پەرلەمانتاران واژۆ بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی عێراق بۆ پەرلەمان کۆ دەکەنەوە

پەرلەمانتاران واژۆ بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی عێراق بۆ پەرلەمان کۆ دەکەنەوە
بەهۆی باجی سەر مووچە، لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی کۆ دەکرێتەوە.

مونا غەرابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە: سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، عەلی عەلاویی وەزیری دارایی سوورە لەسەر باجدانان لەسەر مووچەی فەرمانبەران.

مونا غەرابی هەروەها رایگەیاندووە: دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کردووە، بۆ ئەوەی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن عەلی عەللاوی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێ و ئەگەر روونکردنەوەکانی بەپێی پێویست نەبوون، هەنگاو بەرە لێپرسینەوە و لەسەرکارلادانی دەگیرێتە بەر.

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەی (ج) لە ماددەی 34ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 کردەوە، کە تێیدا باس لە سەپاندنی باج بەسەر مووچەخۆران، کراوە.




باسنيوز
Top