توبڵێی پەندی دارو کرمەکە لەسەر مێژووی سییاسی کورد وەدەست نەخرابێ..؟

توبڵێی پەندی دارو کرمەکە لەسەر مێژووی سییاسی کورد وەدەست نەخرابێ..؟
پێشتر لە بابەتێک دا وتبووم کە پێویستە عەفرین ڕادەست بکرێت، بۆچی!؟ چون پێم وابوو گرتن و نەگرتنی تەنها پەیوەستە بە کات، تورکیە دووەم گەورەهێزی ناتۆیە، وە گەلەکۆمەکیەکی نێودەوڵەتی هەبوو لە سەر میللەتی کورد، پلانی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە نێوان چەند وڵاتێک هاتەبوون، لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هەنگاوی بۆ هەڵێنرا، بەداخەوە کاتێ دار کرمی لە خۆی بوو مانیعەیش بۆ ڕاگری بوونی نیە.
تورکیە ئەگەر بی ویستبا بە دوو شەو دەیتوانی دەست بەسەر تەواوی عەفریندا بگرێت، بەڵام دواخستن و مراوەغەکردن، ئامانج لێی: تێگەیشتن بوو لە هەڵوێست و کاردانەوەی نێودەوڵەتی، وە لاوازکردن و بێ تاقەکردنی هێزەکانی کورد ی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
بۆئەوەی شکست بەو گەلەکۆمەیە بهێندرێت و لێرە بوەستێندرێت، گرنگە کە کورد لە سەر ئاستی نەتەوەیی اعادەنەزەڕی خۆی بکاتەوە، لەبەرئەوەی ئایندەی کورد زۆرگەورەترە لە بەرژەوەندی شەخصی و حیزبی، نابێت حیزب ئەوەندە بەگرنگ و گەورە بزانین کە میللەتەکەمان بکەینە قوربانی ململانێی حزبایەتیمان، وەک ئەوەی لە هەندێ حیزب بەدی کراوە لە ساڵی 1959 تا دەگات بە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و لە ئێستاشدا کەوتنی عەفرین.
ئەمڕۆ کورد پێویستی بە یەکبوون و پێکەوە بوونە، یەکڕیزی هێزە سیاسییەکانی نێو ماڵی میللەتی کورد گرنگە، گرنگی یەکگرتن هەمیشە دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و دروستکردنی دیدگای هاوبەش و بەشداریکردنی هەموان لە پرۆسەی بنایتنان و بەڕێوەبردن و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتە بەدەست هاتووەکان، وە شکست پێ هێنانی هەر ئەجێندایەکی دەرەکی کە ببێتە مەترسی لەسەر ئاخ و میللەت.
دەپرسم:- توو بڵێی کوردبوون بەواتای نابەرپرسیارەتی و خۆخۆری بێ..؟ توبڵێی پەندی دارو کرمەکە لەسەر مێژووی سییاسی کورد وەدەست نەخرابێ..؟ ڕۆژانە مەترسیەکان زێدەتر دەبن لەسەرمان، ڕۆژانە گەلەکۆمەی بەخشینەوەی پارووی چەورتر لەسەر پشتی کورد پێشکەش بە ئەم و ئەو دەکرێ!. هەڕەشەی جدی هەیە لەسەرمان، ڕۆژانە گفتوو پەیمانی درۆیینەی وەڵاتان ڕوونتر دەبنەوە، کەچی هێشتا بەخۆماندا نەچوینەتەوەو دەست ناخەینە ناو دەست و یەکڕیز نابین .!
هەر بەڕاستی گەر ئیرادەیەکی یەکڕیزو گوتارێکی هەوبەش نەبێت، هیچ پارێزگاریەک سەرناگرێ، چاوەڕێی زیاتری سەرەنجامێکی زۆر خەتەرتر دەکرێ .


Top