بەشداری لە دووهەمین کۆنگرەی زانستی کورد لە هەولێر

بەشداری لە دووهەمین کۆنگرەی زانستی کورد لە هەولێر
لە ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢ واتە مانگی رابردوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بە مەبەستی بەشداری لە دووهەمین کۆنگرەی زانستی کورد لە هەولێر بەرەو نیشتمانی کوردان واتە کوردستان پاش ١٠ ساڵ بە تین و گوڕێکی گەرمەوە بەڕێی کەوتین. هەڵبەتە فڕۆکەکە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ فڕی و نزیکەی ٤ی پاش نیوەڕۆ گەیشتینە سەر پایتەختی کوردستان و شاری هەولێر. پاش ماوەیەکی کورت فڕۆکە نیشتەوەو و بەرەو جێگای دیاری کراوخۆناسین و وەرگرتنی باروبنە تێکڕا لەگەڵ هاوسەفەرەکاندا چووین. چی لەوە خۆشترە کە پاش ١٠ ساڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر خۆت ببینیتەوەو هەموو کارمەندان بە کوردی لەگەڵتا بئاخفن و بە ڕوویەکی خۆشەوە بەخێر هاتنت بکەن. ئەمەش زۆر زەحمەتە کە بە پێنووس لەم کاتوساتەدا لە سەر وەرەقە دای رێژی. ئەمە ئاواتی هەموو کوردە کە کوردستان ببێتە خاوەنی دامودەزگای خۆیی و بە زمانی زگماکی بەخێرهاتنەوەت بکەن. ئەمەش بە پێجەوانەی عەرب و تورک و فارسە کە بۆ چوونە ژوورەی نێو نیشتمانی باو باپیرانمان دەبوایا حەوت خانی ڕۆستەم ببڕی و ئەو جار چەندەها ناوناتۆرەشت پێدا دەڵێن و گەر قسەش بکەی کونجی بەندیخانە جێگاتە. ئەمەش مایەی شانازی و دەسکەوتی شەونخۆنی پێشمەرگە و ئاسایش پۆلیس و کارمەندانێکە کە بە دڵ و دایەنەوە لە پێناوی نیشتماندا تێدەکۆشن و ئەم دەسکەوتانە دەپارێزن. گەلی کورد دەبێ بە ڕێبەران و سیاسەتوانان و پارلەمانتاران و هەتا داویی شانازی بکا و ئەمەش کارو تێکۆشانی ئەو خەباتکارنەیە کە کوردیان گەیاندووەتە ئەم قۆناغە. ئەمەش بەو مانا نیە کە کەمو کورتی نیە.
پاش خۆناساندن و پیشاندانی پاسپۆرت بە ماوەیەکی کورت، لە لایەن ئەفسەرانی پشکێنەر بەخێرهاتن کراین بۆ ژووروەو بە فەرمی چووینە نێو خاکی نیشتمان و هەولێری پایتەخت. لە دەرەوەی فڕۆکاخانە ئۆتوبوسێک چاوەڕوانی میوانانی دەکرد کە بۆ بەشداری کونگرە هاتبوون. لەگەڵ مێوانان بۆ نێو ئۆتوبوس سەرکەوتین و کاکی شۆفیر بەرەو هۆتەیلی دیاری کراو لێی خوڕی. نزیکەی کاتژمێر ٦ ئێوارە گەیشتینە هۆتەیلی دیاری کراو پاش ناونووسی بەرەو ژووری خۆمان ڕێنمایی کراین بۆ حەواندنەوە. ئینجا کاتژمێر ٧ی ئێوارە بانگهێشت کراین بۆ خواردنی شیو. بەڕاستی هۆتەیلەکان زۆر پێشکەوتوو مۆدێرن بوون، هەموو شتێک لە هۆتەیل بۆ مسافر، تەنانەت واکسی پێڵاویشیان دانابوو. ئەمە لە خۆیدا دەسکەوتێکی زۆر مەزنە کە لە کوردستان دەبینرێ و لە ماوەیەکی کەمتر لە ١٠ ساڵ کوردستان ئاوەدان و ئاپارتمان و هۆتەیلی وەهای تیا بنیات نراوە کە بێ وێنەیە. کوردستان لە بواری ئابوری و خانوبەرەو و جادەو بان و بازرگانیەوە زۆر پێشکەوتووە و ئەمەش لە خۆیدا جێگای شانازیە. هەرچەند کەم و کۆڕیش دەبینرێ بەڵام ئەمانە هەمووی کاری دەوێ و خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی لەوە زیاترن.
خەڵکی ڕادەبەدەر دەوڵەمەند بوون و کارو بازرگانی خەڵکی تەنانەت ئاسایی نێو بازاڕیش دەفتەر و دۆلارە. کومپانیەکی زۆر لە کوردستاندایە و هەمووی لە دەرەوەی وڵات ڕوویان لە کوردستان کردووەو خەریکی کاروباری بازرگانی و بنیاتنانی خانەوبەرەن، بە پێجەوانەی وڵاتانی دەوروبەر کە تووشی قەیرانی بازرگانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون و خەڵکەکەیان لە برسا هاواریان لێی هەستاوە. کوردستان لە هەموو بارێکەوە دەوڵەمەندە و هەر ئەو دەوڵەمەندیەشە کە کومپانیە بیانیەکان ڕوویان لە کوردستان کردووە بە بێ گوێدان بە هەڕەشەو گوڕەشەی وڵاتانی دەراوسێ. هەرچەند وڵاتانی دراوسێ هەردەم تێدەکۆشن باری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بشێوێنن بەڵام ئەمەش خەڵکی کورد و حیزبەکان دەبێ بە وریاییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو هەلومەرجانەدا بکەن. بۆ بەرنگار بوونەوەی ئەو گێرەشێوینیە خەڵکی کورد و حیزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتدارانی کوردستان پێویستیان بە یەکڕیزی و تەبایی و یەک بوون هەیە. ئەوەشم لە بیر نەچێ کە کوردستان لەو پەڕی ئاساێشدایە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاروتێکۆشانی هەر وەکوو لە پێشدا باسم کرد هێزی ئاسایش و پێشمەرگە ی کوڕی بەتوانای کورد و کوردستان.
ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢ کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ بەرەو لۆکاڵی شەهید سەعد بەڕێکراین و لەوێش دوای وەرگرتنی کارتی کۆنگرە و هەڵواسینی پۆستر (هەڵبەتە ئەو کەسانەی کە پۆستریان پێی بوو نزیکەی ٥٢ کەس بوون) لە شوینی دیاریکراو بە یارمەتی خاتوو کارۆل پروینهۆبێر نووسەری کتێبی "ڕەحمانی کورد" لەو لۆکاڵە هەڵواسی و بۆ ڕۆژی دوایی هەموو شتێک ئامادە کرا. پاشان کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە ئۆتوبوس بەرەو "ڤێرسای پاڵاس" بەڕێکراین و لەوێ لەلایەن بەرپرسانی کۆنگرەو و کەسانی بەرپرسی حکوومەتی هەرێم پێشوازی کراین. ئینجا هەر لەوێ شیو خوراو خاتوو "کارۆڵ پروینهۆبێر" وتەیەکی پێشکەش کرد کە یەکەم جار چۆن کوردی ناسیووە. خاتوو کارۆڵ باسی ئەوەی کرد کە لە ساڵی ١٩٨٥ و بۆ یەکەم جار دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملووی بینیوەو بۆ ئامادە کردنی دوکیومنتێک بۆ کاناڵی ٥ی فەرانسە چووەتە عێراق و لەوێشەو چووەتە دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەر ئەو چوونەی بۆ کوردستان و بینینی دوکتور قاسملوو بووتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام ببێتە دۆستی کورد و لەو بوارەشدا پشتیوانی لە کورد و کوردستان بکا. ئاکامی ئەم چاوپێکەوتنە و هاتوچۆی بۆ کوردستان و بینینی دوکتور قاسملوو، کتێبێکە بە ناوی "ڕەحمانی کورد" کە ژیان و بەسەرهاتی سیاسی دوکتور قسملوو، تێروری لە لایەن پاسدارانی رژیمی ئاخوندی و ئاکامەکانی خستوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەم کتێبە لە لایەن بەڕێز فەتاح کاویان وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. خاتوو کارۆڵ ئەم کتێبەی بە زمانی ئینگلیسی نووسیووە. پاشان هەر لە "ڤێرسای پاڵاس"ی هەولێر بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتەی پێشکەش کردو بەخێرهاتنی مێوانانی بەشدار لە کۆنگرەی زانستی کورد لە هەولێر کرد. ئێنجا بە داوی ناوبراو بەڕێز نەجمەدین کەریم پارێزەری کەرکوک وتەیەکی پێشکەش کرد و لەوێ باسی کەسایەتی خۆی لە ئامریکا هێنایە بەرباس و پاشان باسی کێشەکانی پارێزگای کەرکوک و هەموو پێکهاتەکانی و گرفتەکانی لەگەڵ رژیمی بەغدا و چی لە داهاتوودا بکرێ خستە بار باس و لێکۆڵینەوە. پاشان شەوخوانەکە بە ئاهەنگ و موسیقا و گۆرانی کۆتایی پێهات و مێوانان بە ئۆتوبوس بۆ جێگای حەوانەوە بەڕێ کران.
ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢ کۆنگرەکە بە فەرمی و لە ژێر درووشمی زانست و کەلتوور بۆ پێشکەوتنی کوردستان بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و بە ئامادەبوونی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حەسەن سورە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیران و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکان و کونسڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم و نزیکەی ٧٠٠ کەس لە شارەزا و پسپۆر و بەهرەدارانی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات ، دووەمین کۆنگرەی زانستی جیهانی کوردی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوللا لە هەولێری پایتەخت دەستی بەکارەکانی کرد. بە دوای ئەوەدا بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتەی بەخێرهێنانی پێش کەش کردو تیایدا بەخێرهاتنى بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەموو میوانانی کۆنگرەی کرد و گوتی: خۆشحاڵین و شەرەف مەندین بەبەشداری جەنابی سەرۆک لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ ئێوە ولەژێر رێنمایی بەرێزیان دووهەمین کۆنگرەی زانستی جیهانی کوردی لە هەولێری پایتەخت سازدەکەین. بەڕێزیان لە درێژەی وتەکانیدا وتی: " مەبەستی کۆکردنەوەی هەموو تواناکانمان لە پێناو خزمەتکردنی دۆزی کورد و ئەو بارودۆخەی کە ئەمڕۆ هێناومانەتە کایەوە لە هەرێمی کوردستان ، کاتی خۆی کاتی پێشمەرگایەتی لە شاخ ئەو کاتە پێویستمان بە هاوکاری هەر تاکە کەسێک هەبوو ئەو کات قوناغێکی جیاواز بوو ، ئەمڕۆ پێمان ناوەتە قوناغێک کە پێویستی مان بە بەشداری و کارامەیی هەموو لایەک هەیە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکی زیاتر پێش کەش بە گەلی کوردستان بکەین و ئەو خەونەی کە خەونی هەمووانە بێتە دی و بتوانین باشترین خزمەت پێش کەشی گەلی کوردستان بکەین. بێگومان ئەم بیرۆکەیە و سازدانی ئەم کۆنگرەیە لە هەولێر بێ کەم وکوڕی نابێت بۆیە پێش وەخت داوای لێبوردن لە هەر هەڵە و کەم و کوریەک دەکەین ، بەڵام مەبەستی ئێمە ئەوەیە دەست پێ بکەین و کاری وەهاش بەبێ کەم و کوڕی نابێت وسوپاسی هەموو ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەکەم بۆ ئەو ماندووبوونە و ئامانجی سەرەکی ئێمە و ئەوان لە سازکردنی ئەم کۆنگرەیە کۆکردنەوەی هەموو بەهرەو شارەزایی و تواناکانی کەسایەتییە کوردەکانە لە دەرەوە وناوەوەی وڵات بۆ باشترکردنی رەوشی کەرتی تەندروستی و کشتوکاڵ و خوێندنی باڵاو تەواوی بوارەکانی تر لە هەرێمی کوردستان".

پاشان بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتەیەکی بۆ مێوانان پێش کەش کرد و لە بەشێکیدا وتی:" زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە بەشداریتان دەکەم لە دووهەمین کۆنگرەی زانستی جیهانی کوردی کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر پیرۆزە و ئومێد بەخشە وداوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەکەم و ئومێدەوارم کاتێکی خۆش لە ماڵی خۆتان لە وڵاتی خۆتان لە شاری مێژوو هەولێری پایتەخت بەرنە سەر، بۆ ئێمە جێگای شانازی و ئومێدە کە دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی کوردستان و هەروەها ژمارەیەک لە دۆستانی گەلەکەمان ئامادەن لێرە بۆ ئەوەی ئەزموون و زانستی خۆیان بخەنە خزمەتی ئەزموونی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان".
بەڕێز بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"

پر بەدڵ سوپاستان دەکەین و سوپاسی ئەو برایانە دەکەین کە هەوڵیان داوە بۆ سازکردنی ئەم کۆنگرەیە، بێگومان ئێوەی بەرێز تا خۆتان پێگەیاندووە ماندوبوونێکی زۆرتان کێشاوە و شەونخۆنیتان کردووە و رەنجتان کێشاوە تاکو توانیوتانە خۆتان پێبگەینن، من پیرۆزبایتان لێی دەکەم و لە هەمان کاتیشدا شانازیتان پێوەدەکەین".
شۆرش و خەبات ، هەر شۆرش و خەباتی چەکداری نییە ئێوەش پێشمەرگایەتی تان کردووە بەڵام بە شێوەی خۆتان و لە شوێنی خۆتان، کوردستان ئەمانەتێکە لەسەر شانی هەموومان ، بۆ هەر قوناغێک پێویست بە کەسانێک دەکات کە شارەزا و گونجاوبن بۆ ئەو قوناغە ، ئەمڕۆ پێویستمان بە بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی هەموو متمانەمان بە خۆمان بێت نەوەک پێویستیمان بە هاوردەکردنی سادەترین شتومەک بێت لە دەرەوە ، ئێمە پێویستیمان بە زانست و پسپۆری ئێوەیە و ئامادەین گوێ ڕایەڵی ئێوە بین و رێنمای ئێوە وەربگرین و کاری پێ بکەین".

دواتر بەڕێز دوکتور ئالان دیلانی سەرۆکی کۆنگرەی زانستی جیهانی کوردی لە پەیڤێکدا خۆشحاڵی دەڕبری بۆ سازکردنی دووهەمین کۆنگرەی زانستی کورد لە هەولێر و سوپاسی بەرێز سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ بە گرنگ زانینی ئەم بابەتە و هەوڵدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە کارامە وشارەزایی کوردانی دەرەوەی وڵات و بە گرنگ وەسفی کرد.
سەرەڕای ئەوەش بەڕێز دیلانی بابەتێکی لەسەر سیستەمی تەندروستی پێشکەوتووی وڵاتانی جیهان بە بەڵگە و دیمەنەکانی ڤیدیۆییەوە پێش کەش کرد و ئیشارەی بە سیستەمی چەند وڵاتێکی وەکو سوێد و کانەدا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا کە چون توانویانە ئەم جۆرە سیستەمە سەرکەوتووە لە بواری تەندروسی دا دابین بکەن. پاشان چەندین لێکۆلینەوە و بابەتی شیکاری سەبارەت بە سیستەمی تەندروستی و پەروەردە لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە لایەن پسپۆڕان و شارەزایانی ئامادەبوانی کۆنگرەوە پێش کەش کران.
لە ناوبڕی کۆنگرەکەدا بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەو کۆنگرەیەی شی کردەوە و رایگەیاند کە مەبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشگیریکردنی ئەم کۆنگرەیە ئەوەیە کە پردێکی راستەوخۆی پەیوەندییەکان لە نێوان کورد و کوردستانیانی دەرەوە لەگەڵ کوردستانیانی ناوخۆی هەرێم دروست بکا بۆ ئەوەی سوود لە بەهرەو توانا و لێهاتوی ئەوان وەربگرن، ناوبراو لە درێژەی وتەکەیدا وتی دیارە لایەنێکی گرنگی هەر پێکهاتەیک یان هەر کۆمەڵگایەک ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە راستەوخۆیە هەبێ، هەرێمی کوردستان دەستی بە قوناغێکی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوە کردووە، ئەو هەنگاوانەی کە بڕیومانە و ئەوەی بە بەشداری راستەوخۆ کوردستانیانی دەرەوە بووە هێناومانە، بەڵام لەوە زیاتر پێمان دەکرێ ئەویش سوود وەرگرتنە لە توانای ئەوان کە لە دەرەوەن، بۆ دروستکردنی لوبی و زیاتر هاوکاری و پشتیوانیکردن ئێمە بۆ ئاشناکردنی بە جیهانی دەرەوە ، هاوکات لەگەڵ ئەمەش ئەوان بێن و دەرفەتیان بۆ برەخسێنین بۆ ئەوەی هاوکاربن لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکەمی زانستی جیهانی کوردی لە ساڵی پار کە لە هۆلەندا بەسترا و دوای هاتنی شاندی ئەکادیمیای ئەم کۆنگرەیە بۆ هەرێمی کوردستان و دیداریان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و تەواوی گەورە بەرپرسانی هەرێم بە خۆشحاڵیەوە ئەو پشتیوانییەی لێکرا وپێیان راگەیاند کە پێمان خۆشە ئەو کۆنگرەیە لە هەرێمی کوردستان ساز بکرێ بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەبێ و دەرفەتێک برەخسێنین بۆ بەستنەوەی هەردوولا بە یەکەوە و جەنابی سەرۆکی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکومەت و هەموو لایەنەکان پشتیوانیان لەو پرۆژەیە کرد.
بەڕێز دوکتور ئالان دیلانیش لە بەشێکی قسەکانیدا وتی:" گەروەترین پاداشت بۆ ئێمە لەم کاتەدا گەرانەوە بۆ وڵات و خزمەتکردنە، ئەمڕۆ وڵاتێکی ئازادمان هەیە بەشێک لە کوردستان ئازادە و پێمان خۆشە بگەرێینەوە و شان بە شانی ئەو پێشمەرگانەی کۆن و تازە کە پارێزەی وڵاتن بە رێگای قەڵەمەوە ئێمەش خزمەت بکەین و هەروەک جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز مەسعود بارزانی فەرمووی ئەمڕۆ رۆژ رۆژی قەڵەمە و فەرمووی بە ڤیدیۆیەکی بچوک دەتوانین دەنگی کوردستان بە جیهان بگەینین، ئێمە خاون وڵاتێکین کە سەرەڕای هەموو رەوشێک بە رێژەیەکی زۆرەوە لە پێش چەندەهای ئەو وڵاتانەیە کە ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان چونکە ئێمە لە رووی سیاسی و لە باری ئیداری وئابووریەوە لەوان بەهێزترین ، ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکە بە پشگیری پسپۆڕانی کورد و دۆستانی کورد سازدەکرێت.
جێگای ئاماژەیە کە لەو کۆنگرەیە کە چوار ڕۆژی خایاند ١٠٢ کەس چالاکانە بەشداری ئەو کۆنگرەیە بوون کە ٥٢ کەسیان بە پۆستر و ٥٠ کەسیش بە وتار خوێندنەوەو ئەو لێکۆڵینەوەانە و ئەو پرۆژانەی کە لە دواڕۆژ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بیخاتە بەردەستی وەزارەتەکان و کاریان پێی بکەن. سەرەڕای ئەمانەش وەزیرو کاربەدەستانی باڵای هەرێمی کوردستانیش چالاکانە بەشداری کۆنگرەکە بوون و هەر وەزیرێک کارو پرۆژەی خۆی لەو کۆنگرەیدا باس کرد. لە کۆتایی کۆنگرەکە بڕیاردرا کە ئاکامی ئەم کۆنگرەی لەگەڵ حکومەت تاوتوێی بکرێ و سەرجەم وتارەکان لە کتێبێک چاپ و بڵاو بکرێتەوە. سەرەڕای ئەمانەش هەر لە کۆتای کۆنگرەکە بڕیار درا کە کۆنگرەی داهاتوو لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بگیردرێ. پێموایە ئەم کۆنگرەیە هەلێک بوو بۆ یەکتر ناسینی هەموو ئەو کوردانەی کە لە وڵاتانی کانادا، ئامریکا، ئۆسترالیا، نیوزلاند و وڵاتانی ئۆروپایی و ئاسیا و کوردستان بە گشتی بەشداری ئەم کۆنگرەیە ببون و هەر کەسێک لە بوارێکدا پسپۆڕی بەدەست هێنابوو. ئەمەش گەورەترین سەرمایەیە بۆ دواڕۆژی کوردستان گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەڵک لە توان و پسپۆڕی ئەم ئاکادیمیسیانە لە هەموو بوارەکاندا وەربگرێ. هەر چەند بەشەکانی تری کوردستان واتە ڕۆژهەڵات، باکور و باشوری چکۆلە هێشتا ئازاد نەکراون و لە ژێر کونترۆڵی داگیرکەراندایە، بەو هیوایە بەهاری عەرەبی ئەو بەشانەش بگرێتەوە، هەرچەند ئاسۆ ڕوونە لە باشوری چکۆلەدا.
ئەوەی کە دەمەوێ لە کۆتاییدا ئیشارەی پێ بکەم لە کۆی ئەو ٧٠٠ کەسەی کە لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بوون ڕێژەیەکی بەرچاویان خەڵکی ڕۆژهەڵات بوون هەرچەند کورد هەر کوردە وجیاوازی نیە و کورد لە هەر کۆێدا بن شانازی بە باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، چوونکە ئەم بەشەی کوردستان چرایەکی ڕوونە بۆ داهاتووی بەشەکانی تری کوردستان. گرتنی ئەم کۆنگرەیە و مێوانداری ٧٠٠ کەس لە دەرەوەو ژوورەوی کوردستان شانازیەکی گەورەیە بۆ سەرۆک وحکومەتی هەرێمی کوردستان و گەورە بەرپرسانی حکومەت و لە هەمان کاتیشدا جێگای پێزانین و سپاسە. دەبێ سپاسی هەموو ئەو کەسانە بکرێ کە لە خزمەت کردن بەم مێوانانە، هەرچەند خۆمان بە مێوان نەدەزانی حکومەتی کوردی بە هی خۆمان دەزانی، هەر لە شوفێر ئۆتوبەسەکانەو بگرە تاکوو ئاسایش و پۆلیس و کارمەندانی هۆتێلەکان و رستۆرانەکان و بگرە هەتا داویی و لە هیچ هاوکاریەک دریغیان نەدەکرد و بە دڵەوە یارمەتی میوانانیان دەکرد.
داوای سەرکەوتن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین و سفرەی کوردستان هەردەم زەنگین و ڕەنگین و بەرقەرار بێ.
سوێد ـ ستۆکهۆڵم
١٠ ـ ١١ ـ ٢٠١٢
Top