حكومەتی هەرێم بایەخی تەواو بە خوێندنی زمانی كوردی لە شاری كەركووك دەدات

حكومەتی هەرێم بایەخی تەواو بە خوێندنی زمانی كوردی لە شاری كەركووك دەدات
لەسەر بڕیار و راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (مەسرور بارزانی) بڕی ٢٦٠ ملیۆن دینار بۆ خوێندنی زمانی كوردی لە شاری كەركووك دابین دەكرێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بڕوانامەی زانكۆكانی سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە فەرمی هەژمار دەكرێن. ئەو هەنگاوانە دەرخەری ئەو راستییەن كە حكومەتی هەرێم هەمیشە خەمخۆرانە داكۆكیكاری مافەكانی قوتابیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووە و، هیچ كاتێك سازش لەسەر مافە رەواكانیان ناكات. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە را و سەرنجی خۆیان هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

شیڤان عەبدولڕەحمان بەرپرسی لقی قوتابیانی كەركووك (پارتی دیموكراتی كوردستان)، سەرەتا دەستخۆشی لە گرنگیدانی حكومەتی كوردستان بە خوێندنی زمانی كوردی لە شاری كەركووك دەكات و، هاوكات هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە سەر بڕیار و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (مەسرور بارزانی) بڕی ٢٦٠ ملیۆن دینار بۆ خوێندنی زمانی كوردی لە شاری كەركووك خەرج دەكرێت.» هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرەڕای ئەوەی خوێندن لە شاری كەركووك دەستی پێ نەكردووە، حكومەتی كوردستان دەستپێشخەری كرد بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ خوێندنی كوردی لە شارەكە لە غیابی حكومەتی عێراق، هەرچەندە خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقە»، ئەوەشی خستەڕوو كە «لە كەركووك نزیكەی ٥٠٠ قوتابخانەی خوێندنی كوردی هەن، كە زیاتر لە ١٠٠ هەزار قوتابی تێیدان دەخوێنن.» گوتیشی: «ئەم هاوكارییانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كەركووك، ئەوە دەگەیەنێت كە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك پشتی لە كەركووك نەكردووە و، هەمیشە لای گرنگ بووە كە خزمەتی تەواوی شارەكە بكات. هەر وەك دەزانرێت، كەركووك لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام حكومەتی هەرێم بەردەوام خۆی بە خاوەنی كەركووك زانیوە و جێگای تایبەتی هەبووە لە گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا و هیچ كات پشتگوێی نەخستووە و بە دەم داواكاریی خەڵكەكەیەوە هاتووە .»
بەرپرسی لقی قوتابیانی كەركووك، لە درێژەی لێدوانەكەیدا جەختی لەوە كردەوە كە : «حكومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك ئاوڕی لە شاری كەركووك نەداوەتەوە، بە تایبەتی خوێندنی كوردی كە هیچ لە پێداویستییەكیان بۆ دابین نەكراوە، بەڵام لەم دۆخە خراپە ئابوورییەی كە حكومەتی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، شاری كەركووكی لە بیر نەكردووە، هەوڵی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی قوتابخانە كوردییەكان و دابینكردنی ئەو بڕە پارەیەش بۆ خوێندنی كوردی، سەلماندنی كە خاوەنی راستەقینەی شارەكەن و دەنگدانەوەیەكی باشیشی بە دوای خۆیدا هێنا.» گوتیشی: «لە ئێستادا هەڕەشەیەكی زۆر لەسەر خوێندنی كوردی هەیە لە كەركووك بۆ لاوازكردن و لەناوبردنی، بەڵام ئەم هاوكارییەی حكومەتی هەرێم دەریدەخات كە پارێزەرێك بۆ خوێندنی كوردی لەم شارە هەیە و هیچ هێزێك ناتوانێ خوێندنی زمانی شیرینی دایك لە شارەكە بشێوێنێت، هەر وەك بڕیارە ئەم هاوكارییانەی حوكمەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و درێغی نەكەن لە خزمەتكردنی خوێندنی كوردی بەگشتی و لە شاری كەركووك بەتایبەتی.»
زەینەب رزگار كارگێڕی لقی كەركوك (ی.ق.ك)، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هەوڵە یەك لەدوا یەكەكانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ شاری كەركوك بەردەوامە و، خیانەت و داگیركاری نەبووە هۆی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی پشت لە كەركووك بكەن، بەڵكو زیاتر و زیاتر سوورن لەسەر ئەوەی كەركووك بەشێكی جیانەكراوەی كوردستانە، بەتایبەت دوای ئەوەی جەنابی ڕێزدار مەسرور بارزانی بڕی ٢٦٠ ملیۆن دیناری تەرخان كرد بۆ خوێندنی كوردی لە شاری كەركووك، ئەوەش سەلماندنی ئەو راستییەیە كە حكومەتی عێراق هیچ كات ئاوڕی لە خوێندنی كوردی شاری كەركوك نەداوەتەوە، بەڵكو لە هەوڵی نەهێشتن و لاوازكردنی بەشی خوێندنی كوردی لە كەركووك بووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە خەمی كەركووك و كەركووكییەكان بووە و خۆی بە خاوەنی ئەم شارە زانیوە و، هیچ كات پشتی تێ نەكردووە، سەرجەم هەوڵەكانیشی بۆ باشتركردنی دۆخی كەركووك بەردەوام بووە.» گوتیشی: «خوێندنی كوردی لەم كەركووك پێویستی بە ئاوڕدانەوەی جددی هەبووە و، بەشێكی زۆری قوتابخانەكانی بەشی خوێندنی كوردی لەم شارە بێبەش بوون لە خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی، سەرەڕای ئەوەی خوێندنی كوردی لە شارەكە سەر بە حكومەتی عێراقە، بەڵام هیچ كات خۆیان بە خاوەنی نەزانیوە و لە هەوڵی باشكردنی دۆخی قوتابیانی كورد نەبوون لەم شارە، هەر بۆیە هەوڵەكانی ئەم كابینەیە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگای دەستخۆشییە و هەر تاكێكی ئەم شارە شانازی بە هەوڵە نەپچڕاوەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن كە بۆ كەركووك لە بەردەوامییە، دەست هەڵنەگرتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە كەركووك دەرخەری ئەو راستییەیە كە هیچ كات جیاكاری لە نێوان كەركووك و شارەكانی تری كوردستان نەكراوە.»
ئەشواق جاسم كچێكی ئاوارەی كەركووكییە و لە هەولێر نیشتەجێ بووە. ئەو رای وایە: «بە هۆی حوكمی سەربازی و دۆخی داگیركاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و بەهۆی ئەو نائارامی و فەراغی ئەمنییەی كە هەیە، كورد هیچ بڕوایەكی بە دۆخی ناوچەكان نەماوە، بەڵام ئێستا هەزاران خێزانی ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بە چاوی ئومێدەوە دەڕواننە هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە سالی نوێی خوێندندا، هەروەها كەركووكییەكان و ناوچە كوردستانییەكانی تریش بە ئومێدەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانن بۆ ناوچەكانیان، چونكە بە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك هەزاران خێزانی ئاوارە بە ئازادانە بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە.» گوتیشی: «لە غیابی هێزی كوردی لە شارەكە خوێندنی كوردی لە لێواری لەناوچووندایە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارەش پارتی و سەرۆكی حكومەت بە هانای خوێندنی كوردی و خەڵكی شارەكەوە هاتن، بێگومانیشین لەوەی بە گەڕانەی پارتی، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و سیمای كوردستانیبوون دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكە.»
Top