جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتی (حەل) دەستگیر کرا

 جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتی (حەل) دەستگیر کرا
سەرۆکی حزبێکی عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی، دەستگیر کرا.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 18-4-2021، جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتی (حەل) لە ناوچەی یەرمووک لە بەغدا، دەستگیر کراوە.

زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە جەمال کەربولی و لوئەی کەربولیی برای، لەلایەن هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەستگیر کراون.

پێشتریش لە مانگی 8ـی 2020، دادگای رەسافە لە بەغدا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی گۆرانی و هەڵپەڕکێ لە شەوی عاشورا لە کەناڵی دیجلە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ جەمال کەربولی، خاوەنی کەناڵەکە دەرکردبوو.

کەناڵی دیجلە بە سووکایەتیکردن بە هەستی شیعەکان، کە لە یادی عاشورادا گۆرانی پەخش کردبوو، تۆمەتبار کرا و بەهۆی پەخشکردنی گۆرانییەکەشەوە، کەناڵەکە لەلایەن توندڕەوەانەوە لە بەغدا، سووتێندرا.

عاشورا (10ـی مانگی موحەرەمی ساڵی کۆچی)، لە لایەن شیعەکان رۆژی ماتەمە، بەهۆی ئەوەی ئیمام حوسێن، ئیمامی سێیەمی شیعەکان لەو رۆژەدا گیانی لەدەست داوە.





باسنیوز
Top