لەیلا محەمەد عەلی: نزیكەی 3000 ئافرەت لەسەر دەستی من فێری شوفێریی بوون

لەیلا محەمەد عەلی: نزیكەی 3000 ئافرەت لەسەر دەستی من فێری شوفێریی بوون
* لە سەرەتاوە ئەو بیرۆكەیەت چۆن لا دروست بوو، كە راهێنانی شۆفیریی بە خانمان بكەیت؟
- یەكەمجار كە خۆم فێری شوفێری بووم، پیاوێك راهێنانی پێ كردم، بە حوكمی ئەوەی ئەو پیاو بوو، منیش ئافرەت بووم، فێربوونم ئاسان نەبوو، تەنیا دوو رۆژ مامەوە و دواتر راهێنانەكەم بەجێهێشت، لە ماڵەوە خۆم فێری شوفێریی كرد، پاش ماوەیەك تووشی رووداوی هاتوچۆ بووم و ئۆتۆمبێلەكەم وەرگەڕا و كەوتمە نەخۆشخانە، هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە بە جوانی و بە قانوونی فێری شوفێریی نەببووم، بەڵكو بە هەڕەمەكی فێر ببووم، لەو كاتەوە بڕیارمدا راهێنانی شوفێری بە خانمان بكەم. لەو باوەڕەدام ئەگەر ئافرەت بە شێوەیەكی رێكوپێك فێری شوفێریی بكرێت، زۆر كەمتر تووشی سەرپێچی رووداوی هاتوچۆ دەبن، چونكە خانمان حەز لە سەركێشی و دەرچوون لە یاسا ناكەن، جگە لەوەش ژن لەگەڵ ژن مورتاحترە و ئاساییترە و دەتوانێ بە تەنیا لەگەڵ راهێنەری ژن راهێنان بكات، بە پێچەوانەوە ئافرەت كە لەگەڵ راهێنەرێكی پیاو بێت، ئاسوودە نییە و پێویست دەكات، یان حەز دەكات لە ناو ئۆتۆمبێلەكە كەسێكی خۆی لەگەڵدا بێت. من خۆم فەرمانبەر بووم، بەڵام حەز و خولیام بۆ ئەو كارە زۆر بوو، لەبەر ئەوە وازم لە فەرمانبەری هێنا.
* كێ هاندرەت بوو؟ كۆسپەكانی بەردەمت چی بوون؟
- كە دەستم بەو كارە كرد، كەس هاندەرم نەبوو، بگرە رێگریی زۆریشم لەلایەن خێزانەكەمەوە لێ كرا، تەنانەت چواردەورەكەشم دژایەتییان كردم، لەگەڵ هاوسەرەكەم كێشەی زۆرم بۆ دروست بوو، بەڵام نەیانتوانی لە ئامانجەكەم ساردم بكەنەوە و كۆڵم نەدا و دەستم پێكرد، ئەو كارە پێش ئەوەی میهنە و سەرچاوەی داهاتم بێت، حەز و خولیایە و ئیشەكەمم زۆر خۆش دەوێت.
* كەی دەستت بە كاری راهێنانی شۆفیریی كرد و لە نووسینگەكەت چەند كەس كار دەكەن؟
- لە ساڵی 2010 وەكو راهێنەرێك دەستم پێكرد، دواتر نووسینگەیەكی تایبەتم كردەوە و لە نووسینگەكەدا بە خۆم هەموو كارەكانم رادەپەڕێنم و، تا ئێستا كارمەندم لەبەر دەستدا نەبووە.
* وەكو هاوسەر و دایك چۆن توانیوتە هاوسەنگی لە نێوان ئەركەكانت رابگری؟
- راستە بە هۆی كاروباری ماڵ و پەروەردەی منداڵ و كاری دەرەوە زۆر ماندوو دەبم، رۆژی وا هەبووە 12 سەعات كارم كردووە و هەر سەعاتێكیش خانمێكم لەگەڵ بووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە بەهۆی خۆشەویستیم بۆ كارەكەم توانیومە فریای هەموو كارەكانم بكەوم، بۆ من دەستكەوتێكی مەعنەوی گەورەیە كە لە ماوەی ئەو 11 ساڵەدا نزیكەی 3000 ئافرەت لەسەر دەستی من فێری شوفێری بوون.
* خەون و خولیای دیكەت چین؟
- ئەگەر بە دەست خۆم بووایە، زۆرترین پڕۆژەم بۆ خانمان دەكردەوە، حەز دەكەم هەرچی ژنە موحتاجی دەستی كەس نەبێت و چاوەڕێی هاوكاری لە كەس نەكات، ئامۆژگاری و پێشنیاریشم بۆ ژنان ئەوەیە كە هەوڵبدەن ببنە خاوەن كار و پڕۆژەی خۆیان و پێداگری لەسەر ئەو كارە بكەن كە ئامانجیانە، بێگومان دەتوانن بە ئیرادەی خۆیان و بە هەوڵ و تێكۆشان و پێداگری بە ئامانجەكانیان بگەن، واتە بە بڕوابەخۆبوون و سووربوون لەسەر داواكەیان دەتوانن قەناعەت بە چواردەوریشیان بكەن، من بەشبەحاڵی خۆم شەڕ و دەنگەدەنگی زۆرم لەسەر ئیشەكەم كردووە، بە پێداگری و پشتبەستن بە هێز و تواناكانیشم توانیومە كارەكەم لەلای دەوروبەرم ئاسایی بكەم، سەرەتا وەكو یەكەم ئافرەتی راهێنەر كارەكەم زۆر سەخت بوو، لەلایەن خەڵكییەوە رووبەڕووی قسەی ناخۆش و توانجی نابەجێ دەبوومەوە، بەڵام نابێت ژن دەستەوئەژنۆ دابنیشێت و بڵێ لەبەر ئەوەی ژنم ناتوانم و پێم ناكرێت، چونكە شتێك نییە بە ناوی پێم ناكرێت، مرۆڤ كە ئیرادەی هەبوو، هەموو شتێكی پێ دەكرێت، پێویستە مرۆڤ چ ژن بێت چ پیاو شوێن پەنجەی لە ژیاندا هەبێت، خوای گەورە بۆ ئەوە خەلقی نەكردووین، تەنیا بخۆین و بخەوین، بەڵكو هەوڵدان و كاركردن لە ژیانی هەر هەموومان بابەتێكی دانەبڕاوە، پێموایە هەر ئافرەتێك خاوەن پیشە و داهاتی خۆی بێت و خەرجی خۆی لە گیرفانیدا بێت، زۆر كەمتر رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، هەركاتێكیش توندوتیژی و ئیهانەی بەرامبەر كرا، ناچار نابێت ئیهانەی كەس قبووڵ بكات، چونكە پشتی بە تواناكانی خۆی قاییمە، بەداخەوە زۆربەی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و بەرگەیان گرتووە، خاوەن داهاتی سەربەخۆ نین.
Top