درۆكردن گرێبەستێكی هاوسەرگیری

درۆكردن گرێبەستێكی هاوسەرگیری
لەژیانی رۆژانەماندا زۆرجار هەواڵێك دەبیستین سەرمان دەسوڕمێت لەئاست سەیری رووداوەكەدا، بەلامانەوە گرنگە كە بزانین تەواوی رووداوەكە چۆن روویداوە و دواتر بەچ ئەنجامێك گەیشتووە، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە بزانین مەبەستەكان چی بوون لەپشت ئەو مەرامانەوە، ئێمە لەزۆركاتدا باس لەرووداوێكی تراژیدی دەكەین، بەڵام ئەو رووداوانەش هەن كە دەبنە مایەی سەرنج راكێشانمان و دڵخۆش دەبین بە ئەنجامەكانی.
(كیژان)، كچێكی رەوشت بەرز و جوانە، لەخوێندنیشدا كەسێكی سەركەوتووە، توانیویەتی بەسەركەوتوویی تەواوی قوناغەكانی ژیانی ببڕێت و لەلای كەسوكاری بەكەسێكی چالاك و دیار ناودەبرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی نیگەرانی بۆ ماڵی پورێكی كە خوشكی باوكیەتی، چونكە پوریشی كچێكی هاوتەمەنی كیژانی هەیە، ئەم پورەی پەیوەندی لەگەڵ دایكیدا زۆرباش نابێت و لای یەكتر خۆشەویست نین، بۆیە بەردەوام ركابەری لەنێوانیاندا هەیە بەتایبەت ئەم رەفتارە لای پوری زۆر دەكرێت.بێگومان كیژان و كچی پوری بەیەكەوە دەچنە قوتابخانە، لەخوێندندا كیژان زۆر زیرەكتر و لێهاتوترە لە كچە پورەكەی، هەرچەندە پوری هەوڵی زۆر لەگەڵ كچەكەی دەدات بەڵام بێ سود دەبێت. كیژان هەموو ساڵەكان دەردەچێت بەڵام كچە پورەكەی بەو شێوەیە نیيە. كیژان لەشەشی ئامادەیی نمرەیەكی باش بەدەست دەهێنێت و دەچێتە زانكۆ، ماڵی پوری هاتوچۆیەكی كەمیان دەكەن و وا خۆیان نیشان نادەن كەبەلایانەوە سەختە كە كچەكەیان لەخوێندن دوا كەوتووە.
وا رێدەكەوێت پوری كە پیشەی فەرمانبەرە لەبەڕێوەبەرایەتیيەكەوە گواستنەوەی راژەی بۆ دەكرێت و دەچێتە بەرێوەبەرایەتیيەكی تر بێگومان لەو بەڕێوەبەرایەتیە ناسراو نیە و فەرمانبەرەكان خێزانەكەی باش ناناسن، بۆیە رۆژێك پوری وێنەی خێزانەكەیان بۆ دائیرە دەبات و پیشانی فەرمانبەرەكانی دەدات لەوكاتەدا یەكێك لەفەرمانبەرە كچەكان دەڵێت ئەو كچە جوانە كێیە؟ پوری كە ناوی (شلێر)ە دەڵێت ئەوە كچی خۆمە ناڵێت برازامە، درۆ لەگەڵ هاوڕێكەیدا دەكات، هاوڕێكەی دەڵێت من برایەكەم لەدەرەوەی وڵاتە بەنیازە لەم ماوەیەدا بێتەوە ئەگەر پێتان خۆش بێت ئەوا ئێمە حەز دەكەین ببین بەخزم و یەكتر بناسین، پوریشی زۆری پێ خۆش دەبێت و دەڵێت: بۆنا بەخۆشحاڵیەوە كەی دەڵێن ئێمە لەخزمەتداین. بەم شێوەیە گفتێك بە هاوڕێكەی دەدات و كاتێك دێتە ماڵەوە بەكچەكەی دەڵێت تارا گیان ئەمڕۆ كچێك وێنەی كیژانی لەناو ئەلبومەكەدا بینی و زۆری بەدڵی بوو گوتی بۆ براكەمی دەخوازم، منیش پێم گوت كە ئەوە كچمە، تاراش دەڵێت دایەگیان من دەترسم كیژان پێی بزانێت یان ماڵی كوڕەكە لەدوایدا بزانن، پوریشم دەڵێت: ئەوە بۆخۆم دابنێ!!
ناراستی مرۆڤەكان
لەوماوەیەدا پوری زۆر هاتووچۆی ماڵی كیژان دەكات و هەرناڵێیت كارێكی وای كردووە، كیژان دەڵێت:بەلامانەوە سەیر بوو كە پورە شلێرم بەو جۆرە رەفتار دەكات و چەندین جار بۆنان خواردنی ئێوارە بانگی دەكردین، بەڵام هەرگیز بیرمان بۆئەوە نەدەچوو كارێكی لەو چەشنەی كردبێت.
دوای هەفتەیەك ئەو كوڕەی لەهاندەران بووكە ناوی (رێباز)ە، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ كچە پورەكەمدا دروست دەكات، بەردەوام قسەیان بەیەكەوە دەكرد،پوریشم ئەم مەسەلەیەی لای ئێمە باس كردوو گوتی: كوڕێك لەهاندەرانە داوای تارای كردووە و بەم زووانە دێتەوە بۆ كوردستان و داوای دەكات، بۆیەش لای ئێمە وای دەگوت وا هەستی دەكرد كە ئێمە پێمان ناخۆشە و لەرقی ئێمە بەردەوام باسی دەكرد. دوای تێپەربوونی چەند هەفتەیەك رێباز لەهەندەران هاتەوە بەڵام پێش ئەوەی بێتەوە داوای وێنەكەی كردبوو واتە بە خوشكەكەی گوت بوو وێنەی لەرێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ بنێرن تا بیناسێت، بەڵام پوری كاری واناكات دەڵێت با خۆی بێتەوە رووبەروو یەكتر ببین نەك لەرێگەی وێنەوە!!!! كاتێك كە گەڕایەوە رێباز بەخوشكەكەی دەڵێت رۆژێك بچینە ماڵی ئەو كەچ تا لەنزیكەوە لەگەڵ و تارا یەكتر ببینن و بڕیاری هاوسەرگیری بدەن. رۆژێك دەست نیشان دەكەن بۆئەم مەبەستە، كە دەچن، دوای یەكتر بینین و گفتوگۆ كردن هەردووكیان یەكتریان بەدڵ دەبێت و بڕیاردەدەن.
دەركەوتنی راستیيەكان
پاش داواكردن و مارەكردن بێگومان رۆژێك دەست نیشان كرا بۆ نیشانەكردن و ئەڵقە گۆڕینەوەی هاوسەری، لەو رۆژەشدا كیژان دەچێتە ئاهەنگەكەیان و بەشداری دەكات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە كچە هاوڕێكەی پوری كاتێك كیژان دەبینێت بەلایەوە سەیر دەبێت و دەكەوێتە گومانەوە، و دوو دڵیيەكی زۆر دای دەگرێت، دەكەوێتە بیری كە ئەو كچەی لەوێنەكەدا بینیویەتی جیاوازتر بووە لەو كچەی كە داوایكردووە بۆ براكەی، بۆیە هیچ ناڵێت و دەچێتە لای كیژان و لێی دەپرسێت تۆ چی شلێری؟ لەدوای خۆناساندنی كیژان دەڵێت:من برازای شلێرم و بۆچی ئەم پرسیارە دەكەیت؟ ئەویش دەڵێت تۆ وێنەیەكی لەو شێوەیەت گرتووە و لەلای پورت هەبێت،كیژانیش دەڵێت : بەڵێ، بەڵام بۆ پرسیار دەكەیت؟ پێی دەڵێت من پرسیاری تۆم كرد لەپورت بەڵام ئەو كچەكەی خۆی پێ نیشان داین، من ئەو كچەی كەلەوێنەكەدا بینیومە تۆ بویت نەك تارا، ئەگەر نەك ئێستا پاش دە ساڵی تریش تۆم ببینیایە هەر دەمناسیتەوە، تەنانەت ئەو رۆژەی چووینە ماڵی شلێر و تارام بینی هەستم كرد ئەو كچە ئەوە نیيە كە لەوێنەكەدا بینیومە بەڵام شلێر گوتی ئەوە تارا قژی رەنگ كردووە منیش بەوە قەناعەتم كرد، بەڵام من هەرگیز ناهێڵم ئەم ئاهەنگە بكرێت و لەبەرچاوی ئەو خەڵكە هەڵی دەوەشێنمەوە. بۆیە منیش ئەم موزوعەم بەدایكم گوت بۆئەوەی ئاهەنگەكە تێك نەدات و نەڵێن گوناهی ئێوەیە گوتمان با تەواو ببێت، دواتر قسەی لەسەر دەكەین یان هەر گرنگی پێنادەین، بەهەرشێوەیەك بوو خوشكی زاوامان قەناعەت پێكرد تا ئاهەنگەكە تەواو بوو.
كیژان دەڵێت: دوای تەواوبوونی ئاهەنگە رۆژێك ماڵی زاوا تەلەفۆنیان بۆ كردین كە دێن بۆ ماڵمان، ئێمە حەزمان نەدەكرد بەهیچ جۆرێك قسە لەسەر ئەو مەسەلەیە بكەن، چونكە گوناهی تارای تیانەبوو گوناهی پورم بوو درۆی لەگەڵ هەمووماندا كردبوو، بۆیە ماڵی رێباز ئەمەیان پەسەند نەكرد و بانگیان كرد بۆ ماڵی ئێمە، كاتێك پورم خۆی كرد بەژوورەوەدا رەنگی زۆر تێكچووبوو، دڵی خەبەری دابوو درۆكەی ئاشكرابووە، یەكسەر پرسی خێرە منتان بانگ كردووە؟ بەخوا تارا و كیژان دەڵێی خوشكن!!! هەموومان بەلامانەوە سەیر بوو وای گوت بێئەوەی كەسێك پرسیار بكات. بێ ئەوەی گوێ لەپورم بگرن راستەوخۆ پرسیاری ئەو وێنەیان لێكرد پیشانی ماڵی زاوای داوە، چونكە هەمان وێنە لەماڵی ئێمەش هەبوو، ئیتر بەمە پورم نەیتوانی حاشا لەهیچ شتێك بكات تەنها گوتی داوای لێبوردن دەكەم، بۆیە ئەمەم كردووە لەبەرئەوەی تارای كچم لەهەموو شتێكدا لەدوای كیژانەوەیە گوتم با هاوسەرگیریەكەیاندا تارا لەپێشەوە بێت، بەڵام هەرچیەك دەكەن واز لەكچەكەم مەهێنن ئەو گوناهی نییە، من تەنانەت بەزۆریش قەناعەتم پێكردووە و لەسەرەتادا پێی خۆش نەبووە، بەڵام رێباز ئەمەی قبوڵ نەكردو بڕیاریدا جیاببێتەوە و لەگەڵ مندا هاوسەرگیری بكات.
كیژان دەڵێت: من رازی نەدەبووم چونكە بەلامەوە زۆر سەخت بوو، و قسەی خەڵكیش لەو لاوە بوەستێت بەڵام ماڵی باوكم و تەنانەت باوكی تاراش زۆری پێ خۆش بوو، گوتیان با ئەمە ببێتە وانەیەك بۆ شلێر وكچەكەی، هاوسەری پوریشم گوتی تارا لای من ئەوەشی دركاندووە دایكی راستی مەسەلەكەی پێ گوتووە بەڵام تارا لەبەر بەرژەوەندی خۆی شاردوویەتیەوە، بەڵام لای خەڵك وا ناڵێت.
رێبازیش دەڵێت: كەسێك بتوانێت بۆ بەرژەوەندی خۆی درۆبكات، ئامادەیە هەرلەبەر بەرژەوەندی خۆی هەموو كارێكی تر بكات، بۆیە ناتوانم لەگەڵ كەسێكی ئاوادا پرۆسەی هاوسەرگیری بكەم.
Top