بـۆئـەوەی ڕووگـەی ڕۆژەڤ ڵـێـڵ نـەبـێت ،، تەنها (تووتی ئاسا) مەنووسەو مەخوێنەوە.

بـۆئـەوەی ڕووگـەی ڕۆژەڤ ڵـێـڵ نـەبـێت ،، تەنها (تووتی ئاسا) مەنووسەو مەخوێنەوە.
لەگەڵ ئەوەى نووسین دەربارەی مژارێک کەوەک خۆى شیاوى خوێندنەوەیەکى جدیانە بێت و توانستى داگیرکردنى شوێنجێگەیەکى دیاریکراوى مەعریفى هەبێت و شەنوکەوی گوتارو گوفتاری بەرپرسە حیزبیەکان و سنوورەکانى ڕۆژەڤ و تەقلیدییەتى سیاسەتکردنی هەندێ بەرپرس تێپەڕبکات، ئاستەم نییە..
ئەگەرچی هەن پێیان ئاستەمە، بەو پێیەى ئەوان هەر لەبنەڕەتەوە تێڕوانین و تەسەووڕێکیان نییە دەرحەق بەتەرزە نووسینێک کەتواناى تێپەڕکردن و ڕۆنکردنەوە و تەقلیدى چەشنە نووسینێکى هەبێت کەزادەى دۆگما ئایدیۆلۆژییەکان و مەبەستە شەخصیەکان و هەموو ئەو چەشن و شێوە تێڕوانینە ڕووکەشییە تەبسیتکراوانەیە کەساڵانێکە بەشێوەیەکى بەرچاو زۆرێک لەبواری وتار.. نووسینەکانی سیاسی دووچارى ئیفلیجبوون و گۆتبوون و راوحکردن کردووە.
ئەو حەقە دەدەم بەخۆم کە بڵێم بەدرێژایى نزیک سەدەیەک لە نووسینى هەندێ نووسەران و هەندێ بەناو وتار نووسان، ژمارەى هەرە زۆرى نووسراوەکانیان مەگەر لەفۆرمدا گۆڕانکارى تێدا ببینرێت، دەنا لەبنەڕەتدا هەر کاوێژکردنەوەى ئەوەى پێشووە، یاخود تووتی ئاسا، کە ئامانجێکی سیاسی و مەبەستێکی دیاری کراویان لە پشتەوەیەو ڕاسپێردراون! بەچەشنێکى بێزارکەر و ناقۆڵا کە دەبێتە مایەى دڵتەنگی و بێ ئومێد بوون لە داهاتووی کورد و ڕۆژنامەوانی کوردی..، لە لایەکی تریش هۆکارێکە بۆ نەخوێندنەوە یان دروستکردنى خوێنەرێکى ناخوێنەر، چونکە کاتێک خوێنەر دەبێتە خوێنەر کە وتار بتوانێت حەزى کەشفکردن و گەڕانى تێدا ببزوێنێت و ویستى کردنەوەى دەرکەکانى تێدا بەرجەستەبکات، نەک بەپێچەوانەوە رایکێشێتە نێو ژوورێک لە بێ هیوایی، لە بێزارى، لە وەڕسى، لە هەموو حەز و ئارەزووەکانى وەک خوێنەرێک تێدا بکوژێت و بگرە ئازاریشى بدات و تووشى چەندین کۆمپلێکسى سایکۆلۆژیشى بکات، کەم نین ئەو وتار و نووسینە کوردیانەى لەکاتى خوێندنەوەیاندا خوێنەر ترسى ئەوە دایدەگرێتەوە ئەگەر پێچەوانەى ئەوەى کەپێى دەگوترێت، بە جۆرێکی دیکە بیر بکاتەوە ڕەنگە مەجازیانە فەلاقە بکرێت، ئەقڵییەتى سیاسی نادروست هەر ئەوە نییە لەدوو توێى هەندێ وتار و گوفتاری سییاسی ئێخەى کۆمەڵگاو خوێنەر بگرێت، بە دەمشڕی و تەشهیرکردن و ناشرینکردنی دەستکەوتەکان و نەهێشتنی انتمای نیشتیمانی لە هەگبەی فەرد، وە ئەشکەنجەدانى رۆحى و خۆسەپاندن و ئیمپریالییەتى لەهج و دۆگماى بۆچوون و تێزەکان دەچێتە نێو قووڵاییەکانى زەینى خوێنەرەوەو مێشکى دەسڕێتەوەو دایدەبڕێت لەهەر گومانێک کەبیەوێت دزەبکاتە نێو کەلێنەکانى تەسەوورییەوە و وای لێ دەکات مەودای تێگەیشتن لە مژارو بابەتەکانی ڕۆژەف ڵێڵ و نادیار بکات، وە بەشێکى بەرچاوی ئەوەى کە لە ماسکێکی تازەداو لەو سەردەمەشدا کە نووسراوە، هێشتا دانەبڕاوە لەئەقڵیەتى دوێنی سیاسەتکردن بۆ سڕینەوەو لەبەین بردنی بەرامبەرەکەی کە زۆرترین قوربانی و زۆرترین شانازی دەستکەوتەکانی پێ بڕاوە.. وە ئەو جۆرە نووسەرانە کە من بە موریدانى بەچەشنى مەلا و فەقێیانى سەردەمانێکی کۆن و بەهەموو کەرەستەکانى فەلاقەو ئەشکەنجەدان ناویان دەبەم..، کە خۆیان پێ فریادڕەسە، میللەت بە گەمژە دەزانن و تەسەوورێکى پێچەوانەو نووسینێکی واقیعیانەیان پێ هەزم ناکرێت،

کە بڵێم ڕەنگە ئاستی ڕۆشەنبیری و هزرى لەو جۆر میدیاکار و وتار نووسینانە نەچۆتە دەرەوەى دیوارە دۆگماکانى حوجرەوە، گومان ناکرێ کە کەسانێکى زۆر دڵگران دەبن و بەگژمدا دێن، کەچى راستییەکەش ئەوەیە کەلەم رۆژگارەدا تازە بەتازە خۆى نوێ دەکاتەوەو جارێکى دیکە ئێخەمان پێدەگرێت و بەبەشێکى بەرچاوى وتارەکانی ئێستاشەوە نەیانتوانیوە تەجاوزى ئەو دۆگمایە بکەن و نەیانتوانیوە لەدەرەوەى تەقدیسکردن و خۆویستیەوە خوێندنەوەیان هەبێت بۆ ئەوەی خۆڵ نەچێتە جاوی خاڵکەوە .


Top