خێزانەكەی فێری مەی خواردنەوە كž

خێزانەكەی فێری مەی خواردنەوە كž
خۆشەویستی لەنێوان دوو مرۆڤدا پێویستی بە لێبوردن و قوربانیدان هەیە، كۆمەڵێك تایبەتمەندیی خودی لەپێناو كەسی بەرامبەردا دەكرێتە قوربانی بەمەبەستی گەیشتن و برەودان بەخۆشەویستییەكەیان، لەزۆربەی كاتدا كچ (رەگەزی مێ) پێی دەنێت بەخواستەكانی خۆی و هەستی بەرامبەر رادەگرێت، هەرچەندە بەهۆیەوە تووشی گرفت دەبێت.
لەپێناو خۆشەویستیدا
(دەروون) ئەو ئافرەتەیە لەپێناو خۆشەویستەكەیدا هەموو شتێك پەسەند دەكات، بەڵام هاوسەرەكەی بێ باكە لەخۆشەویستیەكەی و بەرەو چەندین ئاقاری دژواریدا دەبات.دەروون،خاتونێكی زمان شیرین و رەوشت بەرزە، دایك و باوكی لە پێنج منداڵدا تەنها دەروونیان بۆماوەتەوەو ئەوانی تر هەربەمناڵی مردوون،بۆیە لای دایكی و باوكی زۆر خۆشەویست بووە و هەمیشە چاویان لەسەری بووە. ئەم نازپێدانە بۆ دەروون دەبێتە مایەی ئەوەی هەموو شتێك بەخواستی خۆی بێت تەنانەت لەهەڵبژاردنی هاوسەری ژیانیشیدا.
دەروون لەقۆناغی (2)ی زانكۆوە لەگەڵ كورە پورێكیدا پەیوەندی خۆشەویستی بنیاد دەنێن و بۆماوەی زیاتر لە سێ ساڵ بەنهێنی ئەم پەیوەندییان بەردەوام پێ ئەدەن،دەروون لەگەڵ زانا زۆر یەكتریان خۆش دەوێت ئەوەی گرفت بێت دەبێ دەرووندا ئەوەیە كە زانا چوار ساڵ لەدەروون بچوكتر دەبێت بۆیە دەروون چاوەڕێی زانا دەكات تا زانكۆ تەواو دەكات. لەدوای تەواوكردنی خوێندن زانا ئەم خۆشەویستیەی نێوان خۆی و دەروون ئاشكرا دەكات و بەدایكی دەڵێت، لەبەر ئەوەی دایكی دەروون و زانا خوشكن بۆیە ئەم مەسەلەیە بەقورس وەرناگرێت بەڵام دایكی زانا دەڵێت: زانا گیان من چۆن بتوانم ئەم مەسەلەیە لای باوكت باس بكەم چونكە خۆت دەزانی ماوەی سێ ساڵ زیاترە باوكت لەگەڵ باوكی دەرووندا قسەیان بەیەكەوە نییە، هەرلەوكاتەوە شەریك بوون لەكارێكدا عاجزیان هەبووە تا ئێستا پەیوەندیان نییە بەیەكترەوە و دواتریش تۆ لەدەروون منداڵتری نازانم چیت بۆ بكەم؟
زانا و دەروون، ئەم دوو قسەیە بەگرنگ دەزانن و بەتایبەت پەیوەندی باوكیان، بۆیە دەروون پێ لەدڵی خۆی دەنێت و بەدایكی دەڵێت، بەبێ هیچ بیركردنەوەیەك دایكی دەڵێت كچی خۆم هەرگیز ئەوە نابێت، ئاگاداریت كەلەبەرچییە ئاشت نابنەوە، باوكی زانا مەی خۆرێكی بێ وێنەیەو هەمیشە خەیاڵە، باوكیشت بەپێچەوانەی ئەوەوەیە، ئیتر چۆن بەم مەسەلەیە رازی دەبێت؟
دەروون بۆ رازی كردنی دایكی زۆر لێی دەپاڕێتەوە ئەو مەسەلەیە لای باوكی بدركێنێت، هەموو هەوڵەكانی بێ سود دەبێت، بۆیە ناچار دەبێت بەپوری بڵێ تا ئەو تەكلیف لەدایكی بكات، دوای پەیوەندی كردن بەپوریەوە رازی دەكات پەیوەندی بە دایكیەوە بكات و بەهەرشێوەیەك بێت هەریەكەیان لەلایان خۆیەوە ئەو كارە ئاسان بكات. سەرەتا دایكی زانا ئەم باسە لای هاوسەرەكەی دەكاتەوە، باوكی زانا بەهیچ جۆرێك رازی نابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە باوكی دەروون دەڵێت ئەوەی دەروون پێی خۆش بێت من قسەی تێدا ناكەم هەرچەند ئەو ماڵە لەو ئاستەدا نین من كچیان بدەمێ بەڵام دڵی دەروون ناشكێنم و پیرۆزییان بێت. كاتێك باوكی زانا ئەمە دەبیستێتەوە زۆر پەشیمان دەبێتەوە و داوای لێ بوردن لە ماڵی دەروون دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئاشت بوونەوەی ئەم دوو خێزانە.
دەروون دەڵێت: دوای ئەوەی خێزانەكانمان ئاشت بوونەوە و هاوسەرگیریمان پێك هێنا، لەبەرئەوەی ئێمە خزم بووین داوای ماڵی جیام نەكردو چوومە سەر ماڵی پوورم. پاش تێپەڕبوونی هەفتەیەك تا دوو هەفتە بینیم ژیانی ئەم ماڵەی پورەم زۆرجیاوازترن لەئێمە و رەفتاری وام دەبینی سەرم دەسورما،هەموو شەوێك مێردی پورم دەستی دەكرد بەمەی خواردنەوە و خێزانەكەشی لەگەڵیدا دادەنیشتن و جەوێكیان بۆ خۆیان دروست دەكرد چەندێك بەمنیان دەوت كە بەشداریان بكەم بەڵام بێ سود بوو. بەزانام گوت واز لەو رەفتارە بهێنێت ئەگەرنا دەبێت ماڵم بۆ جیابكەیتەوە چونكە من ئەم وەزعەم پێ قبوڵ ناكرێت، زانا ئەم قسانەی بەهەند وەرنەگرت و لەسەركردەوەكەی خۆی هەربەردەوام بوو چونكە تەواوی خێزانەكەیان خویان پێوەگرتبوو، ئێمە لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆر هاتوچۆی یەكترمان نەدەكرد بۆیە نەم دەزانی بەم شێوەیەن. دەروون زۆری بەلاوە سەیر دەبێت ئەم خێزانە بۆچی بەو شێوەیەن و تەنانەت زۆر شەویش هەیە باوكی زانا یەك دوانێك لەهاوڕێكانیشی دەهێنێتەوە تا درەنگانێكی شەو سەرقاڵی مەی خواردنەوە دەبن.
برایەكی زانا كە لەدەرەوەی وڵات دەبێت و دەعوتنامە بۆدایك و باوكی زانا دەنێرێت و دەرۆنە دەرەوەی، ئەوكات هەرخوشك و برایەكی دەمێننەوە.لەدوای رۆیشتنی دایك وباوكی زانا بۆ دەرەوەی وڵات،زانا و خوشك و براكەی تا دەهات خراپتر دەبوون و هەموو شەوێك ئەو ماڵەیان دەكرد بە (مەیخانە، هەر چییەكم دەكرد بێ سود بوو،ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو خوشكەكەی زانا بوو كە زۆر لەبراكانی خراپتربوو).
دەروون دەڵێت: بەزانام گوت ئەگەر واز لەم رەفتارە نەهێنیت ئەوا لەیەكتر جیادەبینەوە چونكە من تەحمولی ئەم ژیانە ناكەم كاتێك خوشكەكەی بەمەی زانی لێم توڕە بوو گوتی: هەرئەمەیە ئەگەر دادەنیشیت فەرموو ئەگەرنادەرگا كراوەیە، بەراستی نەم دەزانی چی بكەم، چونكە نەدەوێرام لای دایك و باوكم هیچ بڵێم، هەروەها زاناشم زۆر خۆش دەویست لەبەرخاتری ئەو هەموو شتێكم قبوڵ كرد.
كردەوەیەكی هەڵە
شەوێك خوشكی زانا پێی گوتم دەروون بۆتۆش كەمێك ناخۆیتەوە هەر هیچ نەبێت تامی بكە،بزانە چۆنە؟ من گاڵتەم بەعەقڵی دەهات بەڵام بەهەرسێكیان هەموو شەوێك سەریان دەخستە سەرم و پێیان دەگوتم كە بخۆمەوە، مرۆڤیش هەرئەوەندە عەقڵی تەسلیمی نەفسی كرد هەموو كارێك دەكات، بێگومان هەموو كارێكیش سەرەتاكەی قورسە، منیش رازی بووم و بۆیەكەم جار لەگەڵیاندا دانیشتم و دەستم كرد بە مەی خواردنەوە ئیتر فێربووم و نەمتوانی وازی لێ بهێنم.
ئەم نهێنیەم لە دایك و باوكم شاردەوە،تا شەوێك هاوڕێیەكی زانا هات بۆ ماڵمان و بۆ مەی خواردنەوە لەگەڵماندا دانیشت، بێ ئاگام بووم لەوەی كە هاوڕێكەی زانا ئەم دانیشتنە بۆ باوكم باس دەكات و لەنزیكەوە باوكم دەناسێت، باوكم كەئەمەی بیستبوو یەكسەر هات بۆ ماڵەوە و هەڕەشەی لێكردم جارێكی تر كاری وا دووبارە نەكەمەوە. زۆر هەستم بە شەرمەزاری كرد،بەڵام خۆشەویستی زانا وای لێكردبووم ناتوانم هیچ بریارێك بدەم، بۆیە هەرلەوماڵە مامەوە و دەرنەچووم.
گەڕان بەدوای چارەسەردا
زۆر پەشیمان بووم ئەم هاوسەرگیریەم لەگەڵ زانادا ئەنجامدا، چونكە خوشك و براكەی چوونە دەرەوەی وڵات و تەنها من و زانا لەكوردستان ماینەوە،هەموو ژیانمان دۆڕاند، زانا بەردەوام خەریكی مەی خواردنەوە بوو تەنانەت هەندێك جار قوماریشی دەكرد، منیش لەسەر مەی خواردنەوە راهاتبووم، ئەو موچەیەی وەرم دەگرت بەشی مەی خواردنەوەی نەدەكردم، باری تەندروستیشم زۆر خراپ ببوو و هەرچەند هەوڵمدا بۆم تەرك بكرێت نەمتوانی، تەواو هەموو ژیانم تێكچوو بوو، ئەمەم لەلای هاوڕێیەكەم باس كرد ئەویش پێی گوتم كە بچم بۆ رێكخراوێكی ئافرەتان تا رێنماییم بكەن و لەلای توێژەرێكی كۆمەڵایەتی گرفتەكانم باس بكەم بۆئەوەی چارەسەرێكم بۆ بدۆزێتەوە ئەگەرنا خەریكە خۆشم و هاوسەرەكەشم لەناودەچین، بۆئەم مەبەستە چوومە لای رێكخراوێكی ئافرەتان و باسی كێشەكە لەلای توێژەری كۆمەڵایەتییان كرد، ئەویش رێنمایی كردم و هاوكارییەكی باشی كردم، لەئێستادا وازم لەمەی خواردنەوە هێناوە و هەوڵی بەردەوامیش دەدەم لەگەڵ هاوسەرەكەم تا ئەویش لەو ژیانە ناخۆشە رزگاری بێت و ژیانێكی بەختەوەر بەسەر بەرین، پێشتر نەم دەزانی ژیان چییەو بەچییەوە سەرقاڵین، وام هەست دەكرد كە لەنادیەكدا كاردەكەم، بەڵام ئێستا ژیانم گۆڕاوە و بیر لەئایندەی خێزانەكەم دەكەمەوە و ئومێدی زیاترم بەژیان هەیە.


توێژەری كۆمەڵایەتی:
ئافرەت دەتوانێت گۆڕانكاری بەسەر هاوسەرەكەیەوە هەبێ
سەبارەت بەم گرفتە دەروونیە توێژەری كۆمەڵایەتی (رێناس رسول) دەڵێت: ئەو كارەی دەروون كردویەتی و دواتر هەوڵی چارەسەكردنی خۆی داوە بەو شێوەیەی چۆتە لای توێژەرێكی كۆمەڵایەتی كارێكی پۆزەتیڤ و جیددی كردووە، چونكە لەوكاتانەی مرۆڤ لەناو حەزەكانی خۆیدا نغرۆ دەبێت زۆر ئەستەمە بتوانێت خۆی بدۆزێتەوە، و چارەسەری گرفتەكانی بكات، هاوكات گەڕان بەدوای كەسی شارەزادا فاكتەرێكە بۆ چارەسەركردن،رێدەكەوێت گرفتەكان لای كەسێك باس بكەین شارەزایەكی ئەوتۆی نییە و ناتوانێت هاوكاریمان بكات ئەوكاتە برینەكان قوڵتر دەبنەوە،بۆیە دەكرێت دەروون بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێنماییانەی وەری دەگرێت و بەهەمان شێوەش من بێگومانم لەوەی هاوسەرەكەشی لەسەر ئەو كردەوەیەی بەردەوام نابێت و وازی لێدەهێنێت، چونكە ئافرەت دەتوانێت گەورەترین كاریگەر بێت بەسەر هاوسەرەكەیەوە.
Top