فەریما محێدین: دەبێت ژنان ڕێچکە بشکێنن بۆئەوەی بەربەست و ڕێگریەکان تێپەڕێنن و بە ئامانجی خۆیان بگەن

فەریما محێدین: دەبێت ژنان ڕێچکە بشکێنن بۆئەوەی بەربەست و ڕێگریەکان تێپەڕێنن و بە ئامانجی خۆیان بگەن
روانینی کۆمەڵگە بۆ ئاستی بەرھەمھێنان و توانا جەستەییەکانی ئافرەتان گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، ئێستا ئافرەت خۆی خاوەن کارە و بۆتە سەرچاوەی داھات بۆ خۆی و کەسانی دیکەش، ھەر بۆیە سەربەخۆیی ئابووری یەکێکە لەھەنگاوە گرنگەکان بۆ سەربەستی ئافرەتان و نەبوونی ئابووری سەربەخۆ ستەم بەرھەم دەھێنێت، لەئێستادا و لەسەرانسەری جیھاندا بوونی ئابووری سەربەخۆ بۆ خانمان بۆتە ئامانجی سەرەکی و دەکرێت لەرێگەی بوونی ئابووری سەربەخۆ کار لەسەر بەدەستھێنانی داخوازییەکان و بەھێزکردنی تواناکانی ئافرەت بکرێت، لەم ھەنگاوەوەش نەخشەرێگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دابڕێژرێت.
لە یەکێک لەکۆبونەوەکانی جی ٢٠ کە گەورەترین کۆبوونەوەی جیھانی وڵاتانە لەسەر ئابووری، یەکێک لەتەوەرەکانیان بریتی بوو لە ئاسانکاری و ھاوکاریکردنی ئافرەتان بۆ کارکردنیان بە شێوەیەک کە پلان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ داندرا بۆ ئەوەی بە رێژەی %٢٥ ھێزی کاری ئافرەت زیاد بکات.
ئافرەتی کوردیش بەدرێژایی مێژوو لەھەوڵدان و کارکردن کۆڵی نەداوەو لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ماڵ بەوپەڕی بەرپرسیارێتی مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکان کردووە.
فەریما محێدین یەکێکە لەو ئافرەتە زەحمەتکێشانەی کە سەربەرزانە بەکاری ئارایشتگەری بژێوی خۆی و خانەوادەکەی پەیدا دەکات، ئەو لەرۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و دەرچووی بەشی کۆمەڵناسییە و لەگرێی چوارەمی تەمەنی دایە، لەدیدارێکیدا لەگەڵ گوڵان ھێمای بۆ ئەوە کرد:" ماوەی ١١ ساڵە لەھەولێرم و بەکاری ئارایشتگەری سەرقاڵم، دایکی کچێکم لەپۆلی ١٢ ی زانستی دەخوێنێت، ماوەی حەوت ساڵە ھاوسەرەکەم مردووە، لەئێستادا من بۆ کچەکەم ھەم دایک و ھەم باوک و ھەمیش ھاوڕێم ماندووش نابم چونکە ئەوە ئەرکمە، خەونی دایک منداڵەکانیەتی منیش گەورەترین خۆشیم گەیشتنی کچەکەمە بە ئاواتەکانی و ببێتە کەسێکی گەورە و خزمەت بکات".
سەبارەت بە کارکردنی لە شاری ھەولێر ئەو گوتی:" کە ھاتم بۆ ھەولێر دڵم زۆر بەم شارە خۆش بوو و ئێستاش لەھەولێر ھەست بە غەریبی ناکەم، چونکە خەڵکەکەی کەسانی باش و میوان دۆستن، راستە کارکردن بۆ ئافرەتان بەگشتی ھێندە ئاسان نییە، بەڵام مرۆڤ چ ژن بێت چ پیاو ئەگەر ھەوڵبدات و لە ھەوڵدان کۆڵ نەدات دەگاتە ئامانجەکانی، لەکاتێکدا من پێموایە دۆخی ئافرەتی کورد لەدۆخی ئافرەتی عەرەب و فارس و تورک زۆر باشترە و ئافرەتی کورد لەرووی کۆمەڵیەتییەوە ھەمیشە بەرێزەوە سەیرکراوە لەلایەن دەوروبەر و کۆمەڵگەش، ھەر ئەو ھۆکارەش وایکردووە ئافرەتی کورد پێشڕەوتربن تەنانەت زۆرجار ئافرەت ھەبووە لەپیاو بەتواناتر و زیرەک تر بوون، ئێمەی ئافرەت ئەگەر باوەڕمان بەتواناکانی خۆمان بێت ئەوا ھەموو بەربەستەکان دەشکێنین و دەبێت ژنان ڕێچکە بشکێنن بۆئەوەی بەربەست و ڕێگریەکان تێپەڕێنن و بە ئامانجی خۆیان بگەن".
Top