وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی یەكەی یەكسانیی جێندەری دەكاتەوە

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی یەكەی یەكسانیی جێندەری دەكاتەوە
گوڵان: كۆمەڵایەتی

لە پێناو بایەخدان و بەگەڕخستنی تواناكانی خانمان، لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، یەكەی یەكسانیی جێندەری كراوەتەوە، تانیا جەمال غەریب بەرپرسی یەكەی یەكسانیی جێندەری لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وردەكاریی ئەو یەكەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو و لەمبارەیەوە رایگەیاند: «دوای ئەوەی ئەنجومەنی خانمان بە هاوكاریی (یوئێن و مێن نۆ) خولی بۆ بەشێك لە فەرمانبەرانی هەندێ وەزارەت كردەوە، تا بتوانن یەكە، یان بەش، یا لەژێر هەر ناوێكی دیكە بكرێتەوە بۆ یەكسانیی جێندەری، لەبەر ئەوە یەكەی جێندەریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ماوەی دوو ساڵە كراوەتەوە، هەرچەندە تا ئێستا لە پەیكەری وەزارەتدا دانەنراوە، بەڵام لە هەوڵی ئەوەداین كە بۆ ئەمساڵ بخرێتە ناو پەیكەری وەزارەتەوە و وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتییش بە جددی پشتگیری بابەتی یەكسانیی جێندەرە و چاوەڕێی ئەوەین بۆ ئەمساڵ بخرێتە ناو هەیكەلەكەوە.» گوتیشی: «ئەم یەكەیە لەگەڵ ئەوەی ماوەی ساڵێكە بە هۆی ڤایرۆسی كۆڤید ١٩ وەك هەر كار و پیشەیەكی دی، كارەكانی سست ببوون و، نەمانتوانی ئامانجەكە بپێكین، بەڵام هەرچۆنێك بێت، لە كاتی كەرەنتیندا توانیمان بە هاوكاری و خەمخۆریی رێكخراوی ئێمە كۆمەڵێك كاری بنەڕەتی ئەنجام بدەین، وەك: (هەڵسەنگاندنێك بۆ پێگەی ژن لە سنووری وەزارەتدا، تا بتوانین تیشك بخەینە سەر كەموكوڕییەكان لە سیاسەت و یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەت لەو بوارەدا)، بۆ ئەم مەبەستە لە مانگی نۆدا بە ئامادەیی وەزیری كار و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ئەنجومەنی خانمان و چەند كەسایەتییەكی دیكە، هەڵسەنگاندنەكەمان خستە ڕوو، بۆ ئاگاداربوون و هاوكاریكردنیان بۆ بەرەوپێشچوونی یەكەكە، هەروەها بە باشمان زانی كە پەیڕەوێك بۆ یەكەكە دابنێین و تەنیا ئەوەندە ماوە كە لە ناوەندی یاسای پەسەند بكرێت و، كاری پێ بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا پلانێكی زۆر تۆكمەمان داڕشتووە بۆ كاری یەكەی یەكسانی جێندەری بۆ ساڵی ٢٠٢١ كە بریتییە لە چەندین خول و ۆرك شۆپ و كۆنفڕانس و گرتەی ڤیدیۆیی و پۆستەر و نامیلكەی هۆشیاركردنەوە. كە هەموو ئەوكارانە بە هاوكاری و هەماهەنگیی وەزارەتی كار و رێكخراوی ئێمە كراوە و، بە هیوای ئەوەین كە بتوانین پێگە و توانای ئافرەتان چ وەك ستاف و فەرمانبەرانی وەزارەت، چ وەك سوودمەندان و چ هەموو ئەوانەی كە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆیان بە وەزارەتەوە هەیە و هەوڵی دۆزینەوەی هەلی كار و خولی پیشەیی دەدەن، پاڵپشتییان بكەین و، پاڵپشتیی تەواوی ئەو ئافرەتانەش دەكەین كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، بە پێی ئەو تواناو دەسەڵاتەی كە هەمانە.» هەر لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: «ئامانج لە كردنەوەی ئەو یەكەیەو، بەدیهێنانی یەكسانیی جێندەرییە لە ناو دامودەزگاكانی حكومەت و كۆمەڵگەشدا، لە رێگەی بەرزكردنەوە و توانا و لێهاتوویی ئافرەتان و بەگەڕخستنی تواناكانیان بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو.»
لێرەوە ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی خانمان و ڕێكخراوی ئێمە كە هاوكار و پاڵپشتی تەواوی ئێمەن.
Top