە خانووەكەی وەك كرێچی پێبدات، ئەوسا رازی دەبم،(گولیز) ئیتر دەستیكرد بە خوێندن و چەندین رۆژ لەگەڵ پیرە بابی خەریكی قسەكردن بوو، بەخۆی دەیزانی چی دەڵێ و چی دەكات، نەخشەكە پتەو و چاك داڕێژرا بوو، بۆیە باوكی هەرچی بگوتایە و هەرچی ناڕەزاییەكی دەرببڕیبایە ئەو وەڵامێكی پوخت و دڵنیاكەرەوەی حازری هەبوو بۆی، كێشە نەبوو هەستی بكردایە كە باوكی باوەڕی پێناكات، یا گومانی لێدەكات، كێشەی نەبوو، داخۆ باوكی رازی دەبێ یان نە، ئەوان بڕیاری خۆیاندا بوو كە ئیتر هەرچۆنی بێت دەبێ باوكی رازی بكات و هەرچی مەرجیشی هەبووبێت پێی رازی بێت، هەموو هەوڵیشی بۆ ئەوەبوو دەبێ پیرە باوك بە كرێچیاتی ئەو رازی بكات، كرێییەكەی چەندیش دابنێت كێشەیان نییە، باوكی پیرە هەردووچاوی كزببوون، (گوڵیزار) پێی دەگوت: بابە قەت رازی نابم تۆ رەزیل بكەوی، رازی نابم بێ خزمەت و بێكەس بمێنی، ئەركی سەرشانمە بەخێوت بكەم و خزمەتت بكەم و نانیشت بدەمێ، بۆ ئەوەی كە دڵنیاش بێت كە من تەنیا خزمەتكردنی تۆم مەبەستە، هەم بەخێوت دەكەم و هەمیش وەك كرێچی لەگەڵت دادەنیشم...(گوڵیزار) لە هەوڵ و كۆششی خۆی بەردەوام بوو، تا پیرە باوكی، ئەگەر بەنا دڵیش بێت رازی كرد، دوای رازیبوونی سەر زارەكی ئیشی (ئومێد) بوو ئەوجا كاری خۆی بكات.
داڕشتنی نەخشەی پێشوەختە
(ئومێد) دەمێك ساڵ بوو خەریكی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبوو، شارەزاییەكی باشی لە سەوداو مامەڵەكردن و كڕین و فرۆشتنی زەوی و زار هەبوو،لە دوای مردنی خەسووشی ئیتر تەماح گرتبووی چۆن دەست بەسەر ئەو خانووە گەورە و باشەدا بگرن، بەڵام ئەو دوو كێشەی هەبوو، لەلایەك رازی كردنی خەزووری و لەلایەكیش شاردنەوەی مەسەلەكە لە دوو خوشكەكەی تری ژنەكەی، بەڵام ئەوان بڕیاریاندابوو كە كاری خۆیان هەر بكەن، چونكە حەیفە ئەو خانووە دوای مردنی خەزووری كە هەر یەك دوو رۆژێكی ماوە، بكرێتە میرات وبە تاڵان بفرۆشرێت، یان بكەوێتە دەست كەسێك كە قەدری نەزانێت، داڕشتنی نەخشەكەش وەها بوو، گوایە لەسەر دەستی دوو شاهێد گرێبەستێك مۆر دەكەن كە (ئومێد) وەك كرێچی بە بڕی مانگانەیەكی دیاریكراو دوو ژوور بە كرێ لە خەزووری دەگرێ و بەم پێیەش لەلای دادەنیشێ، كەچی راستییەكەش وەها نەبوو بەڵكو مۆركردنی گرێبەستی فرۆشتن بوو لە نێوان(ئومێد) و خەزووری، كە تیایدا تەواوی موڵكی خەزووری كە ئەو خانووەی تیایدایە دەفرۆشێتە(ئومێد) بە مەبلەغە پارەیەكی دیاریكراو، سەرەتا هەرچەندە خەزووری ناڕازی دەبێ لەو كارە كە پێویست بە كاغەزو نووسین و ئەو شتانە ناكات و ئەو كچی خۆی كردۆتە كرێچی خۆی و بڕواومتمانەی تەواویشی پێی هەیە و ئەو شتانە لزوم نییە، بەڵام ژن و مێرد لەبەر ئەوەی دەزانن چی دەكەن، بۆیە لەسەر قسەی خۆیان و هەوڵی خۆیان سووردەبن و پیرەمێرد رازی دەكەن كە گرێبەستەكە مۆربكات، ئەوەی دەكەنە شاهێدیش هەر دوو خوشكەكەی(گوڵیزار) دەبێت، بەڵام بێ ئەوەی هیچ كامێكیان نە ئاگای لەو مەسەلەیە هەبێت، نە گرێبەستەكەشیان مۆركردبێت... كاتێكیان زانی كە كار لە كارترازا بوو، خانووەكە بەناوی(ئومێد) كرابوو كەسیش ئاگای لێنەبوو، چونكە هەر ئەو رۆژەی كە (ئومێد) گرێبەستەكەی بە خەزووری مۆركرد هەر ئەو رۆژە فەرمانبەرێكی لە دادنووسی بردبوو بۆ مۆركردنی بریكارنامەی تایبەت بۆ فرۆشتنی خانووەكەی، ئەویش بە ئاسانی مۆری كردبوو نەشیزانیبوو چی بوو، دوو سێ مانگ بەسەر مۆركردنی گرێبەست و پاشان بەناوكردنیش دا رەتبوو، هەفتەیەك بوو خەزووری(ئومێد) نەخۆش كەوتبوو، نەخۆشییەكەی وەها كوشندەش نەبوو بەڵام ئەو پیاوە پیرە حەزی كرد هەر سێ كچەكەی كۆبكاتەوە و راسپاردەی خۆی پێیان بڵێ بە كچەكانی(گوڵیزار، زەینەب، فاتیمە)ی گوت:
لەسەر میرات و ئەو شتانە نەبێتە قڕەتان، ئەگەر مردم ئەم خانووە بفرۆشن خەرجی كفن و دفنمی لێبدەن و گەردنم ئازادبكەن ، ئەویدی لەنێو خۆتاندا بەتەبایی و بەیەكسانی دابەشیبكەن و كێشەی لەسەر دروستنەكەن... ئەو لەو قسانەدابوو كە(گوڵیزار) لە دەمی دەرچوو گوتی: ئەدی بابە تۆ نەتفرۆشتە(ئومێد)؟ كە ئەو قسەیەی كرد هەردوو خوشك و پیرە باب تەماشای(گوڵیزار)یان كرد و چاویان زەق بۆوە قسەكە هاتە دەرەوە و نەگەڕایەوە، كچەكان هۆپێكیان لەخۆیان زانی، ئەو بەزمە نوێیە شاراوەیە چییە، تا ئێستا نەیانزانیووە(زەینەب) بە باوكی خۆی گوت: بابە تۆ وا باسی ئەو خانووە دەكەی كە بەیانی خوانەخواستە ئەمری خوات كرد ماڵ و میراتی باوكایەتیمان لەسەری نەبێتە كێشەمان، چونكە بەشی هەرسێكمانی بە یەكسانی تیادایە، ئەدی ئەو قسەیەی(گوڵیزار)مانای چییە و ئەو قسەیە چییە دەیكات؟ جارێ باوكە وەڵامی نەداینەوە كە(گوڵیزار) بە وەڵام هات وگوتی كچێ خوشكم كڕینی چی و حاڵی چی، سوعبەتێك بوو لە دەمم دەرچوو، هیچ مەبەستێكم نەبوو بەخوا، نە(ئومێد)كڕیوویەتی و نەهیچیش ،تەنیا ئەوەندە نەبێ ئێمە لەگەڵ بابە گرێبەستێكمان مۆركردووە بۆ ئەوەی وەك كرێچی لای بابە بمێنینەوە و ئامانجیشم خزمەتكردنییەتی و بەس، ئەو قسانە، ئەو پاكانەو بەهانە هێنانەوەیە، ئەو گومانە قوڵەی كە لای (زەینەب) دروستبوو، نەیتوانی رەشبكاتەوە، هەر بۆ بەیانی دەستیكرد بە سەر و سۆراغ كردن و بەڵگە پەیداكردن، سەرەتا گوتیە (گوڵیزار)ی كوا تاپۆی ئەم خانووە؟ ئەویش گوتی: لای منە(زەینەب) گوتی: تاپۆیەكەم بدێ(گوڵیزار) تاپۆیەكی دایە دەست(زەینەب) كە هی كۆن بوو، پێش ئەوەی كڕین و فرۆشتنی پێ بكرێت(زەینەب) سەیری تاپۆكەی كرد، دیتی هەر بەناوی باوكییەتی تۆزێك ئارام بۆوە بەڵام لە دڵی خۆیدا گوتی: بۆچی دڵنیانەبم لێی و بزانم بەڕاستی هەروایە لەسەر ناوی خۆی ماوە؟ ئەوەبوو تاپۆكەی دایە دەست پارێزەرێك بۆ ئەوەی سۆراغێكی بۆ بكات، دوای دوو رۆژ پارێزەرەكە گوتی: ئەو خانووە بەناوی كەسێكە ناوی(ئومێد)ە، كە وای گوت ئەوجا زانی (گوڵیزار)چۆنی داغ كردوون، بۆیە(فاتیمە)ی لەو مەسەلەیە ئاگاداركردەوە، هەردووكیان بەنهێنی خەریكی مەسەلەكە بوون، بۆیان دەركەوت كە (گوڵیزار و ئومێد)ی مێردی بە ساختە ئەو كارەیان كردووە، ئەوانیش بێ راوەستان، گوتیان تا باوكمان ماوە نەمردووە چوونە بنكەی پۆلیس و شكایەتیان لە مێردەكەی (گوڵیزار) كرد.. لێكۆڵینەوە دەستی پێكردو هەردووكیان بانگ كران هەر چۆنێك بێت(ئومێد) هەوڵیدا بێ ئاگایی ژنەكەی لەو مەسەلەیە بخاتەروو، بۆیە لەبەر ئەوەی نە(زەینەب و فاتیمە) نە باوكیشیان سكاڵایان لە دژی(گوڵیزار) تۆمار نەكرد، بۆیە تەنیا(ئومێدی)ی مێردی بەندكرا، نزیكەی مانگێك زیاتر لێكۆڵینەوە بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی ساختەكارییەكە بە تەواوەتی ساغ بۆوە، كرداری كڕین و فرۆشتنەكەشی هەڵوەشایەوە و دادگا هەموو هەڵسووكەوتێكی(ئومێد)ی لەسەر ئەو خانووە راگرت و هەرچیشی كردبوو هەمووی پووچەڵ كرد و بڕیاریدا كەوا خانووەكە بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە شەرعی و یاساییەكەی خۆی كە باوكی(گوڵیزار)ە، ئینجا ئەگەرچی(ئومێد) ئەو كەتنەشی كردبوو بەڵام خەزووری و خوشكەكانی ژنی لێی خۆش بوون و داواكەیان لەسەر كێشایەوە، بەڵام دادگا لەسەر مافی گشتی بە(3) ساڵ زیندانی حوكمی دا.
Top