پڕۆسەی ھاوسەرگیری و دیاردەی جیابوونەوە دوو دیاردەی پێچەوانەی یەکتر (( هۆگر همزە))

پڕۆسەی ھاوسەرگیری و دیاردەی جیابوونەوە دوو دیاردەی پێچەوانەی یەکتر (( هۆگر همزە))
پرۆسەی ھاوسەرگیری قۆناغێکی ھەستیارە و پێویستە ڕەچاوی زۆر شت بکرێت پێش ئەوەی ئەنجام بدرێت وەکو تەمەن کە یەکێکە لە بابەتە ھەستیارەکان کە پێویستە ھەردوو ڕەگەز ھاوشان و ھاوتەمەنی یەکتر بن جیاوازی نیە ئەگەر دوو یان سێ ساڵ بچوکتر و گەورەتر بن لەیەکتر ،ھەروەھا کام تەمەن گونجاوە بۆ ئەم قۆناغە زۆرێک لە زانایان دەڵێن تەمەنی بیست ساڵی بۆ ئافرەت گونجاوە و بۆ پیاو بیست و پێنج بەڵام من وای بەباش دەزانم خوار تەمەنی سی ساڵی زۆر گونجاوە بۆ ھەردوو ڕەگەز چونکە ئەم تەمەنە بە قۆناغی پێگەیشتووی و شارەزابوون لە ژیان دەناسرێت، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان ڕەچاوی تەمەن ناکەن و بایەخی پێ نادەن،ھەر ھاوسەرگیریەک لەسەر سۆز و خۆشەویستی ئەنجام بدرێت گومانی تێدا نیە سەرکەوتوو دەبێت .
ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاماژە بەوە دەکات کا پیاو لەبەر چ ھۆکار ئافرەت دەکات بە ھاوسەری خۆی ، یەکەم لەبەر جوانی دووەم لەبەر دەوڵەمەندی سێیەم لەبەر ناوبانگی بەڵام چوارەمیان لەبەر ئاین و رەوشتی شایەنی باسە ھانمان دەدات کە لەسەر پێوەری ئاین و رەوشت ھاوبەشی ژیانمان دیاری بکەین چونکە کلیلی بەختەوەری و خۆشگووزەرانی رەوشت و ئاینە.

دیاردەی جیابوونەوە ئەو دیاردە نەخوازراوەیە کە لەدوای ھاوسەرگیری سەرھەڵدەدات ژیانی دوو ھاوسەر بەرەو نەمان دەبات و سۆز و خۆشەویستی پێش ھاوسەرگیری لە گۆڕ دەنێت، بەداخەوە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردی دیاردەی جیابوونەوە زۆر زیاترە لە ئەنجامدانی ھاوسەرگیری، لەیەکتر تئنەگەیشتن و نەبوونی متمانە لە نێوان ھەردوو ھاوسەر کاریگەری نەرێنی دروست دەکات و سۆز و خۆشەویستی بەڕادەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە،
گرنگی نەدان بە ئافرەت و کات تەرخان نەکردن بۆی ئەمەش یەکێکە لە ھۆکارەکانی جیابوونەوە چونکە ئافرەت پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی ھەیە زیاتر لە پیاو، یەکێک لەھەرە ھۆکارە نەگریسەکان بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە کات زۆر بە زایەخ دەبات ودوورت دەکاتەوە لە خێزان و منداڵ ئەم دیاردەیە زۆر باوە و چەندان کەس جیابوونەتەوە بەھۆی ھەڕەشە کردن و ناوزڕاند، بەداخەوە ئەوەندە رێکخراو و لایەنی پەیوەندیدار ھەن بەڵام کەس بەھانایان ناچێت و ئاوڕیان لێنادرێتەوە .
چی بکەین بۆ ئەوەی توشی جیابوونەوە نەبین یاخود رێژەی کەم بکەینەوە پێش ئەنجامدانی ھاوسەرگیری ھەردوولا پێویستە بە باشی و قوڵی گشت شتێک باس بکەن چونکە ئەم پرۆسەیە یەکجار ئەنجام دەدرێت و کە ھاوسەرت دیاریکرد دەبێت تاوەکو مردن لە خۆشی و ناخۆشی یەکتر ڕۆڵ ببینن،متمانە و ڕێز و خۆشەویستی ھەردەم خۆشبەخت و ئاسودەت دەکات، پشت بە خودا بەستن و بڕوا بەخۆ بوون پاڵنەرێکە کە ھەمیشە وات لێدەکات سەرکەوتوانە ھەنگاو بنێیت و ھەست بە وونبونی خۆت نەکەیت،کە لەبەر ئاین و ڕەوشت ھاوسەری ژیانت دەست نیشان کرد ئەوا بێگومان بە خودا ھەمیشە یاوەرت دەبێت و ھەمو کارئکت بۆ ئاسان دەکات .
بەپێویستی دەزانم کە بڵێم کە پڕۆسەی ھاوسەرگیریت ئەنجامدا بێگومان بە خودا دوو ھێندە ڕزق و ڕۆزیت زیاد دەکات و بەرەکەت دەخاتە ناو ژیانت و ماڵ و منداڵت چونکە تۆ سوننەتی ئاینی ئیسلامت بە جێگەیاندووە ئەویش ئەنجامدانی پڕۆسەی ھاوسەرگیریە .
لەکۆتاییدا ئامۆژگاریم بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ھاوسەرگیری بکەن ئەوەیە کە تاوەکو بەشێوەیەکی زۆر باش یەکتر نەناسن و شارەزا نەبن لەیەکتر بڕیارێک مەدەن کە پەشیمان بونەوەی بەدواوە بێت کاتی زۆرتان لەپێشە و زوو بڕیار مەدەن لەبیرتان بێت ڕێز و خۆشەویستی بەسەر گشت خەم و ناخۆشیەک زاڵ دەبێت و پشت بەخودا بەستن گشت کارێک ئاسان دەکات ، ھەروەھا ئەوانەی کە ھاوسەرگیریان کردووە و بەڵام دڵخۆش نین و دڵیان بە کەسێکیترەوەیە ئەوا ھەردەم سوپاس و ستایشی یەزدان بکەن کە خاوەن خێزان و منداڵن زۆرێک ئاوات دەخوازن کە بۆ ساتێکیش بێت دایک و باوکی کۆچکردوویان ببینن،ھەرگیز لەکاتی توورڕەییدا بڕیار مەدەن و ھێمنانە و ماقوڵانە بڕیار بدەن لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە ھەرگیز کەسێک تاوانبار مەکەن بە تێکچونی پەیوەندی و شیرازەی خێزانیتان ئەگەر بە دڵ و ویستی خۆتان ھاوسەرگیریتان کردبێت .
یەزدانی باڵادەست ژیانی گشت ھاوسەرێک پڕ بکات لە سۆز و خۆشەویستی و متمانە و ڕێزگرتن وە ئەوانەش کەوا بەنیازن جیاببنەوە انشاللە خودا دەیانھێنێتە سەر ڕێگای ڕاست و دەیانگەڕێنێتەوە سەر ھەمان ئەو پەیوەندیە پڕ سۆز و خۆشەویستیەی پێش ھاوسەرگیری .
Top