گەنجێكی پاقڵاوە فرۆش: هەر كاتێك بارودۆخ گونجاو بێت، حەز دەكەم دووبارە دەست بە خوێندن بكەمەوە

گەنجێكی پاقڵاوە فرۆش: هەر كاتێك بارودۆخ گونجاو بێت، حەز دەكەم دووبارە دەست بە خوێندن بكەمەوە
گەنجێكی دانیشتووری شاری رانیە كە تاقانە كوڕی خێزانێكە، بە كاری فرۆشتنی شیرینی لە سەر عارەبانە، هاوكاریی چوار خۆشكی دەكات، بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن. لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان داوا لە گەنجان دەكات، پشت بە هێز و توانای خۆیان ببەستن و تێكەڵ بە بازاڕی كار ببن.

دانا عەلی گەنجێكی تەمەن 21 ساڵە و دانیشتووی رانیەیە، لە ئێستادا لەسەر عەرەبانەكەی شیرینی و پاقڵاوە دەفرۆشێت. وەك خۆی باسیدەكات، تاوەكو پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندووە و دواتر بە هۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، تاقە كوڕی دایك و باوكیەتی و چوار خوشكی هەیە. لە بارەی ژیانی خۆی و خانەوادەكەشی دەلێت: «بە هۆی ئەوەی باری دارایی خێزانەكەمان خراپ بوو، نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم. ئێمە سەرەتا كرێچی بووین، دواتر باوكم خانوویەكی بچووكی كڕی، بەڵام پارەیەكی زۆر لە سەری قەرزار بووینەوە، بە خۆمان باری داراییمان باش نەبوو، قەرزدارییشی هاتە سەر، منیش تاقە كوڕی ماڵەوە بووم، ناچار بووم كار بكەم و یارمەتیی خێزانەكەم بدەم، چونكە مووچەی پێشمەرگایەتیی باوكم بەشی خەرجی و پێداویستیی قوتابخانەی خوشكەكانمی نەدەكرد.»
دانا عەلی لە گۆڕەپانی كاردا زۆر كاری تاقی كردووەتەوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەرەتا بە خورما فرۆشتن هاتمە بازاڕی كار، دواتر میوە فرۆشی، تەنانەت كۆنەفرۆشیشم كردووە.»
ئەو گەنجە لە كارەكەی رازییە و دڵخۆشە بەوەی كە توانیویوتی هاوكاریی خوشكەكانی بكات، بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن. ئەوەتا دەڵێت: «سوپاسگوزاری خوام كە خوشكەكانم كە هەر چواریان لە من بچووكترین لە خوێندن سەركەوتوون، تەنانەت خوشكە گەورەكەم كە پۆلی 12ی ئامادەییە نمرەكانی زۆر باشن و چاوەڕێی ئەوەی لێدەكەین لە داهاتوودا ببێتە پزیشك و خزمەتی خەڵكی بكات.»
سەبارەت بە كاری ئێستاشی گوتی: «رۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكو ئێوارە شیرینی و پاقڵاوە لەسەر عەرەبانەكەم بۆ وەستاكەم دەفرۆشم، ئەویش بەپێی بازاڕ رۆژانەم پێ دەدات، رۆژانەكەش 10 هەزار، یان 12 هەزار تا 15 هەزار دینارە، هەر كاتێكیش بارودۆخ گونجاو بێت، حەز دەكەم دووبارە دەست بە خوێندن بكەمەوە.»
دانا هانی گەنجان دەدات لە سەر پێی خۆیان بوەستن و لە رێگەی گۆڤاری گوڵان-ـەوە داوا لە گەنجانی وڵات دەكات و دەڵێت: «تكایە كار بكەن و كاركردن عەیب نییە، بەڵكو شەرەفە، پێویستە پشت بە هێز و توانای خۆتان ببەستن و دەست لەبەر كەس پان نەكەنەوە، لە كۆتاییشدا بە گەنجەكان دەڵێم تكایە هەرگیز بە كچی خەڵكی رامەبوێرن و دەستی هیچ كچێك مەبڕن، چونكە هەموومان دایك و خوشكمان هەیە، لەبەر ئەوەش ئەو قسەیە دەكەم لە ئێستادا بەشێكی زۆری گەنجان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە لە ژێر بیانووی جۆراوجۆر كچان فریو دەدەن».
Top