سیاسەتی ئەمریكا لە ساڵی 2020 بەرامبەر عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سیاسەتی ئەمریكا لە ساڵی 2020 بەرامبەر عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ساڵی 2020، ساڵی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی ئەمریكایە، هەر بۆیە سەركەوتن و شكستێكی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فاكتەری سەرەكیی شكست و مانەوەی كۆمارییەكان و ترەمپ دەبێت لە ناو كۆشكی سپی.
دۆناڵد ترەمپ كە لە 20ی 1ی 2017 بووە سەرۆك كۆماری ئەمریكا، وێڕای ئەوەی هەموو پێشبینییەكان بەو ئاراستەیە بوون كە بە كەسایەتییەكی شەڕانگێز و بازرگان كە دوورە لە هەموو سیفەتێكی دەوڵەتمەدار، ئەمریكای سۆپەر پاوەری جیهانی بەڕێوە ناچێت و، سیاسەتەكانی ترەمپ دەبنە هۆكاری ئەوەی لە هەموو روویەكەوە شكۆی ئەمریكا بێتە خوارەوە، بەڵام ترەمپ لە ماوەی نزیكەی 36 مانگی ئیدارەكەیدا توانی ئەمریكا لە شەڕ دوور بخاتەوە، هەروەها توانی پەنجەرەیەكیش بۆ دانوستاندن لەگەڵ كۆریای باكوور بكاتەوە، كە بە گەورەترین و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دادەنران، لەمەش زیاتر دوای ئەوەی لە رێككەوتنی (5+1) هاتە دەرەوە و سزاكانی دووبارە خستەوە سەر تاران، بۆ ئەمەش وێڕای كاردانەوەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێگەی میلیشیا هاوپەیمانەكانی سوپای پاسداران لە (عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن) راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، بەڵام ترەمپ كاردانەوەیەكی پیشان نەدا كە بارودۆخەكە زیاتر هەڵبكشێت، بە پێچەوانەوە بێدەنگیی ئەمریكا وای كرد، میلیشیا چەكدارەكانی هاوپەیمانی سوپای پاسداران هەڕەشەی زیاتر بكەن و گورزی سەربازیی زیاتر لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بوەشێنن، بەڵام ئەم سیاسەتە لە كۆتایی ساڵی 2019 نەك هەر گۆڕانكاریی بەسەردا هات، بەڵكو لە جێگەی ئەو سیاسەتە كۆنە سیاسەتێكی تازەی خستەڕوو كە زۆر بە توندی پێش ئەوەی نەیارەكانی بترسێنێت، پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكای بە راددەیەك تۆقاند، كە ناچار بوون بە رێگەی زۆرینەی پەرلەمانی لە ناو كۆنگرێس پڕۆژە یاسایەك ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران سنووردار بكات.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە پەرچەكردارەكانی پارتی دیموكراتی ئەمریكا بدەین، كە بۆ ئەوانیش ئەم سیاسەتەی ترەمپ بۆ ساڵی 2020، سیاسەتێكی یەكلاكەرەوەیە و ئەگەر ترەمپ لەم ئاراستەیە سەركەوتوو بێت، ئەوا پارتی دیموكراتی بەشداریی هەڵبژاردنێك دەبێت كە پێشوەختە ئاكامەكەی بۆ بەرژەوەندیی ترەمپ و پارتی كۆمارییەكان ئاشكرایە، بەمەش دەبێتە یەكەمین جار لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، كە ئاكامی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی پارتێك دژی پارتەكەی دیكە ئاشكرا بێت.
ئەوانەی شارەزا و چاودێرن لەسەر ساڵی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی ئەمریكا، ئاگاداری ئەوەن كە لە دەستپێكی ساڵەوە تا یەكەمین سێ شەمەی مانگی نۆڤەمبەر كە رۆژی دەنگدانی گەلی ئەمریكایە، پارتی فەرمانڕاوە سیاسەتی دەرەوەی سڕ دەكات و زیاتر جەخت لەسەر سیاسەتی ناوخۆ دەكاتەوە، بەڵام ئەوەی لە ساڵی 2020 بۆتە جێگەی سەرنج لەسەر ئیدارەی ترەمپ، ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستپێكی ساڵدا، سیاسەتی دەرەوەی ئەكتیڤ دەكات و سیاسەتی ناوخۆی سڕ دەكات، ئەمەش بەو مانایەی كە پارتی كۆماری بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ و سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی لە كۆنگرێس دەیكەن، شەخسی ترەمپ بە ئاراستەیەكی زۆر پێچەوانە هەنگاو هەڵدەگرێت، لەمەش زیاتر جارێكی دیكە لەو چوارچێوە تازەیەی كە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا دایڕشتۆتەوە، جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی ناتۆ بەهێزتر دەكاتەوە.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا دۆناڵد ترەمپ بۆچی لە ساڵی هەڵبژاردندا، سیاسەتی دەرەوە ئەكتیڤ دەكاتەوە و هەوڵ دەدات سیاسەتی ناوخۆ تا راددەیەك سڕ بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە دوو ئاراستە دەدرێتەوە:
یەكەمیان: دیموكراتەكان لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و دروستبوونی هەلێكی كاری زۆر و رێگرتن لە پەنابەران كە خواستی بەشێكی زۆری ئەمریكایە، هیچ وەڵامێكیان بۆ گەلی ئەمریكا و سەركەوتنەكانی ئیدارەی ترەمپ پێ نییە، بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆ كەوتنە هەڵمەتی ئەوەی كە ترەمپ پێشێلی دەستووری ئەمریكای كردووە و دەسەڵاتەكانی خۆی وەك سەرۆك بەرامبەر بەهێزترین كاندیدی دیموكراتەكان خراپ بەكارهێناوە كە ئەویش (جوزیف بایدن)ـە، كە هەوڵیداوە لە رێگەی حكومەتی ئۆكرانیاوە دۆسیەی گەندەڵیی لەسەر بكاتەوە، بەڵام وێڕای ئەوەی هەموو هەوڵێكیان بە پشتبەستن بە زۆرینەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس بەست، بۆ ئەوەی ترەمپ دادگایی بكرێت و پێش ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بكات لە سەرۆكایەتی دووربخرێتەوە، بەڵام هەنگاوەكەیان سەركەوتوو نەبوو.
دووەمیان: ترەمپ و كۆمارییەكان هەر لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016 ـەوە ئەوەیان راگەیاندووە كە چیتر ئەمریكا نە دەوڵەت دەڕووخێنێت نە هیچ دەوڵەتێك بونیاد دەنێتەوە، ئەم سیاسەتە كە لە ماوەی 36 مانگی رابردوو لەلایەن ترەمپەوە زۆر بە وردی جێبەجێ كراوە، بووە هۆكاری ئەوەی كێشەكانی جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی زیاتر بێ چارەسەر بمێننەوە، كە بووە كارتێكی بەهێز بە دەست دیموكراتەكانەوە بۆ ئەوەی بە رێگەی شكستی سیاسەتی دەرەوە بێنە ناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و لە هەڵبژاردنەكاندا بەكاری بهێنێن، بەڵام كاتێك ترەمپ لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێ سیاسەتێكی تازەی گرتەبەر، نەك هەموو جیهان بەڵكو پێش هەمووان پارتی كۆمارییەكانی دوچاری شۆك و سەرسوڕمانێكی گەورە كرد، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەردوو سەركردەی گەورەی پارتی دیموكراتی كە بریتی بوون لە (نانسی بیلۆسیی سەرۆكی ئێستای كۆنگرێس و جۆزیف بایدن كاندیدی چاوەڕوانكراوی دیموكراتەكان) بۆ سەرۆكایەتیی داهاتووی ئەمریكا، ئەم شۆك و سەرسوڕمانە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە جۆزیف بایدن بڵێت، ترەمپ فتیلەی خستە ناو بارودەكە و هەڵیگیرساند، ئەمەش بەو مانایەی ئاگری شەڕێكی ئەوتۆ دەكەوێتەوە كە كوژاندنەوەی مەحاڵ بێت، هەروەها گەیشتە ئەو ئاستەی كە نانسی بیلۆسی بڵێت، ترەمپ ئەمریكای گەیاندە (خاڵی نەگەڕانەوە) ئەمەش بەو مانایەی ترەمپ ئەمریكای دووچاری كارەساتێكی هێندە گەورە كردووە، كە بواری ئەوەی تیا نەماوە جارێكی دیكە ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵەی كە شكۆی خۆی وەك سۆپەر پاوەرێكی جیهانی تێدا نمایش دەكرد. بەڵام ئەگەر سەرنج لە هەڵوێستەكانی ترەمپ و ستافەكەی بدەین لە ماوەی كەمتر لە یەك هەفتەدا و جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە، كە چۆن هەموو پێشبینییەكانی پێچەوانە كردۆتەوە، ئەوە دەگەینە ئەم دەرەنجامەی كە بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێ بكەین:
1. لەگەڵ ئەوەی لە رۆژانی 3-8ی 1ی 2020، هەموو تویت و لێدوانەكانی ترەمپ بە ئاراستەی هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە و جیهانی بوون لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام كاتێك سوپای پاسداران لە شەوی 8 لەسەر 9ی 1ی 2020 هێرشی كردە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، ترەمپ بە یەك تویت هەموو جیهانی ئارام كردەوە و، مەترسیی شەڕێكی گەورەی دوورخستەوە و بۆ رۆژی دواتریش كە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی چەند خولەكیی ئەنجام دا، جارێكی دیكە ئەگەری شەڕیكی دیكەی دوورخستەوە، لە هەمانكاتدا سكێچەكانی سیاسەتێكی تازەشی بۆ كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێوازی مامەڵەی لەگەڵ ئێران و عێراق خستەڕوو.
2. لەگەڵ ئەوەی لە رۆژی 5ی 1ی 2020، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا كە داوا لە حكومەتی عێراق بكات بۆ ئەوەی كۆتایی بە بوونی هێزە بیانییەكان بەگشتی و هێزەكانی ئەمریكا بەتایبەتی لە عێراقدا بهێنێت، هەروەها وێڕای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریكای لە بەغدا كرد بۆ ئەوەی بە فەرمی پێی رابگەیەنێت كە پێویستە ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، بۆ ئەمەش وێڕای ئەوەی لە رۆژانی 5-9ی 1ی 2020، تویت و لێدوانەكانی ترەمپ بەرامبەر عێراق هەڕەشەئامێز بوون بەو ئاراستەیەی كە ئەمریكا سزایەكی زۆر گەورە و توند دەخاتە سەر حكومەتی عێراق، بەڵام هەر لە دوای رۆژی 9ی 1ی 2020، دەبینین سیاسەتێكی نەرم بەرامبەر حكومەتی عێراق پیادە دەكات و لە رۆژی 10ی 1ی 2020، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند، عێراق هەر هاوپەیمانی ئەمریكایە و هێزەكانیشیان هەر لە عێراقدا دەمێننەوە و لەسەر ئاستی ئابووری و دارایی و ئاسایش و دیپلۆماتی پەیوەندییەكان بەهێزتر دەكەنەوە.
3. لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی 36 مانگی رابردوودا پەیوەندیی ئەمریكا لەگەڵ دەوڵەتانی ناتۆ جۆرێك لە دوڕدوونگی و بێ متمانەیی تێ كەوتبوو، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە چیتر نابێت ئەو وڵاتانە بە پارەی ئەمریكا بپارێزرێن، بەڵام لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا و دوای هەڵكشانی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، جارێكی دیكە ئەمریكا و دەوڵەتانی ناتۆ گەیشتنە ئەو رێككەوتنەی كە رۆڵی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بكرێت و ئەمریكاش پەیمانی داوە لە دابینكردنی خەرجییەكاندا بەشدارییەكی گەورە بكات و رەزیلی نەكات.
ئەگەر وەك چاودێرێكی سیاسی زیاتر هەڵوەستە لەسەر ئەم وەرچەرخانە بكەین، دەبینین، ئەم ڤێرژنە تازەیەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بارودۆخێكی تازەی لە هاوكێشە سیاسییەكاندا دروست كردووە، ئەم بارودۆخە تازەیەش بەو جۆرەیە كە حەسەن رۆحانی (سەرۆك كۆماری ئێران) لە هەفتەی رابردوو و دوای هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، بڵێت: «ئێران هیچ هێزێكی بەوەكالەتی نییە، لەمەش زیاتر حەسەن رۆحانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ دەبێت هێزی بەوەكالەتی ئێران بن كە ئێستا ئەو هێزانە بە یاسا بەشێكن لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و لە ناو حكومەت و پەرلەمانی عێراقدا بەشدارن و رۆڵیان هەیە؟ هەروەها بۆچی دەبێت حزبوڵای لوبنانی هێزێكی بەوەكالەتی ئێران بن، لە كاتێكدا خۆیان بەشێكن لە دەوڵەت و حكومەتی لوبنان، بە هەمان شێوە سەبارەت بە لیواكانی فاتیمە و زەینەب لە سووریا و حوسییەكانیش لە یەمەن.
ئەم گوتارەی رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، ئاماژەیە بۆ مامەڵەیەكی نوێی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریكادا وەك دەوڵەت، بە دیوێكی دیكەدا وەڵامدانەوەی ئەو قسەیەی كیسنجەرە كە بەم ساڵانەی دوایی گوتی: «دەبێت ئێران خۆی یەكلایی بكاتەوە، بەوەی ئایا وەك دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، یان وەك شۆڕش كە دەیەوێت هەناردەی دەرەوەی بكات..»
ئەم وەرچەرخانانەی كە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لەسەر ئاستی سیاسەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتنەئاراوە، بۆ هیچ لایەك ئاماژەی سەركەوتن و شكست نین، بەڵام بۆ هەموو لایەك ئاماژەیە بۆ خۆئامادەكردن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتێكی تازە.
Top