دەمەوێت ببم بەپلاتفۆڕمێک بۆ خانمانی کورد، تاوەکو ئەوانیش بەھرە و تواناکانیان پەروەردە بکەن و خۆیان پێشبخەن

دەمەوێت ببم بەپلاتفۆڕمێک بۆ خانمانی کورد، تاوەکو ئەوانیش بەھرە و تواناکانیان پەروەردە بکەن و خۆیان پێشبخەن
شێف ئەژین داود، كە لە چێشتخانەی چوار ئەستێرەی مەكسیكی وەكو شێفی سەرەكی و بەڕێوەبەری چێشتخانەكە كار دەكات، هەروەها پەیجێكی لە سۆشیال میدیا بە ناوی ( خواردن و خۆشی ) هەیە، لە گفتۆگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی كارەكەی دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە كارەكەی بەر لەوەی پیشە بێت حەز و خولیا بووە و بەهۆی ئەزموونەوە ئەم خولیایەی پەروەردە كردووە، بە پێویستیشی دەزانێت كە خانمان بتوانن كاری ئازاد بكەن و ببنە خاوەنی كار و پڕۆژەی خۆیان.
لە دەستپێكدا بەمجۆرە خۆی بە خوێنەرانی گوڵان دەناسێنێت و دەڵێت:» ناوم (ئەژین)ە و تەمەنم ٣٤ ساڵە، لە هەولێر چاوم بە دونیا هەڵهێناوە و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بەخێزانی سەفەرمان بۆ وڵاتی هۆڵەندا كردووە و لەوێ نیشتەجێ بووین، هەموو قۆناغەكانی خوێندنم لە هۆڵەندا تەواو كردووە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسم لە زانكۆی فۆنتیس لە بەشی ژمێریاری بەدەستهێناوە، دوو خۆشك و دوو برام هەیە و خێزانێكی بەختەوەر و چالاكین. ماوەی ١١ ساڵە هاوسەرگیریم كردووە و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێم».
سەبارەت بە هۆكاری هەڵبژاردنی كارەكەی ئەو گوتی: «سەرەتای دەستكردنم بەم پڕۆژەیە بە خۆڕسكی بوو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ دەستم پێكرد، ئەوكاتە لە ماڵپەڕ و یانەی كورد ژیندا بە وێنە جۆری دروستكردن و فێركارییەكانی خواردنت بڵاودەكردەوە، چێشلێنەری بابەتێك نەبوو كە پلانم بۆ دانابێت، بەڵام كە دەستم پێكرد بە شێوەیەكی باش بەرنامەم بۆ دانا و هەروەها لەسەریش بەردەوام بووم هەتا ئێستا نەوەستاوم، چونكە دەزانم كە لەم ڕێگەیەوە سوودێكی زۆرم بۆخانمان هەیە، هەروەها حەزیش دەكەم ئەوەی كە فێربووم و دەیزانم لەگەڵ هەموو كەسێكدا دابەشی بكەم، هەتا زیاتر خزمەتی مرۆڤایەتی بكەم، ئەمەش بابەتێكە بەر لەوەی پیشە بێت حەز و خولیا بووە و ئیدی بەهۆی ئەزموونەوە ئەم خولیایەم پەروەردە كرد و هەتا گەیشتمە ئەم قۆناغەی ئێستا، ھەر لە سەرەتاوە دایكی خۆشەویاتم ھاوكاری و ھاندەری سەرەكیم بوە تاوەكو ئێستا».
هاوكات گوتی: «وەكو ئەژین داود دەمەوێت ببمە بە پلاتفۆڕمێك بۆ هەموو خانمانی كورد و ئەوانیش بەهرە و تواناكانیان پەروەردە بكەن و خۆیان پێش بخەن، چونكە كاتێك ژن ئابووری و دارایی سەربەخۆی هەبوو، هاوكات توانی شان بە شانی پیاو كار بكات، ئەمە هێزێكی زیاتری دەداتێ لە ژیانیدا و بەتایبەتیش لە كار و بڕیاردان، چونكە ئیتر ئەو ژنێكە ڕاهاتووە لەوەی كە چاوەڕێی دەستی كەس نەكات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەمەش وەها دەكات كە زوڵم و ستەم قبوڵ نەكات، بەتایبەتی كاتێك كەسێك بیەوێت توندوتیژی بەرامبەری ئەنجام بدات. لەبەرئەوە زۆر بە پێویستی دەزانم كە ژنان بتوانن كاری ئازاد بكەن و ببنە خاوەنی كار و پڕۆژەی خۆیان». لەبارەی ئەوەی كە خێزان و هاوسەرەكەی تاچەند هاوكاری بوون، ئەژین داود گوتی:» هەر لە سەرەتای دەستپێكمەوە تەواوی ئەندامانی خێزانەكەم پشتگیرییان كردووم بەتایبەتی دایكم، خۆشبەختانە ئێستا هاوسەركەشم كۆمەكم دەكات، بەهۆی هاندان و پشتگیری ئەوان ئەمڕۆ خاوەنی چێشتخانەی خۆمم، لە ڕێگەی گۆڤاری گوڵانەوە دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە پشتگیرییان كردووم».
Top