چنار...لە نێوان بەشوودانی زۆرە مـ&#

چنار...لە نێوان بەشوودانی زۆرە مـ&#
زۆرن ئەو دیاردانەی دەبنە سەرچاوەی چەوساندنەوەی ئافرەت و تێكدانی ژیانی ، زۆر جاریش هۆكاری هەڵەكان دایك و باوكن، دیاردەی بەشوودانی كچان بە زۆرەملێ بە پیاوی بەساڵاچوو گرفتێكی گەورەیە و هەرگیز ئەو كچە دڵی بەو شووكردنە خۆش نابێ و بەردەوام غەمبار و خەفەتبار دێتە بەرچاو و بیر لە رێگە چارەیەك دەكاتەوە بۆ دەربازبوون لەو ژیانە، رەنگە لە كۆتاییدا تووشی هەڵەی گەورەی بكات و بەدرێژایی تەمەنی باجەكەی بدات، نەبوونی سەقامگیری خێزانی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ راكێشانی ئافرەت بۆ نێو جیهانی تاوان، بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بكرێت هەر چەندە كێشە و گرفتەكانی ئافرەت ئاڵۆزن، بەڵام هێشتا رێژەی تاوان كردنی ئافرەت.. زۆر كەمترە بە بەراورد لە پیاو، چونكە سروشتی پێكهاتەی لەشی ئافرەت و دڵ و دەروونی وا خوڵقاوە كە پڕە لەسۆز و دڵ نەرمی و خۆشەویستی كەوا دەكات خودان سایكۆڵۆژیەتێكی تووندوتیژ نەبێ، بە جۆرێك هەتا ئەگەر زوڵمیش لێ بكرێت، هەر ئارام و نەرم و نیان بێ، (چنار) كاتێ ئەو ژیانە ناخۆشەی بەسەرداهات هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە(17) ساڵان، ئەو دەڵێت: خێزانەكەمان لە حەوت ئەندام پێكهاتبوو، دایكم و باوكم و دوو برا و سێ خوشك من كچی گەورەبووم، دایكم لە ماڵدا هەموو شتێكی بەدەست بوو قسەی باوكم بە هیچ نەدەچوو، دایكم هەر كارێكی بكردایە زۆر بەكەمی رای باوكمی وەردەگرت، تەنانەت لە بەشوودانی منیش هەمان شتی كرد بە جۆرێك هێندەمزانی ئەو پیاوە بە ساڵاچووەی كە هاموشۆی ماڵمانی دەكرد رۆژێك بوو بە مێردم بێ ئەوەی ئەوكات هیچ شتێك لە مانای ژن و مێردایەتی و ژیانی هاوسەری بزانم .
شەوێك ئەو پیاوە هات منی بە جلی ماڵێ لەگەڵ خۆی برد، شەو لەگەڵی لە ژوورێ مایمەوە بە درێژایی ئەو شەوە هەوڵی نزیك بوونەوەی دەدا بێ ئەوەی بزانم بۆچی وادەكات، بەڵام من رێگەم پێنەدا لێم نزیك بكەوێتەوە تا بەیانی لە سوچێكی ژوورەكە دانیشتم، زۆر دەترسام خەوم لێ بكەوێ و ئەم پیاوە شتێكم لێ بكات، جارجار خەو دەیبردمەوە و رادەچەنیم، بەیانی زوو هەر كە دەرفەتم وەرگرت بەپێی پەتی رامكرد و لە رێگاش ناوە ناوە ئاوڕێكی پشتە خۆم دەدایەوە تا بزانم كەس بە دوامەوە نییە، كە گەیشتمەوە گەڕەكی خۆمان خەڵكی لێم كۆبوونەوە، بەڵام دایكم زوو منی راكێشا حەوشەی ماڵ و دەستی كرد بەجنێودان و قسەی ناشرین، و گوتی: تۆ دەتەوێ ئابڕومان بەری لە نێو خەڵكی تۆ ئێستا بە شەرعی ژنی ئەو پیاوەی من پارەم لێ وەرگرتووە هەر چۆنێك بێ دەبێ لەگەڵی بژی هەستە پێشم بكەوە تا بتبەمەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆت، نەمدەزانی چۆن خۆم لە بەردەستی دایكشم قوتاربكەم، بۆیە پێم گوت: باشە بەیانی راوەستە ئەگەر ئەو نەهات ئینجا لەگەڵت دێمەوە، ئەو رۆژ تا ئێوارە بیرم لە خۆ رزگاركردن كردەوە هەر كە دەنگی دەرگا دەهات هەموو گیانم دەلەرزی وامدەزانی ئەوە پیرە پیاوەكەیە، كەوتمە بیركردنەوە بۆ هەڵاتن و خۆ رزگاركردنم لەدەست ئەو پیاوە و دایكم، بۆیە گەیشتمە ئەو بڕیارەی كە رابكەم، هەر ئەوەش روویدا و بەیانی زوو هەندی لەو جلانەی كە هەمبوو كۆمكردەوە و بەرەو گەراجی شار كەوتمەڕێ لە وێ هەر شۆفێرە و بانگی شارێكی دەكرد دوای، بیركردنەوەیەكی زۆر لەوەی بۆ كام شار بچم دواجار بڕیارم دا بچمە شاری(.......) لە نێو ئۆتۆمبێلەكە بێدەنگ دانیشتم بەهەرحاڵ پاش گەڕانێكی زۆر كارێكم لە ماڵی پیاوێكی دەوڵەمەندی خواپێداو دەست كەوت و بووم بە خزمەتكاری ئەو ماڵە،(چنار) لە كاتی دەربڕینی هەر وشەیەك ئاخێكی هەڵدەكێشاو فرمێسك لە چاوەكانی وەكو باران دەهاتنە خوار، زۆر بەبێ تاقەتی دەگەڕایەوە سەر گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی و دەیگوت: نزیكەی ساڵێك لەو ماڵە كارم كرد بەیانیان دەچوومە بازاڕ هەندێ جار لەگەڵ ژنی پیاوە دەوڵەمەندەكە كەلوپەلم بۆ هەڵدەگرتو هەندێك جاریش خۆم بە تەنیا بۆ كڕینی كەلوپەلی چێشتلێنان دەچووم، تا رۆژێكیان بەرێكەوت (كامەران)م ناسی(كامەران) هەر لە منداڵییەوە دایك و باوكی مردبوون و لە ماڵی مامێكی دەژیا، دوای یەكتر ناسینمان بە ماوەیەك بڕیاری پێكەوە نانی ژیانی هاوسەرێتیماندا، بەڵام كاتێك ئەو باسەم لای پیاوە دەوڵەمەندەكە كردەوە ناڕازی بوو و گوتی: تۆ چۆن بیر لە كوڕێكی وادەكەیتەوە، من خۆم كوڕێكی باشت بۆ دەدۆزمەوە كە بە درێژایی تەمەنت پێی بحەسێیتەوە ، بەمجۆرە منی فریودا بیر لە (كامەران) نەكەمەوە، رۆژێك ژنەكەی لە ماڵ نەبوو زۆر هەوڵی لەگەڵمدا كاری نا شەرعی لەگەڵ بكەم، بەڵام من رازی نەبووم، زۆر هەوڵی داو و پێی گوتم: بەس تۆ رازی بە من هەموو شتێكت بۆ دەكەم، تەنانەت خانووشت بۆ دەگڕم، دەیویست بەم قسانە فریوم بدات و ئارەزووە سێكسییەكانی خۆیم پێ دابمركێنێتەوە، بۆیە هەر ئەوكات بڕیارمدا هەرچی زووە ئەم ماڵە جێ بهێڵم و بەرەو شوێنێكی نادیار بڕۆم كەلوپەلەكانی خۆم كۆكردەوە و رووە و دەرگای حەوشەچووم بەڵام منی دیت هاتە لام و هەڕەشەی لێكردم و گوتی: گەر بڕۆیت هەر ئێستا خەبەری پۆلیس دەدەم و دەڵێم خزمەتكارەكەمان دزی لێی كردووین ، تا ماوی دەبێ لە بەندیخانە بژی، بۆیە بەناچاری گەڕامەوە، رۆژێك گوێم لە منداڵەكانی بوو پێیان دەگوت: بابە ئەی نیاز نەبوو لە پشووی هاویندا سەفەرێكمان بۆ توركیا پێ بكەیت ، ئەویش گوتی: بەڵێ وابوو ئێستاش لە قسەی خۆم پەشیمان نیم من ئەو قسەیەم زۆر پێ خۆش بوو لە دڵی خۆمدا گوتم خوا بكات بەڵكو ئەوكات دەرفەتم بۆ دەرەخسێ رادەكەم، دەستیان بە مامەڵەی سەفەركرد تا رۆژی سەفەركردنیان هات ئەو رۆژە زانیم كە ئەویان لەگەڵ ناچێت بە بیانووی ئەوەی كاری زۆرە و دەبێ كارەكانی لە كاتی خۆی تەواوبكات، بۆیە لە جیاتی خۆی برای ژنەكەی لەگەڵیان رەوانەكرد، كە ئەوەم زانی خەرك بوو لە هۆش خۆم بچم گوتم ئەو هەلەشم لەدەست چوو رۆژێك دوای سەفەركردنی خێزانەكەی، گەڕایەوە ماڵ عەلاگەیەكی بە دەستەوە بوو منیش لێم وەرگرت، چەند شووشەیەكی تێدابوو، گوتمی بیخەرە نێو سەلاجە ئەوە دەرمانە دكتۆر بۆی نووسیووم ئینجا بانگی كردم و گوتی: وەرە لای بابی خۆت دانیشتە، زۆر سەرسام بووم بە قسەكانی ئینجا كەوتە قسەی خۆش و پاڕانەوە و لێبوردن لەو كار و قسانەی كەوا پێشتركردبووی و گوتی: قسەكانم تەنیا بۆ تاقیكردنەوەی تۆ بوون من هیچ كات بیرم لە تۆ نەكردۆتەوە تەنیا بۆ ئەوە رامكرد بزانم تۆكچێكی چۆنی و ئایە بۆ ماڵی دنیا هەڵدەخەڵەتێی، چونكە ماڵی من هەمووی لە ژێر دەستی تۆدایە، منیش بڕوام بە قسەكانی كرد دووبارە پێی كەوتەوە قسەكردن و گوتی: شووشەیەكم بۆ بێنە لەو شووشانەی ئێستا هێنام منیش بۆم برد هەردوو پەرداخەكەی پڕ كرد و گوتی: دەبێ تۆش بیخۆیت، ئەمە زۆر باشە و بەهێزت دەكات، ئەو بە دوو قووم پەرداخەكەی تەواوكرد و هەوڵی لەگەڵمدا بۆ ئەوەی منیش تەواو بیخۆمەوە بەهەرحاڵ بە زۆر پێی تەواوكردم، دوای ئەوە هەستم بەسەرسووڕان كرد دنیا لەبەرچاوم زەرد بوو لە هۆش خۆم چووم ئاگام لە خۆم نەما، پاش ماوەیەك كە بەهۆش هاتمەوە چیم بینی؟ یەكڕاست كردمە هاوار و لەخۆدان و جنێودان بەو نامەردە، پێی گوتم: (چی دەكەی بیكە تازە كار لە كار ترازاوە لەمەودوا دەبێ خۆت ئەو داوایەم لێ بكەیت) دوای چەند مانگێك هەستم كرد تەندروستیم باش نییە و پاشان زانیم دووگیانم كە ئەو هەواڵەم پێمی راگەیاند زۆر تێكچوو، چەندین دەرزی و دەرمانی بۆ لەباربردنی منداڵەكە بۆ هێنام، بەڵام سوودی نەبوون بۆیە ناچار خانوویەكی سەربەخۆی بۆ گرتم بە ماڵەوەشیانی گوتبوو گەڕاومەتەوە لای خێزانەكەم، دوای نۆ مانگ منداڵەكەم بوو، بەڵام یەكڕاست هەڵیگرت و رۆیشت، تا ئێستا نازانم چی لێكردووە!! هەروەها داواشی لێكردم دەبێ دووبارە بگەڕێمەوە ماڵی ئەو و لەسەر كارەكەم بەردەوام بم، بەڵام من رازی نەبووم و، هاتمە ئەو بنكەیە، ئامادە نەبووم دووبارە لە ماڵی پیاوێكی وا نامەردكار بكەم چەندین پرسیاری دیكەم لێكرد بەڵام ماوەی زۆری نەبوو وەڵامیان بداتەوە، پرسیم بۆچی سكاڵات دژی ئەم پیاوە لە بنكەی پۆلیس تۆمارنەكرد؟
بە چاوی پڕ فرمێسك گوتی: سكاڵام دژی تۆماركرد، بەڵام بە ئاسانی بێ تاوانی خۆی نیشان داو خۆی رزگاركرد.
Top