گەنجێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت: ئەو بڕە یارمەتییەی كە بە كەمئەندامان دەدرێت زۆر كەمە و بەشی نیوەی پێداویستییەكانمان ناكات

گەنجێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت: ئەو بڕە یارمەتییەی كە بە كەمئەندامان دەدرێت زۆر كەمە و بەشی نیوەی پێداویستییەكانمان ناكات
سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، قەیرانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا كە هۆكارە سەرەكییەكەی بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمە لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە، ژیانێكی تفت و تاڵی بۆ مووچەخۆران و بێكاران و بەتایبەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دروست كردووە.
زیاتر لە یەك ملیار كەس لە جیهاندا بەجۆرێك لە جۆرەكان بەدەست كەمئەندامێتیەوە دەناڵێنن. دەرهاوێشتە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان بە شێوەیەكی نەرێنی كار دەكاتە سەر مافەكانی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوان باجی قوڕسی رۆژگار دەدەن. گەنجێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش كە دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی هەولێرە باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

خۆشەوی ئەرجان عەلی، گەنجێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و وەك خۆی باسی كرد، لەدایكبووی ساڵی 1987ی شاری هەولێرە و، ساڵی 2011 پەیمانگەی تەكنیكی بەشی كارگێڕیی كاری تەواو كردووە، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراوە و بێكارە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «بێكاری و نەبوونی داهات، ئەگەر بۆ خەڵكی ئاسایی قورس و گران بێت، ئەوا بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت پشت شكێنە.» ئەو گەنجە خێزاندارە و هێما بۆ ئەوەش دەكات كە زۆر هەوڵی ئەوەی داوە لە كەرتی حكوومی دابمەزرێت و ببێتە خاوەن كار و داهاتی خۆی، بەڵام تاوەكو ئێستا نە لە كەرتی حكوومی و نە لە كەرتی تایبەت دانەمەزراوە.
خۆشەوی ئەرجان لە ئاخاوتنێكی لەگەڵ پەیامنێری گوڵان، بەمجۆرە داواكارییەكانی خۆی خستەڕوو: «داواكارم هەلی كار بۆ كەمئەندامان دابین بكرێت، لەبەر ئەوەی تواناكانمان سنووردارە و هەموو كارێكمان پێ ناكرێت، هەر بۆیە كاركردن لە كەرتی حكوومی لەگەڵ سرووشتی بوونمان دەگونجێت، چونكە لەلایەك كارەكە بەردەوامە و لەلایەكی دیكەوە كارەكە هێندە قورس نییە، هەر لەبەر ئەوە پێموایە دامەزراندنمان لە كەرتی حكوومی زۆر لە كەرتی تایبەت باشترە، پاشان ئەو بڕە یارمەتییەی كە بە كەمئەندامان دەدرێت زۆر كەمە و بەشی نیوەی پێداویستییەكانمان ناكات، داواكارم بۆمان زیاد بكرێت، لانیكەم بكرێتە 300 هەزار دینار و مانگانەش دابەش بكرێت، نەوەك وەك ئێستا كە دوو مانگ جارێك 150 هەزار دینارمان بۆ خەرج دەكرێت، من بەش بەحاڵی خۆم ئەگەر خوشك و براكانم هاوكاریم نەكەن، ناتوانم بەڕێوە بچم و لێرەوە سوپاسیان دەكەم و چاویان ماچ دەكەم كە زۆر هاوكارمن.» گوتیشی : «داواكاریم لە حكومەت و پەرلەمان ئەوەیە یاسای خاوەن پێداویستی تایبەت جێبەجێ بكرێت، هەروەها وەك هاوكارییەك بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەندامان، داواكارم هەر دوو كەرتی تەندروستیی گشتی و تایبەت بكرێتە خۆڕایی، یان داشكاندنێكی باشی بۆ بكرێت، چونكە ئێمەی كەمئەندامان زۆر كێشەی تەندروستی رووبەڕوومان دەبێتەوە، هەروەها هیوادارم هەر لە منداڵییەوە لە رووی تەندروستی و پەروەردە و كۆمەڵایەتییەوە گرنگی بە خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت.» وەك دواوتەشی گوتی: من بەهرەم لە هونەری شانۆ و هونەری خۆشنووسی هەیە، شارەزاییم لە كۆمپیوتەر هەیە، كاری بێژەریم كردووە و لە فیلمی سینەماییش رۆڵم بینیوە. بۆیە لە هەر كام لەو بوارانەدا ئامادەی كارم و هیوادارم ئاوڕی جددی لە هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بدرێتەوە».
لەلایەكی دیكەوە چالاكی بواری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ هونەر شێخ لەنگەری، سەبارەت بە دۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ گوڵان گوتی:» دەستبەركردنی یاسای پێویست، لە پێناو پاراستنی مافی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و قەرەبووكردنەوەیان و دووبارە هێنانەوە و تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگە و دابینكردنی هەلی كاری گۆنجاو لە پێشینەی ئەو خزمەتانەیە كە پێشكەشی ئەو چینە بكرێت، بۆ ئەوەی وەك هەر تاكێكی ئەم وڵاتە بتوانن لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا كاربكەن،
پێویستە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە زۆربەی بوارەكانی ژیان كردن ببەخشرێن، لەوانە كەرتی تەندروستی و باج و رسومات و كارەبا، هاوكات لە بوارە سەركییەكانی ژیان ئاسانكاریان بۆبكرێت.
یان هەوڵی ئەوە بدرێت خزمی پلە یەكیان تەعین بكرێت، ئەویش بۆ ئەوەی بەجوانی خزمەت بكرێن و لەڕووی ئارامی دەروونی و تەندروستییەوە ژیانیان پارێزراو بێت».
ئەو چالاكەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ هاوكات گوتی: «ئەوانەش كە خوێندنیان تەواو كردووە، ئەبێت لە بوارەكەی خۆیدا تەعین بكرێت و تەنانەت ڕێژەیەكی دیاریكراو لە هەلی دامەزراندن بۆ كەم ئەندامان تەرخان بكرێت، هەروەها ئەوانەی كە بڕوانامەیان نییە ئەبێت ئەوانیش هەلی تەعیناتیان هەبێت، كە لەگەڵ هێز و دۆخی كەمئەندام گونجاو بێت، كە لە ئازاردانی دەروونی و جەستە دوور بێت،
هەروەها ئەو 150 هەزارەی پێیان دەدرێت بە شایستەی ئەوان نازاندرێت و زۆریش كەمە و بەشی هیچ ناكات، حەقی زیاتریان هەیە».
Top