عارف روشدی: راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان. . . هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ پەرەپێدانی یەكسانی و پاراستنی مافە رەواكانی ئافرەتانی كوردستان

عارف روشدی: راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان. . .    هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ پەرەپێدانی یەكسانی و پاراستنی مافە رەواكانی ئافرەتانی كوردستان
عارف روشدی سیاسەتمەدار و راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵیادی رۆژی جیهانیی ئافرەتان و لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لەوە دەكات كە ئافرەتی كورد بە هۆكاری خەبات و ململانێی درێژخایەنی نێوان گەلەكەمان و داگیركەراندا، بەشی شێریان لە ماندوبوون بەركەوتووە. هەر لەم دیمانەیەدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە كۆنگرەی چواردەی پارتیدا، ئافرەت بوونی كاریگەری دەبێت و، ئافرەتانیش دەتوانن لە هەموو پێگە حزبییەكاندا شوێنی خۆیانیان هەبێت.
* رۆژی هەشتی مارس وەك رۆژی جیهانیی ئافرەتان دەستنیشان كراوە، ئەمەش وەك رێزلێنانێك لە توانا و لێهاتوویی ئافرەتان لە بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، بەڵام بۆ ئافرەتانی كوردستان، توانا و لێهاتوویی ئافرەتان بوارەكانی شۆڕشگێری و خەبات و پێشمەرگایەتیش دەگرێتەوە، ئایا ئەم رۆژە بۆ ئافرەتانی كوردستان چۆن رێزی لێ بگیرێت باشە؟
- ئافرەت لە كوردەواریدا هەمیشە جێگای رێز بووە، ئەگەر هەندێ رووداوی نەخوازراو و هەڵسوكەوتی دواكەوتووی توێژێكی ناهوشیار جیا بكەینەوە، بارودۆخی ئافرەتانی كوردستان لە ئاستێكی گونجاوتردا بووە بەراورد بە هەندێ كۆمەڵگەی دیكە، ئافرەتان بە هۆكاری خەبات و ململانێی درێژخایەنی نێوان گەلەكەمان و داگیركەراندا، بەشی شێریان لە ماندووبوون بەركەوتووە، كاتێك هاوسەرەكانیان، كوڕەكانیان، لە زینداندا، یان لە رێزی خەباتی پێشمەرگایەتیدا دەبوون، تەواوی ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری خێزانەكانیان دەگرتە ئەستۆ، زور جاریش دوو چاری گرتن و راوەدوونان دەبوون و، بەڵكو لە سێدارەدان و ئەنفالكردنیشدا سەرمەشق بوون. بۆیە هەر لە سەرەتای دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی پەرلەمان، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ هێنانەدی یاسای گونجاو لە پێناوی پەرەپێدانی یەكسانی و پاراستنی مافە رەواكانی ئافرەتانی كوردستان، تا ئێستاش هەنگاوی باش لەو بوارەدا هاوێژراوە، پێویستیش دەكات بەردەوامییان هەبێت، تا دەگەینە بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و دوور لە هەر جۆرە جیاكارییەكی رەگەزی .
* ئەگەر ئەم رۆژە بكەینە دەرفەت بۆ ئەو پرسیارەی كە هەموو كات دووبارە دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە بەشداری پێكردنی ئەقڵی ئافرەت لە داڕشتنی تێكڕای سیاسەتی وڵات چ پێگەیەكی هەیە و، ئایا ئێوە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تاچەند بڕواتان بە بەشداریپێكردنی ئەقڵی ئافرەت لە دروستكردنی سیاسەت و بڕیاردا هەیە؟ ئەگەر بڕواتان پێیەتی، بۆچی رێژەی ئافرەت لە سەركردایەتیی پارتی 10% و لە مەكتەبی سیاسیش سفرە؟
- سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا، پێویستە بە بیرتان بهێنمەوە: بارزانیی نەمر لە چەندین بۆنەدا ئافرەتانی كوردستانی بە نموونەیی باسی كردوون، تا ئەو راددەییەی ئەركی ئافرەتی زۆر زیاتر لە پیاوان ناساندووە و، رێزی زۆری لێ گرتوون، هەروەها پارتی هەر زوو لە سەركردایەتیی حزبدا ئافرەتی بەشدار كردووە. بۆ نموونە ناهیدە شێخ سەلام و زەكییە ئیسماعیل حەقی و دواتریش بەردەوام رێژەی كادیری سەركردایەتی ئافرەت لە برەودا بووە، بێجگە لەوەی پەیتا پەیتا بوونی ئافرەتان لە كایەی پەرلەمانی و حكوومی فەراموش نەكراوە، ئێستا هیچ دەزگایەكی حزبی نییە ئافرەتی لەخۆ نەگرتبێت و، ئافرەتانیش لە زۆر بواری خزمەتگوزاریدا توانیویانە كاریگەریی خۆیان بسەلمێنن، تەنانەت سەدان ئافرەت لە بواری پێشمەرگایەتی، ئاسایش و پۆلیسدا لە پلەی بەرپرسیارەتیدان .
* یەكێك لە دروشمە دیارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان «ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی»یە، ئەگەر لەم دروشمەوە تەنیا سەیری چەمكی ئازادی بكەین، ئایا لە كۆمەڵگەیەكدا نەتوانرێت ئازادی بۆ ئافرەت فەراهەم بكرێت، بۆچی «ئازادی» دەبێتە دروشمی پارتێكی دێرینی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان؟
- ئازادی وەك هەر كردەیەكی كۆمەڵایەتی - سیاسی، بە قۆناغبەندیدا گوزەر دەكات. چەند كۆمەڵگە لە برەودا بێت لە بواری گەشەكردنی هزری، خوێندەواری، ئابووری و سیاسی، ئەوەندە ئازادی باشتر چەكەرە دەكات. پارتی بە تەواوی پشتگیریی سەرجەم ئازادییەكان دەكات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، ئازادی كۆت و بەندی نییە، بەڵام سنووری هەیە. ناكرێت ئازادی بە كردەوەی ناجۆر لەكەدار بكرێت. هەموو مرۆڤیك دەبێ ئازاد بێت، بە مەرجێك ئازادیی خەڵكی دیكە پێشێل نەكات و نەبێتە هۆكاری شڵەژانی كۆمەڵگە.
* ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەو كۆنگرەی 14 هەنگاو هەڵدەگرێت. ئایا لە كۆنگرەی داهاتوو، رێژەی ئافرەت لە سەركردایەتیی پارتی چۆن دەبێت؟ ئایا ئەم رێژەیە تەنیا بۆ ژنان و كچانی بەرپرسەكان و كەسوكاری شەهیدانە، یان كاندیدكردنی ئافرەت بۆ سەركردایەتیی پارتی لەسەر بنەمای لێهاتوویی كادیرە لێهاتووەكانی پارتی دەبێت؟
- دڵنیام لە كۆنگرەی چواردەی پارتیدا، ئافرەت بوونی كاریگەری دەبێت و، ئافرەتانیش دەتوانن لە هەموو پێگە حزبییەكاندا شوێنی خۆیانیان هەبێت. هاتنە پێشەوەی ئافرەت بەستراو نییە بەوەی خێزان، یان كچی سەركردەكان بن، بەڵكو لە سەر توانا و لێهاتووییان دەوەستێت. ئەگەر كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان بە توانای خۆیان بتوانن پێشبڕكێ بكەن، بە دڵنیاییەوە جێگای خۆشحاڵی دەبێت، لەمەشدا ئەگەر هەندێ هەلیان بۆ بڕەخسێندرێت كارێكی نامۆ نابێت .
* باسی ئەوەتان نەكرد، بۆچی ئافرەت لە مەكتەبی سیاسیدا بوونیان نییە، ئایا هۆكارەكەی پیاوسالارییە، یان بێ توانایی ئافرەتانە؟
- باسم كرد و گوتم لە داهاتوودا لە هەموو پێگەكانی حزبدا بوونیان دەبێت. واتە لە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیشدا دەبن.
* پرسی یەكسانی و مافی ئافرەت تاچەند لە ژیانی كۆمەڵایەتیی خۆتاندا رەنگی داوەتەوە؟
- وا باشتر بوو، ئەم پرسیارەتان ئاراستەی خێزانەكەم بكردایە، بە بیرمدا نایەت، رۆژێك لە رۆژان كێشەمان هەبووبێت لەو بارەیەوە. هەرگیز لەگەڵ هاوسەر و كوڕ و كچەكانمدا بە بیری جیاكاری و توندڕەوی مامەڵەم نەكردووە و، هەمیشە پرس و رام هەیە لە گەڵیاندا، بەلكو زیاتر راو بۆچوونەكانیان سەردەگرن لە بارەی هەر كارێكدا كە گفتوگۆی تێدا دەكەین.
Top