ڕاکان جبووری بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت

ڕاکان جبووری بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت
دەستەی دەستپاكیی عێراق بەهۆی گەندەڵیی دارایی، فەرمانی ئامادەبوون لەبەردەم دادگا بۆ پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیوانی پارێزگای كەركووك دەردەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/4/2021، دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: "فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكی لێكۆڵینەوەی لە دۆسیەیەكدا كردووە و پاشان ئاراستەی دادگای كردووە و لەو چوارچێوەیەدا دادگا فەرمانی ئامادەبوونی پارێزگاری كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیوانی پارێزگای كەركووكی دا كە ئەوانیش بریتین لە بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەكان و پلاندانان و ئەندازەی دیوانی پارێزگا، هەروەها بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی دیوانی پارێزگا بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری نایاسایی".

لە ڕاگەیەندراوەکدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "بەپێی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی ئەو كەسانە بانگهێشتی دادگا كراون، كە سەرپێچییان لە باڵاخانەی نوێی پارێزگای كەركووك كردووە كە گەندەڵییان لە گەیاندنی كارەبا بۆ باڵاخانەكە، هەروەها لە كڕینی شتومەك بۆ هۆڵی چاوەڕوانی باڵاخانەكە كردووە".

پێشتریش هەمان دەستە فەرمانی ئامادەبوونی بۆ پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و ژمارەیەك بەرپرسی دیوانی پارێزگای كەركووك دەرکردبوو كە گەندەڵێیان لە دروستکردنی بینای قوتابخانەیەكدا كردبوو.

لەمبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/4/2021، كامەران كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "كاری سەرەكیی چاودێریكردنی حكوومەتی خۆجێی هەر پارێزگایەك ئەنجوومەنی پارێزگایە و ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە گەندەڵی لە كەركووك زۆر بووە، هەروەها لەسەر گەندەڵیی ئیداری و دارایی دەستەی دەستپاكی دەتوانێت لێكۆڵینەوەی خۆی بكات و بەرپرسان ڕاپێچی بەردەم دادگاكان بكات".

گوتیشی: "دیارە كە گەندەڵییەكانی ڕاكان جبووری زۆرن و بە ئاشكرا دەكرێن و نكۆڵی لێ نەكراوە و تەنانەت پێكهاتەی عەرەبیش دان بە گەندەڵییەكانی ڕاكان جبووریدا دەنێن و لێی ناڕازیین، بۆیە ئێستا دەستەی دەستپاكی چاودێری خۆی دەكات، بەڵام كاتێك كە بەرپرسێك ڕاپێچی بەردەم دادگاش دەكرێت، ڕەنگە ئەو بەرپرسە دەرچەیەك بۆ خۆی بدۆزێتەوە و خۆی لەو دادگاییكردنە قورتار بكات، هەروەها بەرتیل دەدەن و بە چاوسووركردنەوە لە شایەتەكان، بەو چەشنە ئەو بەرپرسانە خۆیان لەو گەندەڵییانەی كە دەیكەن ڕزگار دەکەن".









باسنيوز


Top