بۆچی هەندێ كەس زیاتر لە سیمكارت

بۆچی هەندێ كەس زیاتر لە سیمكارت
هەندێ كەس زیاتر لە سیمكارتێكیان هەیە و بۆ مەبەستی جیاجیا بەكاری دێنن، هەندێكیان ئەوانەن كە خۆشەویستیان هەیە و ژمارەیەكیان تایبەت كردووە بە خۆشەویستەكەیان، یان جۆری كارەكەیان وا دەخوازێت زیاتر لە سیمكارتێكیان هەبێت، یان بۆ هەرمەبەستێكی تر، ئێمە لێرەدا هەندێ كەس دەدوێنین كە زیاتر لە ژمارەیەكی مۆبایلیان هەیە بۆ ئەوەی بزانین هۆكاری بوونی زیاتر لە سیمكارتێك چییە، هەروەها رای چەند كەسێكیش وەردەگرین كە تەنها یەك سیمكارتیان هەیە و لێیان دەپرسین:چۆن دەڕواننە ئەوانەی زیاتر لە سیمكارتێكیان هەیە؟

كوڕێك 6 سیمكارتی هەیە

(هێرش) شەش سیمكارتی هەیە، دەربارەی هۆكاری ئەوەی ئایا بۆچی شەش سیمكارتی هەیە، دەڵێت"یەكێكیان تایبەتە بە ماڵەوە، سیمكارتێكی تر تەنیا بۆ هاوڕێكانم لە زانكۆ، دوو سیمكارتی تریش بۆ قسەكردن لەگەڵ خۆشەویستەكەم، دوو ژمارەی تریشم هەن كە تا ئێستا بەكارم نەهێناوە" ئەو بوونی ئەو هەموو سیمكارتە بە كارێكی باش دەزانێت لەبەرئەوەی هەریەكەیان بۆ كارێكی تایبەتی بەكاردێنێت، جگە لەوەش پێی وابوو، ناكرێت تەنیا یەك ژمارەی مۆبایلی هەبێت لەبەر ئەوەی زۆر قسە لەگەڵ خۆشەویستەكەی دەكات و دواتر ئەگەر پەیوەندی بۆ بێت بێزار دەبێت.

سیمكارتێك بۆ خۆم و یەكیش بۆ خۆشەویستەكەم

(شلێر) كە كچە قوتابییەكی زانكۆیە و دوو سیمكارتی هەیە، دەڵێت"دوو سیمكارتم هەیە، یەكێكیان بۆ ماڵەوە و هاوڕێكانم واتە لای زۆربەی ئەو كەسانەیە كە ئاشنایەتیم لەگەڵیان هەیە و ژمارەكانیان دەزانم، ئەوەی تر تایبەتە بە خۆشەویستەكەم و شەوانە زۆر قسە دەكەین بەیەكەوە، بۆیە وابزانم بوونی دوو سیمكارت بۆ من كارێكە لەجێی خۆیدایە". (بەهرە)ش پێشتر چوار سیمكارتی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنها دوو سیمكارتی هەیە، ئەو بەم جۆرە قسەی كرد" تا ماوەیەك پێش ئێستا چوار سیمكارتم هەبوو، زۆر قسەم لەگەڵ هاوڕێكانم دەكرد، بەڵام دواتر بیرم كردەوە كە پێویست نییە چوار ژمارەم هەبێت، بۆیە ئێستا تەنها دوو ژمارەم هەیە، ئەویش بۆ كاری ئاسایی خۆمی بەكاریاندێنم" بەهرە ئەوەشی گوت، كە بەنیازە تەنیا یەك ژمارە بۆخۆی بهێڵێتەوە و پێی وایە بەو شێوەیە باشترە. "سێ ژمارەم هەیە، یەكێكیان تایبەتە بە خۆشەویستەكەم، یەكێكی تر هاوڕێ نزیكەكانم، ئەوەی تر تەنها ئەو كاتە بەكاریدێنم كە ئەوانی تر سەنتیان تێدا نەبێت یان كەسێك وەڵامی ژمارەكانی ترم نەداتەوە بەو ژمارەیە پەیوەندی پێوەدەكەم" ئەمە رای (سەرباز) بوو، ئەو بەردەوام بوو لە قسەكانی" هیچ كاتێك بۆ مەبەستی خراپ بەكارم نەهێناوە و پێم شتێكی زۆر ئاساییە كە زیاتر لەسیمكارتێكم هەیە لەبەر ئەوەی هیچ زیانی نییە و بۆ خۆم وەهام پێ باشترە".

پێنج سیمكارتی هەیە و یەكێكیان كراوەیە

(هیوا) گەنجێكی ترە كە زیاتر لە ژمارەیەكی مۆبایلی هەیە، دەڵێت"حەزدەكەم زۆر ژمارەم هەبێت، ئێستا پێنج ژمارەم هەیە بەڵام تەنها یەكیان كراوەیە و ئەوانی تر داخراون، هەندێ جار پێم خۆشە كەس تەلەفۆنم بۆ نەكات ئەو كاتە ئەو ژمارەیە لەسەر هاندەكەم دادەنێم كە كەس نایزانێت ئەو كات ئەگەر خۆم كارێكم هەبوو ئەوا تەلەفۆن دەكەم، بەڵام هیچ تەلەفۆنم بۆ نایەت". ویستمان ڕای چەند كەسێك وەربگرین كە تەنها یەك سیمكارتیان هەیە، لەسەرەتادا (دەشتی) گوتی" بوونی زیاتر لە سیمكارتێك بە سروشتی نازانم لەبەر ئەوەی دەتوانرێت بە یەك سیمكارت هەموو كارەكان ئەنجام بدرێت. بە رای من ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی كەسەكە، هەیە حەز دەكات زۆر ژمارەی مۆبایلی هەبێت، هەیە بۆ خۆ گەورە كردن زیاتر لە ژمارەیەكی هەیە، بۆیە وای دەبینم بوونی چەند سیمكارتێك هیچ مانایەكی نییە، تەنیا لەهەندێ كاتی تایبەت دا نەبێت ئەویش بە پێی بەرنامە و بەرپرسیاریەتی، بەشێوەیەكی گشتی بوونی یەك سیمكارتم پێ باشترە لە چەند سیمكارتێك.

كەپڵەكان زیاتر لە سیمكارتێكیان هەیە

(شارا) یەك سیمكارتی هەیە و پێی وایە پێویست ناكات زیاتری هەبێت، سەبارەت بەوانەش كە زیاتر لە سیمكارتێكیان هەیە، دەڵێت" زۆر ئاساییە ئەوانەی كەپڵیان هەیە یان ئیشوكاریان زۆرە چەند سیمكارتێكیان هەبێت، كچێكی تر بە ناوی (شەهێن) بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی" من تەنها یەك سیمكارتم هەیە و پێویستم بەوە نییە زیاترم هەبێت، بوونی چەند سیمكارتێك لای یەك كەس بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنمەوە، هەیە بۆ قسەكردن لەگەڵ كەپڵەكەی، هەیە بۆ شانازی بە خۆكردن چەند سیمكارتێكی هەیە، هەشە بۆ كاری ناشیاو بەكاری دێنێت، هەشە سروشتی كارەكەی وا دەخوازێت، بەڵام وەك ڕای خۆم ئەمە بە كارێكی جوان و شارستانی نازانم". هەر دەربارەی ئەم بابەتە (دیاری) گوتی" هەموو كەسێك ئازادە لەوەی چەند سیمكارتی هەیە، ئەگەر بۆ مەبەستی خراپ بەكاری نەهێنێت من پێم زۆر ئاساییە، خۆم تەنها یەك سیمكارتم هەیە و پێویستم بەوە نییە سیمكارتی ترم هەبێت، بەڵام بۆ هەندێ كەس بوونی چەند سیمكارتێك كارێكی پێویستە".
Top