کورد هەمیشە بۆتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێز.. بۆچی؟!

کورد هەمیشە بۆتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێز.. بۆچی؟!
ئاشکرایە کە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم ڕووتەشی جەنگ لە نێوان زلھێزەکاندا گۆڕدرا بۆ ململانێی سیاسی، ئابووری، دیبلۆماسی و شێوازی گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان لە ململانێی شەڕەوە بەرەو گرتەبەری ڕێگەی سیاسەت و گرتنەدەستی جڵەوی ئابووری.
وای تێدەگەم کە دروستبوونی جەنگی جیھانی سێھەم و تەقاندنەوەی خراپی و ئاڵۆزی پەیوەندیەکانیان، بە تایبەت لە سەر بەرژەوەندیەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و تایبەتر لە سوریە لەنێوان دوو زلھێزی جیھان، دەبێتە ھۆی دروست بوونی ھێزێکی تری نوێ و کاریگەر، کەمەترسی دەبێت بۆ سەر ھەردوو بلوکەکە...
لەھەریەک لەو حاڵەتەدا پێویستە کورد خۆی ئامادە بکات بۆ ھەر ئەگەرێک، بە جۆرێک سیاسەتی خۆی دارێژێتەوە بەکەمترین زیان لەململانێکاندا دەربچێت لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا. بەڵکو بتوانێت سودمەند بێت لەململانێکانی وڵاتانی زلهێزو ناوچەکە، وە کورد بۆ بەھێزکردنی پێگەی نەتەوەیی و جوگرافی خۆی.
ئەوەی زۆر گرنگە لە ئێستا دا، کە سەرکردایەتی ئەحزابە سیاسیەکانی کورد لە چوار بەشەکەی ھەنگاوی بۆ بنێت. دروستکردنی یەکڕیزی نیشتمانییە، وە هێنانەوەی بەڕێز مەسعود بارزانیە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە و تمسیلی سیاسی کورد لە ناوچەکەدا بکات، وەک سەرۆک بۆ دیاریکردنی سیاسەتی دەرەکی کورد تایبەت بۆ پرسە نەتەوایەتی و بڕیارە سیاسی و چارەنووسسازەکان لە سەر ئاستی چواربەش.
گومانی تێدانییە ھەر ھەڵەیەک لەبڕیاردان لەنێو ئەو ململانێی گەورەیەی دوو زلھێزەی جیھاندا، وە لە کاتێکدا کورد بێ سەرۆکەو پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کورد پێویستی بە جەنابی سەۆک بارزانی هەیە، ئەگەرنا لە بێ سەرۆکیدا کورد باجی زیاتر دەدات و زەرمەندی گەورە دەبێت. بۆیە ناکرێت چیتر کورد پەرتەوازەو بڕیاری تاک تاک ی ئەم و ئەوی هەبێت، چونکە ھەموو ئەو پێشھات و رووداوانەی ئەگەری دروستبوونی ھەیە و پەیوەندی بەداھاتووی کوردەوە دەبێت.
جگە لەوەش نابێت سەرکرایەتی حیزبە کوردیەکان ئەوەیان بیربچێت، کە کورد بە درێژایی مێژوو قوربانی بووە لەنێو ململانێکاندا، ڕوسیا ھەمیشە کوردی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار ھێناوە و نزیکترین نموونەیش کوردستانی ڕۆژئاواو پێشکەش کردنی عەفرین وەکو پاروویەکی چەور بە تورکیا.
کورد لە ئێستادا دەتوانێت، ڕابردووی پڕ ھەڵەی سیاسی و کێشمەکێشم و یەکترسڕینەوەی خۆیدا بچێتەوە، کەھۆکار بووە بۆ ئەوەی کورد پەرتەوازە بێت و یەکگرتووش نەبێت سەبارەت بەپرسە نەتەوەییەکان و لەھەمان کاتدا ھەوڵی دوژمنکارانەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیھانیش کەھەمیشە رێگربوون لەئاست بونیادنانی کیانێک بۆ کورد و گەیشتن بە ئازادبوون و سەربەخۆیی.
گەلۆ: پێویستە کورد، ئەوەی کە باسم کرد بە ووردی بیخاتە بەرباس و جێبەجێی بکات و بیکاتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی لەئێستا بەسیاسەتی دەرەکی و نێوەخۆیی خۆیدا بچێتەوە.
بە تایبەت هەبوونی سەرۆکێکی نەتەوەیی بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی نیشتیمانی بۆ ھەر چوار بەشەکەی کوردستان، زەروورەتێکی حەتمیە لەپاڵ دروستکردنی کۆدەنگیەکی نیشتمانیدا کە پێویستە پرسە نەتەواییەتیەکان پێش دەسەڵاتی حزب و بەرژەوەندی کەسی بخات، کە ئەوەش تەنها بە جەنابی کاک مەسعود بارزانی دەکرێت و جەنابیان زەرورەتێکن بۆ هەنوکە، کە کورد دەبێت بەزووی بڕیاری لەسەر بدات، تا لەململانێی نێوان زلھێزەکانی جیھاندا نەبێتە قوربانی سەرەکی و چیتر مێژوو دووبارە نەبێتەوە.

هادی باڵەیی
Top