لەساڵیادی دامەزراندنیدا..
زاگرۆس .. مینبەرێك بۆ راستگۆیی و داهێنان

لەساڵیادی دامەزراندنیدا.. <br /> زاگرۆس .. مینبەرێك بۆ راستگۆیی و داهێنان
لەبارودۆخێكی سیاسی و ئابووری تایبەتدا لە 13/6/2005 زاگرۆس تیڤی لەدایكبوو، هەر لەسەرەتادا ئەم كەناڵە هەوڵیدا تایبەتمەندی و جۆرە جیاوازییەكی لەگەڵ كەناڵەكانی دیكەی ئاسمانی پێوە دیار بێت و جیاواز بێت، ئەوە بوو ئەم كەناڵە هەر لە دەسپێكی پەخشكردنی بەرنامەكانییەوە یەكێك بووە لە كەناڵە پێشكەوتووەكانی كوردستان، توانی شوێنی خۆی لای بینەرانی بكاتەوەو بەكۆمەڵێك پرۆگرام و بەرنامەی نوێوە خزمەت بەبواری راگەیاندنی كوردستانی بكات، ئەم كەناڵە تاڕادەیەكی باش توانی بەلیبرالی كار بكات و بەجۆرێك ئاراستە نەكرا كە ئەرك و پەیامی پیشەیی و راستگۆیی خۆی لەدەست بدات. كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەناو چوارچێوەی پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و هەنگاونان بەرەو وروژاندنی خواست و داخوازی خەڵكی كوردستان؛ وایكردووە ئەم كەناڵە ببێتە مینبەری جیاوازی بیروڕا، هەر بۆیە زاگرۆس رۆڵی لە قووڵكردنەوەی كەلتووری دیموكراسی و ڕێزگرتن لەبەرامبەر هەبووە، بەتێپەڕبوونی كاتیش لەگەڵ ئەم رەوتەدا رۆیشتووەو دەوڵەمەندتری كردووەو، وایكردووە لەشاشەی زاگرۆسەوە رای جیاواز ڕێزی لێبگیرێت. كەناڵێك ئەمە پەیام و مەبەستی بێت هەرچاوەڕێی داهێنانی زیاترو باشتری لێدەكرێت، تاوەكو لە ڕێگای بەرنامەكانییەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بە تاكی كوردستانی بكات.
گۆڤاری (گوڵان)



زاگرۆس . بەردەوام داهێنانی نوێ دەكات
زاگرۆس سەرەڕای پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە زۆر رووەوە هەوڵیدا شتی نوێ بهێنێتە نێو راگەیاندنی كوردستانییەوە، بەمەش خەڵكێكی زۆر لەبەرنامە رۆشنبیری و هونەری و رەنگاو رەنگەكانی سوودمەند بوون، «نیاز لاجانی» بەڕێوەبەری زاگرۆس تیڤی دەڵێت» زاگرۆس بەهۆی راستگۆیی و خێرایی لەگەیاندن و بەرنامە جۆراو جۆرەكانی توانیویەتی شوێنی خۆی لەناو جەماوەر بكاتەوە. بەشێوەیەكی گشتی ئیتیكی راگەیاندنی تێدا رەچاوكراوە، لە هەمانكاتدا توانیومانە خۆمان بەدڵسۆزی حكومەت و میللەت بزانین. لەبواری میدیاییدا كادیری باش و بەتوانا دروست بكەین و داهێنان بكەین. زاگرۆس بەوە بەناوبانگە كە بەردەوام داهێنانی نوێ دەكات» نیاز باس لەوە دەكات كە زەمینە سازكردنی راگەیاندن لە كوردستان كارێكی ئاسان نییە ئەویش بەهۆی دوو لایەنەوە سەرەتا لایەنی ئابووری كە حكومەت ئامادە نییە بۆ راگەیاندنەكان ئەو بڕە پارەیە تەرخان بكات، كە لە چاو ئەو پێوەرەی لە جیهان بۆ راگەیاندن خەرج دەكرێت. هەروەها نەبوونی كادیری زۆر بەتواناو پرۆفیشناڵ گرفتێكی دیكەیە، ناشەرەزایی ئەوانە بۆتە هۆكاری ئەوەی كە هەندێك بەرنامە هەبووە سەركەوتوو نەبووە» بەرێوەبەری زاگرۆس تیڤی لە كۆتایی قسەكانیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم كارمەندەكانی ناو دەزگاكە و خەڵكی دەكات و پەیمان دەدات كە بەردەوام كاری باشتر و بەرنامەی جوانتر ئامادە بكەن «.


بەكۆمەڵێك بەرنامەی نوێ و لەئاست ستانداردی جیهانی .. زاگرۆس پێشەنگ بوو
زاگرۆس تیڤی توانی بەبەرنامەی نوێ گوڕێكی نوێ بداتە راگەیاندنی كوردستانی، خەڵكی كوردستان زوو هەستیان بەمە كرد لە پرۆگرامەكانی سوودمەند بوون، لەمەشدا زاگرۆس پێشەنگ بوو بەوەی كۆمەڵێك بەرنامەی نوێی داهێنا، كە لەئاست ستانداردی جیهانی بوو بەتەكنیكێكی نوێ و لە ڕێگای نوخبەیەك لە پێشكەشكارانی بەتواناو لێهاتوو. زەهاوی سەنجاوی بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەكان لە كەناڵی زاگرۆس تیڤی باس لەوەدەكات كە زاگرۆس تیڤی توانیویەتی بەرنامەی نوێ بەرهەم بێنێت و كامیرە بگەیەنێتە ناو ماڵەكان و شەقامەكان و خۆی لە جەماوەر نزیك بكاتەوە، زەهاوی دەڵێت» ئێمە توانیمان لەڕێگای كۆمەڵێك بەرنامەی نوێوە بەرنامەی تری جۆراو جۆر لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و ئایینی بۆ خەڵك ئامادە بكەین.
ئامادەكردنی بەرنامەی نوێ و داهێنان لەبواری راگەیاندن پێویستی بە ئیمكاناتی دارایی و بوونی راگەیاندكاری لێهاتوو هەیە، ئەمە جگە لەئاستەنگی دابونەریتی كۆن، یەكێكیش لەو گرفتانەی كەناڵەكانی راگەیاندن بەدەستییەوە گیرۆدەن بوون ئەو ئیمكانات و یارمەتییە حكومییەیە، یا بوونی ئاستەنگی دابونەریتی كۆمەڵایەتییە. لەم رووەوە بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەكانی زاگرۆس دەڵێت: چەندین بەرنامەی زۆر قورس هەبوو نەمانتوانی لەسەری بەردەوام بین بۆ نموونە وەكو بەرنامەی (بڵێ)، كە بەرنامەیەكی كۆمەڵایەتی بەدوای دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكەوە بوو، بۆیە بەردەوام كێشەمان هەبوو لەوەی كە خاوەن كێشەكە ئامادە نەدەبوو بێتە سەرشاشەی كەناڵێك» هەروەها زەهاوی دەڵێت» پێویستە حكومەت ناوەندێك دروست بكات دوور لە سیاسەت و حزب بۆ پێشكەشكردنی كاری جوان بۆ جەماوەر بۆ نموونە تاوەكو ئەمڕۆ لە كوردستان بەرنامەیەكی منداڵانی پێشكەوتوومان نییە ئەویش بەهۆی ئەوەی ئابوورییەكی باشی دەوێت، بۆیە داوكارم لە حكومەت بتوانێت ناوەندێك دروست بكات كە كەسانی شارەزاو پسپۆر كاری تێدا بكەن بۆ بەرەوپێشچوونی میدیا بەگشتی .


زاگرۆس تیڤی مانای هزرو بیری جیاواز
زاگرۆس تەنیا بەوە نەناسراوە كە كەناڵێكی راستگۆو پڕ لە داهێنانە، بەڵكو لەبواری یەكسانی و مافی ئافرەتیش هەنگاوی بوێرانەی ناوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرۆگرامەكانی هەمیشە پێشەنگ بوون لە ڕێگا گرتن لەتوندوتیژی دژ بە ئافرەت، هەر بۆیە زاگرۆس شانازی بەوەوە دەكات كەنەك تەنیا لەم پەیامەدا سەركەوتوو بووە، بەڵكو رۆڵی هەبووە لە لابردنی زۆر دابونەریتی كۆن و خراپی ناو كۆمەڵگای كوردستانی، تەنانەت دەركەوتنی بێژەرە ئافرەتەكان و بووێرەكان شاهدی ئەو راستییەن، لەمڕووەوە هیرۆ مەولودی بێژەر لە كەناڵی زاگروس تیڤی بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: كاركردن لە بواری راگەیاندن بۆ كچان جیاوازترە لە بوارەكانی دیكە، بۆیە پێویستە متمانەیان بەخۆیان بێت ئاستی رۆشنبیرییان بەرزبێت» ئەو كچە دەڵێت» بەگوێرەی ئەوەی حكومەت و كەناڵەكانی راگەیاندن گرنگی بە ئافرەت دەدەن و هەوڵدەدەن ئافرەت لەو بوارەوە بێتە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە كچان زۆر بەكەمی خۆیان لە بواری راگەیاندن دەدەن، ئەویش بەهۆی ئەوەی رەوتێكی كۆمەڵایەتی زاڵە بەسەر كۆمەڵگا، من پشتگیری ئەو رەوتەی زاگرۆس تیفی دەكەم كە هانی كەسانی تر بدەن بۆ كاركردن تەنیا ئاڵا هەڵگری دروشمە زەقەكان نەبن و بەكردەوە پشتی ئافرەتان و كچان بگرن. زاگرۆس تیڤی توانیویەتی وا لەمن بكات من جوانی و خۆشەویستییەكی بێ هاوتام بۆی هەبێت، بۆیە دەڵێم مانای زاگرۆس تیڤی بۆ من واتە هزرو بیری جیاواز، لێك تێگەیشتن و نزیكبونەوەیەكی جوان و مانادار، ماڵێكی جوان و خۆش و حەسانەوەی مێشك و رۆح، هیوادارم بتوانین بەرنامەو پرۆگرامی دارێژراوی باشتر لەو ساڵ ئامادەبكەین بۆ بەرزكرنەوە هۆشیاری ئاستی كۆمەڵایەتی تاكەكان»


هێنانی داهێنان و گۆڕان لە ڕێگای بێژەرە سەركەوتووەكانەوە بەرهەم دێن
زاگرۆس شتی نوێی هێنایە سەر شاشەی راگەیاندنی كوردستانی، گفتوگۆی بنیاتنەرانەو راستگۆیانە دوور لە توانج و ئازاردانی بینەرەوە لە زاگرۆس پەرەی سەند، ئەمەش وایكرد میوانەكان بەجیاوازی راوبۆچوونەكانییانەوە بەم شاشەیە ئاشنا بن و بگرە ببنە میوانی بەردەوامی زاگرۆس، تەنانەت نزیكبوونەوەی پەیامنێرو پێشكەشكارەكانی لە جەماوەرو خەڵكی ئەوەندەی تر خەڵكی ئاشناكرد بە زاگرۆس، هەر بۆیە زاگرۆس رۆڵی لە قۆڵكردنەوەی كلتووری دیموكراسی و ڕێز گرتن لەبەرامبەر هەبووە، ئەم واقیعەو بەرەوپێشچوونە هەر خۆی لەخۆیەوە دروست نەبوو یا رێكەوتێك نەبوو، بەڵكو بوونی راگەیاندكاری پسپۆر و شارەزاو بەتوانا وایكرد بێژەری پڕ لەبەهرەو ئازایانە هەڵكەوێت. لەمبارەیەوە ئاشنا عەبدولڵا غەفوور بێژەری هەواڵەكان لە زاگرۆس تیڤی بە پێویستی دەزانێت بێژەری سەركەوتوو لە كوردستان لە باكگراوندێكی رۆشنبیرو ئەدای تەواو لە زمانەوانی و روخسارێكی شیاوی هەبێت. ئاشنا دەڵێت» زاگرۆس درێژەپێدەری كارەكانمە وێرای پیرۆزبایی لە خۆمان و بینەرانی شاشەی ztv هیوادارین لە ساڵی ئایندەدا پرۆگرامەكانی بەرەوپێش بچێت و گۆڕانكاری تەواوە بەخۆیەوە ببینێ كە جێگای سەرنج و رازیبوونی سەرجەم بینران بێت، بەتایبەت هەوڵبدرێ گۆڕانكاری لە بەشی دەنگ و باسدا بكرێت.


كەناڵێك چاوەڕێی كاری باشتری لێدەكرێت
كەناڵێك بتوانێت وا نزیك بێت لەجەماوەرو ببێتە مینبەرێك بۆ كۆكردنەوەی را جیاوازەكان و سەرقاڵی داهێنان بێت، هەر چاوەڕێی زیاتری لێدەكرێت، زاگرۆس هەر لە دەستپێكی پەخشەوە توانی راستگۆیی پەیامی رێزگرتن لە راو بۆچوونی جیاواز بپارێزێت، بەكۆمەڵێك بەرنامەو پرۆگرامی نوێوە راگەیاندنی كوردستانی دەوڵەمەندتر بكات، لەساڵیادی ئەو كەناڵەدا پیرۆزبایی لە كادیرو راگەیاندكارو پێشكەشكاری بەرنامەكانی دەكەین هیوادارین بەڕێوەبەرو بەرپرسانی ئەم كەناڵە بتوانن زیاتر لە ڕێگای پسپۆرایەتی و شارەزاییەوە خزمەت بە رۆژنامەنووس و راگەیاندكارەكانیان بكەن و زیاتر بەرەو داهێنانیان ببەن و، بەئەقڵییەتێكی دامەزراوەیی پرۆفیشناڵییەوە بەشێكی كارا لە دەنگ و رەنگی میدیای كوردی بۆ پێشەوە ببرێت.
Top