ئیندیپێندێنت: لە عێراق تازە شەپۆلە خوێناوییەكەی كۆرۆنا سەرهەڵدەدات

ئیندیپێندێنت: لە عێراق تازە شەپۆلە خوێناوییەكەی كۆرۆنا سەرهەڵدەدات
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕۆژنامەی (ئیندیپێندێنت)ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە كاتێكدا جیهان چاوەڕێی كۆتاییهاتنی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە، پزیشكانی پسپۆر لە بەغدا پێیانوایە هێشتا خراپترین مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا دەستی پێنەكردووە و تازە شەپۆلە خوێناوییەكە سەرهەڵدەدات.

ڕۆژنامە ئینگلیزییەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ئێستا عێراق لە چنگی خراپترین شەپۆلی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادایە، ڕۆژانە دەوروبەری هەشت هەزار تووشبووی نوێ تۆمار دەكرێن، بەڵام لە ڕاستیدا پێدەچێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت، بەڵام كەموكورتی لە پشكنینەكاندا وای كردووە، ڕێژەی ڕاستینەی تووشبووانی ڕۆژانەی پەتاكە لە عێراق دەرنەكەوێت.

بەپێی ئیندیپێندێنت، ژمارەی تووشبووانی پەتاكە لە عێراقدا، لە یەك ملیۆن تووشبوو نزیك دەبێتەوە، لەگەڵ مردنی نزیكەی ١٥ هەزار تووشبوو.

ڕۆژنامەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق چەندین جار هۆشداری داوە كە ئەگەر هاووڵاتییان بەردەوام بن لە پشتگوێخستنی ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە پەتاكە، دەرەنجامی مەترسیدار چاوەڕێ وڵاتەكە دەكات.

لەبارەی شەپۆلی نوێی پەتاكەشەوە، دكتۆر عەلی عەقیل ئەندامی ڕێكخراوی پزیشكانی بێسنوور ڕای گەیاندووە كە تیمە پزیشكییەكان بێ وچان كار دەكەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە ژیاندا بهێڵنەوە، بەڵام ئەم شەپۆلە نوێیەی كۆرۆنا بە خێراییەكی زۆر بڵاو دەبێتەوە، دۆخەكە وەكو ئەوەیە لە ماراسۆنێكدا ڕابكەین و خاڵی كۆتایی ماراسۆنەكەش بەردەوام لە جووڵە و گۆڕاندا بێت و پێینەگەین.

دكتۆر عەقیل پێی وایە یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم شەپۆلە نەبوونی ڕۆشنبیریی پزیشكییە لەلایەن خەڵكی وڵاتەكە و خۆنەپاراستن و گوێنەدانیانە بە ڕێنماییەكان.












باسنيوز


Top