گرفتى هاتووچۆکردن لە شارى هەولێر

گرفتى هاتووچۆکردن لە شارى هەولێر
گواستنەوەو هاتووچۆکردن لە رۆژگارى ئەمرۆدا، یەکێکە لە پێداویستییە هەرە گرنکەکانى مرۆڤ و ئەم پێداویستییەش ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەهۆى پێشکەوتنى کۆمەڵگاکان ڕوو لە زیاد بوون دەکات بۆ گواستنەوەى مرۆڤ و کەل وپەل و کاڵاکانیان، بە تایبەتى ڕێگاى ئۆتۆمبێل کە دیاردەیەکى نوێیە بە بەراورد لەگەڵ ڕێگاى ئاسنى و دەریایى. ئامارە جیهانیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ژمارەى ئۆتۆمبێل لەسەر ئاستى جیهان هەڵکشانیکى خێراى بە خۆوە بینیوە بە جۆریک لە 95 ملیون ئۆتۆمبێل لە ساڵى 1955 زیادیکردووە بۆ 634ملیون ئۆتۆمبێل لە 1995 و ئەم ژماریەش هەڵکشاوە بۆ 750 ملیون لە ساڵى 2005 ئەمەش واتاى ئەوەیە هەر هەشت هاوڵاتی ئۆتۆمبێلیکیان بەردەکەوى لە جیهاندا. ئەگەر بێتوو ئەم زیادبوونەى ئۆتۆمبێل بەراورد بکەین لەگەڵ زیادبوونى دانیشتوان ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە زیادبوونى ژمارەى ئۆتۆمبێل چوار هێندەى زیادبوونى گەشەى دانیشتوانى جیهان بووە، چونکە رێژەى گەشەى ساڵانەى ئۆتۆمبێل لە 5% بووە لە کاتیکدا رێژەى گەشەى ساڵانەى دانیشتوان لە 1.3% زیاتر نەبووە لە جیهاندا.
هەر لەبەر ئەوەش گرفتى هاتوچۆ یەکێکە لە گرفتەکانى سەردەم ودەکەوێتە چوارچێوەى پێداویستیەکانى ژیانى هاوڵاتیان، ئەم کێشەیەش بە شێوەیەکى زەقتر لە نێوان دانیشتوانى شارەکان دەردەکەوێت. چونکە هاتوچۆ یەکێکە لە پێداویستیەکانى ژیانى ڕۆژانەى خەڵکى لەم شاراندا وکاریگەرى راستەوخۆى هەیە بەسەریانەوە لە ڕووى ئابوورى و کۆمەڵایەتیەوە، گواستنەوەو وهاتووچۆکردن لەناو شارەکانیش دەکەوێتە ژێر کاریگەرى کۆمەلیک هۆکارى ئابوورى وکۆمەڵایەتى ودەروونى و رۆشنبیرى....هتد. لە شارى هەولێریش هەر یەک لە ئێمە هەست بەو گرفتە دەکەین بە تایبەتى سەر لە بەیانیان کە بەرەو دەوامى ئاسایى خۆمان دەرۆین ولە کاتى گەرانەوە لە ئێواراندا. زیاد بوونى هەرەمەکى وبێ پلانى ژمارەى ئۆتۆمبێل لە شارى هەولێر بۆتە هوکارى دروستبوونى گرفتى جۆراوجۆرى هاتووچۆ وەکو جەنجاڵى وپێسبوونى ژینگە (رێژەى ئۆکسجینى پێویست بۆ هەر ئۆتۆمبێلیک کە بۆدوورى 1200کم2بڕوات یەکسانە بەو رێژەى کە مرۆڤیک پێویستیەتى بۆ 50 ساڵ) و زۆربوونى رووداوى هاتووچۆ بە تایبەتى لەم ساڵانەى دواییدا. ئەمەش بە هۆى کەم توانایى و نەگونجاوى سیستەمى شەقامەکان لەم شارەدا بۆ ئەو زیادبوونە هەرەمەکییەى کە بەسەر ژمارەى ئۆتۆمبێلدا هاتووەو بەردەوام ڕوو لە زیادبووندایە.

ئەوەى جێگەى ئاماژەکردنە لێرەدا ئەوەیە کە بەکارهێنانى زەوى لە شارى هەولێر تا ماوەیەکى نزیکیش تەنیا ناوچەى سەنتەرى شارى دەگرتەوەو یەکەکانى نیشتەجێ بوونیش لە دەورى سەنتەرى شارى بڵاوە ببون، بەڵام لە رۆژگارى ئێستادا بەکارهێنانى زەوى بە مەبەستى نیشتەجێ بوون ناوچەیەکى بەرفراوانى دەورو پشتى شارەکەو دەرەوەى شارەکەشى گرتۆتەوە کە بێ گومان ئەمەش کاریگەرى راستوخۆى دەبیت لە سەر جەنجاڵى شەقامەکان دۆخى هاتووچۆکردن. شەقامە سەرەکییەکانى ناو شارى هەولێر بەشێوەیەکى گشتى قەبارەى بچووکە و لە بەرانبەر ئەمەشدا ژمارەیەکى زۆرى ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا هەیە، لەبەر ئەمە قەڵەباڵغى و جەنجاڵى زۆر لەناو شاردا دروست دەبێت. سەبارەت بە ژمارەى ئۆتۆمبێل لە هەولێر، ئەوا لەدواى ڕاپەڕینەوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەى ئۆتۆمبێل لە زیادبووندا بووە، بۆ نموونە لە ساڵى 2000 ژمارەى ئۆتۆمبێلى تایبەت (30025) بوو، ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر (22253) بوو ئۆتۆمبێلى کرێش (18652) بوو، بەڵام لە ساڵى 2014 ئەم ژمارانە بەرزبوونەوەیەکى زۆر و دیارى بەخۆیەوە بینى لە ماوەى 14 ساڵ ژمارەى ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکى زۆر خێرا بەرزبۆوە. بۆ نموونە ژمارەى ئۆتۆمبێلى تایبەت گەیشتە (352662) و ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر (149500) و ئۆتۆمبێلى کرێ (39495) ئۆتۆمبێل بوو، ئەمە جگە لەو ئۆتۆمبێلانەى کە تۆمار نەکراون و مەرجى یاسایییان نییە. کە واتا ئامرازەکانى هاتووچۆ لە هەولێر هەڵکشانیکى بەرچاووى بە خۆیەوە بینیوەو بۆ نموونە لە ساڵى 2000 تێکراى ژمارەى ئامرازەکانى هاتووچۆ (105735) بوو، بەڵام لە ساڵى 2014 ئەم ژماریە بەرزبوونەوەیەکى زۆر و دیارى بەخۆیەوە بینى نزیکەى شەش ئەوەندە بەرامبەر بوو گەیشتە (603606).
لە کۆتاییداو بۆ ڕوو بە ڕووبونەوەى ئەم گرفتە پێویستە لایەنى دەسەڵات دارو پەێوەندی دار هەوڵى جیدى بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەم دۆخە نەخوازراوە، ئەم کارەش فرە لایەنە، چونکە هەندێکى پەێوەستە بە شێوازى کۆنتروڵ کردنى هاوەردەکردنى ئۆتۆمبیل ولایەنێکى ترى پەێوەستە بە دۆخى شەقامەکان و رێگاوبانەکان و ئەوەى تریشیان پەێوەستە بە هۆشیارى هاوڵاتیان. بۆیە گەر بمانەوى چارەسەریکى سەرکەتوو لەو بوارەدا بە دەست بهێنین دەبێت لەو چەند لایەنەوە کارى بۆ بکەین و هەوڵ بدەین ژینگەیەکى ئاسوودە بۆ هاونیشتمانیان بهینینە کایەوە کە دوور بیت لە ژاوەژاوو پێسبوونى ژینگەیى ودڵەڕاووکى.
Top