قەیرانی کۆڕۆنا و کاریگەرییەکانی (( گوڵاَڵە پشدەری ))

قەیرانی کۆڕۆنا و کاریگەرییەکانی  ((  گوڵاَڵە پشدەری ))
قەیرانی پەتای کۆڕۆنا کۆڤید ١٩، کاریگەری گەورە و بەرجەستەی خستۆتە سەر کۆمەڵگەی جیھانی بە گشتی و لەسەر ھەندێک چین وتوێژ بە زیاتری زیانبەرکەوتن بەتایبەتی
بۆ نموونە گەنجان و بێکاری و زیانی ئابووری بە گشتی و لە نێوانیاندا ژنان بە تایبەتی کە ڕووبەڕووی بێکاری و کەم دەرئامەدی بوونەوە و لە داھاتووشدا ھەروەھا کاریگەری نەرینی لێ دەکەوێتەوە بە گوێرەی پێشبینییەکانی شارەزایانی ئابووری جیھان.
لەڕاستیدا ئێستامان لەبەرچاوە بەڵام داھاتوو چۆن دەبێت؟ جیھان دەکەوێتە بەر پەستانی ھەژاری؟ چین وتوێژی لاواز و ناسکی ناو کۆمەڵگە لاوازتر و پێویستتر دەبن؟ بژێوی ژیانی خەڵک چۆن و بەچ میکانیزمێک دەبێت؟
یان لایەنی کۆمەڵایەتی ئایا سیلەی سۆز و مێھرەبانی کەمتر دەبێتەوە ومرۆڤدۆستی بەرەوکاڵبوون دەچێتەوە؟
یان بواری تەندروستی و ساغڵەمی بەرەو سستبوون دەچێت و دەرمانسازی و کەرەستەی ساغڵەمی و تێچوونەکانی لە توانایی حکومەت و خەڵکدا دەمێنێتەوە؟ وەک دیتمان ئەو ڕێژە زۆرەی لە کۆچکردووان(مەرگ) بە ڤایرۆسی کۆڤید١٩ لە جیھاندا زیاترین ڕێژە کەسانی تەمەندار بوون و ئەوانی پیر قوربانی بوون.
ئایا لە کاتێکدا بڕیارێکی ئەخلاقی دێتە گۆڕێ واتە ھەڵبژاردن لە نێوان خراپ وخراپتر دا چی ھەڵدەبژێرین واتە ئەگەر ئیمکانات نەبێ لە کاتێ لەژیاندا ھێشتنەوەی دوو کەس پیر وگەنج کامییان دەڵدەبژێری بۆ مانەوەیان؟ ئەو جۆرە دیلەمایە/ ھەڵبژاردەی ئەخلاقی مان دیتن لە ھەندێک وڵاتدا وەک ئیتالیا کە بەڕاستی پێشتر ھیچ کات لەوانەیە بیرمان لەوە نەکردبێتەوە. لەوانەشە لە داھاتوودا مرۆڤ زیاتر ناچار بێت لەوجۆرە بڕیارانەی دڵڕووشێنەر بدات، ئەگەربارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت. ھەرچەندە بە خۆشحاڵییەوە ئێستا بە گەرمی کار لەسەر داھێنانی پێکووتە دەکرێت وھەندێک دەرمانی گونجاوی تر دەسنیشانکراوە کە کاریگەری ئەرینی ھەیە لەسەر سستکردنی ڤایرۆسی کۆڤید١٩.
دەبێ بواری سیاسی چ گۆڕانکارییەکی نوێی بەسەردا بێت؟،ئایا بۆ نموونە یەکێتی ئەوروپی دەمێنێتەوە یان ھەڵدەوەشێتەوە و ھەرکەسەو لەماڵی خۆی دەمێنێتەوە، واتە خۆشی خۆم بۆ خۆم وخەمی خۆم بۆ خۆم؟ تۆش خۆت بزانە چی دەکەی وچۆن خۆت لە ئاریشەکان قووتار دەکەی!.
نرخی سووتەمەنی و سامانە سروشتییەکان چۆن دەبێت وچ کاریگەرییەکی نەرینی دەخاتە سەر بازاڕەکانی جیھان.ئایا ھەژاری ڕوومان تێدەکات؟ ئایا بواری دڵنیایی وھاوکاری سۆشیالی بۆ پەککەوتان و بێکاران دەمێنێتەوەلە(ئەوروپا)؟.

ئەو گریمانە و ئەگەرانە لە مێشکی زۆربەماندا دێ ودەچن وبە شێوەیەکی تووشی نیگەرانی دەبین کە تەنھا بیر لە خۆمان نەکەینەوە و بە پەرۆشی ئایەندە وجیلی داھاتوو بین.
کۆڕۆنا و ھاتنی فێری زۆر وانەی ژیانی کردین بە گشتی و بە تایبەتی.
فێری کردین کە مرۆڤ نابێ خۆپەرست بێت و پیویستە زیاتر مرۆڤدۆست و ھاوسۆزی بۆ بەرامبەری ھەبێت، فێری کردین کە مرۆڤ کە گەورەترین داھێنانی خوایە، ھەرچەندە زانایە بەڵام بەرامبەر بە کاری سروشت وخوا جاریوایە بوونەوەرێکی ناتوانا وبێچارەیە، فێری کردین کە تەندروستی بە ھیچ نرخێک ناکڕدرێت، فێری کردین کە ئاشق بە ژیان بین، فیری کردین کە چەند ناشوکور بووین بە خەڵاتەکانی خۆڕسکی خوایی وەک بە ھەناسێکی ئاسان، خەوێکی ئارام وبێ ئێش وئازار، بێترس، ماچی چێژبەخشی منداڵەکان، باوەشی گەرمی دایک، کۆبوونەوەی سەر سفرەی خێزان وخۆشەویستان، خوێندن و خوێندنگە، کاروپیشە ونان پەیداکردن، دەستی نەخۆشان گرتن، لە پرسەکاندا پێکەوە گریان... ھتد.لە کۆتادا چەند جوانە بەو ھەموو نیشانانەی کە بۆمان لە ئاسمانەوە ھاتن، درک بەوە بکەیین کە خەم وئازارەکانمان کۆ بکەینەوە و وەک چەپکە گوڵیک بیکەیین بە ھێزوخۆشەویستی وئەشق بۆ یەکتری لەو دونیایەی فانیدا.
خۆ ئامادەکردن بۆ ھەر ئەگەرێک پێویستە لە ھەموو جیھاندا وبەتایبەتیش لە کوردستاندا کە ھێشتا بەداخەوە وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و پایەکانی حکومەتی بەھێز نین بەھۆی کاریگەری چواردەوری کە بەردەوام پەستانی لەسەر ھەبووە وھەیە.
ئایا دەبێ لەسەرووی ئەو ھەموو ترسەی کە بە ھۆی کۆڕۆنا لە جیھان ھەیە و جارێ کێشەکە چار نەکراوە، دەبێ چ کاریگەرییەکی خستبێتە سەر تاکەکانیش وەکو کێشەی بێکاری(لە جیھاندا بە ھۆی قەیرانی پەیتای کۆڕۆنا ٣١ ملیۆن ژن بێجگە لە چین کە ٢٢٠ملیۆن ژن بێکار دەبن و بە ڕیژەی ١٣ ملیۆن پیاو بێکار دەبن) ، نەبوونی بژێوی ژیان و قەرزکردن وشڵەژانی دەروونی ولێکەوتنەوەی کێشەکانی جەستەیی بەھۆی کێشەی دەروونی و گۆشەگیربوون و ھەستی تەنھایی وخەمۆکێ، تووندوتیژی ناو خێزان ولێکترازان، یان ناچار تەحەمولکردنی لە بێچارەیی بەگشتی وبۆ ژنان بەتایبەتی، دواکەوتنی خوێندن واتە لە سەکتەری پەروەردە وفێربووندا، زیانێکی گەورەیە بۆ منداڵان وخوێندکاران. واتە لە داھاتوودا ئەو سەرمایەیەی مرۆیی لاواز دەبێت و دیسان مەترسی ھەیە بۆ حکومەتێکی لاواز و وڵاتێکی ھەژار وبرسی ودواکەوتووی گەشەیی.
بەڕاستی لێرەدا پێویستە حکومەت وخەڵک پێکەوە ھاوکار بن لە بەرگریکردن لەو قەیرانەدا و ھەروەھا ھەوڵدان بۆ چارەسەریکردنی ھاودەست بن.
لە کاتێکدا کە قەیرانی پەتای کۆڕۆنا دەستی بەسەر ھەموو جیھاندا گرتووە وکوردستانیش بێبەش نییە لەو زیانە، ڕۆژبەڕۆژ پێویستیمان بە زانیاری نوێ وباوەڕپێکراو ھەیە.بۆ ئەو خاڵەش میداکان ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاو دەگێڕن. بەڵام جاریوایە زانیارییەکی ھەڵە یاخود فاک یان فابڵ(نادروست وگوایە) دەتوانێت کاریگەری نەرینی بخاتە سەر مرۆڤ و دووچاری شڵەژانی بکات یانیش باوەڕھێنان بەو زانیارییە ناڕەوایە.
بۆ کورد گرینگە کە تەنھا باوەڕ بە سەرچاوەی متمانەپێکراو بکات وبەھیچ جۆرێک ئەو زانیارییەی کە لەلایەن وبیروبۆچوونی کەسێکە یاخود گروپێکە بەھێند وەرنەگیرێت و پیادە نەکرێت. بۆ نموونە کاتێک کەلایەنی پەیوەنددار وەک حکومەت ڕێکاری دروست وگونجاو و و لۆکداون واتە سڕکردن ڕادەگەیەنێت، خەڵک پێویستە پابەند بن وڕێز لە یاسای حکومەت بگرن، چونکە ئەو لە بەرژەوەندی گشتی دایە وشارەزایانی ئەو بوارە بەو شێوەیان بەچاک زانیوە.جاریوایە خەڵکی نەشارەزا وتە وبڕیار وبۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتێک ئەدەن کە لە چوارچێوەی زانیاری و شارەزایی ئەوان دا نییە، بۆیە باشتروایە مرۆڤ گوێڕایەڵی شارەزایانی بوارەکە بێت نەکو لێیلادان.لە ھۆڵەندا تا ئێستا بۆ ھەر لادانێک لەو ڕیکارانەی کاتێ پەتای کۆڕۆنا گیراوە بە بڕی نەفەری ٣٩٠ئیڕۆ سزای پارە بووە.بۆ نموونە کاتێک کە حکومەتی ھۆڵەندا کە من لێی دەژیم ڕێکاری نیوان دووکەس لە سەر شەقامەکان دەسنیشان کردووە بە ١،٥ یەک متر ونیو و کاتێک کەسێک پێکەوە نزیکتر دەبنەوەسزا ئەدرێن.
بەخۆشحاڵییەوە، ئەو دوو ھەیکەلە پێکەوە بە باشی کاری بۆ دەکەن و ھیوادارم کە نموونەی باشی ئەوان لە نشتیمانم دا، کوردستان بەھەمان شێوەی تەندروست پیادە بکرێت.
خۆزگە دەخوازم کە حکومەتی چینی بەرھەمھێنان و سەرمایەدار بھێنێتە سەر ھێڵ و پێکەوە خەریکی پڵاندانان بن و لەو کاتە ناسکەدا ھاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئاریشەکانی خەڵکی نەدار، بە وەگەرخستنی کار وپیشە ویان کەمکردنەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکان دا و دابەزاندنی بەتایبەتی تێچوون لە نۆڕینگەکانی کەرتی تایبەت.
ھەروەھا خۆزگەش دەخوازم، خەڵک لە کوردستان ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی بکەن و گرنگی نەک ھەر لە ئێستای حاڵدا بەڵکو بەرژەوەندییەکان لە حاڵی داھاتووشدا ببینن، واتە دووربین وئەرینی بن لە پێناو خۆیان و نەوەکانیان.
لە کۆتادا، تێدەگەم جاریوایە حکومەت لەو قەیرانەدا ناچارە بڕیاری بەپەلە بدات و فریای ئەوە ناکەوێت پرس وڕا بە خەڵک بکات،بەڵام لە زۆربەی جاردا بە تاوتێکردن لەگەڵ نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەماندا بڕیاری چارەنووسساز ئەدات و ئارەزوومەندانە لە ھەندێک بڕیاردا حکومەت ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک دا بە ڕێگەی گشتپرسی بڕیار بدات.تاکو بەرگری لە ھەڵکەوتنەوەی ھەندێک ھەڵچوون لەلایەن ھەندێک لایەن یاخود گروپەکان بکات.
بۆ تێکشکاندنی ڕۆژانی یەک ڕەنگ و وەیەک چوو دەتوانین بۆ خۆشکردن و ڕەنگاوڕەنگ کردنیان لە پەیوەندییەکانماندا پێکەوە لە ڕێگەی دووریشەوە(لۆکداون بۆ سەلامەتی ھەمووان) بەھێز بین بە گشتی و لەڕۆژانی بۆنەکاندابەتایبەتی لە کاتێ قەیرانی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنای کۆڤید ١٩دا.
بەھیوای ڕۆژانی پڕشەنگدار وبێ کۆرۆنا وپڕ لە ئەشقی خوایی وڕێز بۆ یەکتر بۆ ھەموو مرۆڤەکان بە گشتی وبۆ گەلی کوردستان بەتایبەتی.
٢١ی گوڵان ئامستردام٢٠٢٠





چالاکی بواری تەندروستی و کۆمەڵایەتی
Top