خوێندنەوەیەكی واقیعییانە بۆ بارودۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان . . . خاڵە هاوبەشەكانمان لە جیاوازییەكانمان زیاترن، بۆیە دەتوانین یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین

خوێندنەوەیەكی واقیعییانە بۆ بارودۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان . . .   خاڵە هاوبەشەكانمان  لە جیاوازییەكانمان زیاترن، بۆیە دەتوانین یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین
بارودۆخی سیاسی هەر چۆنێك بێت، گەلی زیندوو و خاوەن ئیرادە دەتوانێت رۆڵێكی كارا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بگێڕێت، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێمە وەك گەلی كوردستان چۆن دەتوانین ئەو رۆڵە بگێڕین و ئەو ئەركە مێژووییەی سەرشانمان جێبەجێ بكەین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مێژووی نەتەوە زیندووەكان دەیداتەوە، بەوەی دەبێت گوتاری نەتەوە، گوتارێكی یەكگرتوو بێت بۆ رزگاربوون لەژێر چەپۆكی داگیركاری نیشتمانی، دیارە لە نیشتمانی داگیركراودا هەموو بوارەكانی ژیانی نەتەوە داگیردەكرێت، بۆیە دەبێت گوتاری نەتەوەیی ئامانجی رزگاربوون بێت لە داگیركاریی هەمەلایەنە. كە ئەم گوتارە دروست بوو، ئیدی دەرگایەكی فراوان بەرووی نەتەوە واڵا دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی لەسەر ئاستی ژیانی كۆمەڵگە و لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بگێڕێت. ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ئیرادەی گەلی زیندوو ئەو كاتە دەردەكەوێت كە ئازادی و رزگاربوونی كردبێتە ئامانج و لەسەر ئەم پرسە خاڵە هاوبەشەكانی كۆكردبێتەوە و دەرگایەكی كراوەشی فەراهەم كردبێت بۆ ئەوەی لەسەر جیاوازییەكان دیالۆگی سەردەمییانە بكرێت و چارەسەری راستەقینە بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان بخوێنینەوە، دەبینین بەشێوەیەكی خۆڕسك گیانی لێبووردەیی و یەكتری قبووڵكردن و پێكەوەژیان لەنێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكانی كوردستان بوونی هەبووە و ئێستاش بوونی هەیە و بەردەوامیشە و، جیاوازیی نەتەوە و ئایین لە كوردستاندا نەك نەبۆتە خاڵێكی لاواز بۆ كوردستان، بەڵكو بۆتە ئەو خاڵە بەهێزەی كە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتییش شانازی پێوە دەكەین و، رۆژ لەدوای رۆژیش موسڵمانەكان مزگەوتی جوانتر و كریستیانەكان كەنیسەی جوانتر و ئیزیدییەكان پەرستگای جوانتر دروست دەكەن، لەمەش گرنگتر كاتێك بارودۆخێك لە ناوچەكانی عێراق دێتە پێشەوە و هێرش دەكرێتە سەر پێڕەوانی ئایینە جیاوازەكان، هەموویان پەنا دێننە كوردستان بۆ ئەوەی پێكەوە گرێدانەوەی خاڵە هاوبەشەكانیان لەگەڵ كەلتووری كوردستان، جیاوازییەكانیان بە زیندوویی بمێنێتەوە.
ئەگەر لێرەوە، هەندێك خۆمان لە ئایدیۆلۆژیەت و تێڕوانینی تەسكی حزبی بێنینە دەرەوە و كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی خۆڕسكی كوردستان، بكەینە بنەمای كاری پێكەوەیی سیاسیمان و فرەحزبی لە كوردستاندا، ئەوا راشكاوانە دەگەینە ئەو راستییەی كە ئەو كەلتوورەی توانیویەتی ئایینە جیاوازەكان و ئیسلام (بە شیعە و سوننەوە) و كریستیان و ئیزدی و كاكەیی و شەبەك و سائبە پێكەوە كۆبكاتەوە و ئەو كەلتوورەی توانیویەتی جیاوازی نەتەوەكانی كورد و توركمان و كلد و ئاشووری و سریانی و ئەرمەن پێكەوە كۆبكاتەوە، ئەوا زۆر بە ئاسانییش دەتوانێت جیاوازیی ئایدیۆلۆژیی حزبەكانیش لە بازنەیەكی فرەحزبی تەندروستدا كۆبكاتەوە و جیاوازییەكانیش بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەر حزبێكیش لەو ژینگەیەدا دەتوانێت بەرنامەی باشتر بۆ ئایندەی وڵاتەكەی بكات و ململانێی سەردەمییانەش لەگەڵ حزبەكانی دیكە بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم بنەمایە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بەمجۆرە سیاسەتی كردووە و مامەڵەی لەگەڵ تێكڕای لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان كردووە، هەر بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شۆڕشی ئەیلوول دەبینین جیاوازیی فیكری و ئایدیۆلۆژیی نێوان پارتی و حزبی شیوعیی عێراق و كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد، نەك هەر نەبۆتە ئاستەنگ لەناو شۆڕشدا، بەڵكو جیاوازییەكان هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان وەك یەك لەشكر لەناو یەك سەنگەری مقاوەمەتدا كۆكردۆتەوە.
لە ئێستادا كە لە بارودۆخی سیاسیی كوردستاندا هەندێك پەرتەوازەیی هەیە، جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان درێژەی بە هەمان سیاسەت داوە و نەك هەر دەرگای واڵاكردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خاڵە هاوبەشەكان كۆبكاتەوە و پێكەوە شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییەی كە لەسەر شانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بەڵكو خۆی لەدەرگای هەموو لایەنە سیاسییەكان دەدات و ئامادەباشی دەربڕیوە كە سەردانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە بێ جیاوازی بكات، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەندێك حزبی سیاسی ئەم سیاسەتی لەدەرگادانەی پارتی رەتكردۆتەوە و ئێستاش رەتی دەكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان قەناعەتی تەواوی بەو سیاسەتە هەیە كە جیاوازیی فیكری و ئایدیۆلۆژیی نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان وەك جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كوردستان، خاڵێكی دیكەی بەهێزە بۆ كاری پێكەوەیی سیاسی لە كوردستاندا و بناغەیەكی دروستە بۆ دروستبوونی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لەسەر ئەو بنەما هاوبەشانەی هەموو حزبەكانی كوردستان پێكەوە كۆدەكاتەوە، هەر ئەمەش گەلی كوردستان بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە داوا لە تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستانی دەكەن و دەزانن بەم رێگەیە نەبێت، نە دەتوانین لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان گەشە بە خۆمان بدەین، نە دەشتوانین لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ رۆڵێك بگێڕین.
كەواتە هەنگاو هەڵگرتن بۆ سیاسەتی كرانەوە و لە دەرگادانی حزبە سیاسییەكان و پشتكردنە عینادیی حزبی، دەبێت ببێتە بنەمای كاری حزبایەتی و چالاكیی حزبە سیاسییەكان لە كوردستاندا، ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارەیە كە هەموومان بە جیاوازیی فیكری و ئایدیۆلۆژییەوە یەكتری قبووڵ بكەین و رێز لە جیاوازییەكانی یەكتری بگرین، ئەمەش تەواو پێچەوانەی عینادیی حزبی و رەتكردنەوەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا، چونكە ئەم جۆرە سیاسەتی عینادیی حزبییە، خاڵی بەهێزی جیاوازی فیكری و ئایدیۆلۆژی حزبە سیاسییەكان دەگۆڕێت بۆ خاڵی لاوازی یەكتری رەتكردنەوە و یەكتری قبوڵ نەكردن، كە ئەمەش كۆمەڵگە بەرەو جۆرێك لە توندوتیژی و تیرۆری فیكری دەبات كە بەداخەوە ئێستا لە هەندێك شوێنی كوردستان بوونی هەیە، كە ئومێد دەخوازین ئەو توندوتیژی و تیرۆری فیكرییە، بە ئاشتكردنەوەی جیاوازییە فیكری و ئایدیۆلۆژییەكان كۆتایی بێت، نەك جیاوازییەكانمان بكاتە دژایەتی و توندوتیژی زیاتر بەرهەم بهێنێت.
ئەوەی لە ئێستا دەكرێت بە گەشبینی سەیری بكەین و بە بەرهەمێكی سیاسەتی دەرگاكردنەوە و لە دەرگادانی حزبەكان لە قەڵەمی بدەین، ئەو لێكتێگەیشتنەیە كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ چۆنیەتی بەشداریی لایەنی كوردستانی لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، دروست بووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بەم لێكتێگەیشتنەی پارتی و یەكێتی پێگەیشتوون لەسەر دۆسیەی مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئایا هیچ جیاوازییەكی فیكری و ئایدیۆلۆژی لەنێوان یەكێتی و پارتی بوونی نەما؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر جیاوازی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، بەڵام جیاوازییەكان زیندوون و پێكەوە كار بۆ ئامانجێكی هاوبەش دەكەن، ئەمەش بەو مانایەی ئەوەی یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەنێوان پارتی و یەكێتی دروستكردووە بۆ ئەوەی بە بەرنامەیەكی هاوبەش بچنە بەغدا، جیاوازییەكانی نێوان -پارتی و یەكێتی-یە، نەك پارتی و یەكێتی وازیان لە جیاوازییەكانی خۆیان هێنابێت، خۆ ئەگەر بەم لێكتێگەیشتن و رێككەوتنە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان پارتی و یەكێتی نەمابێت، ئەوا چ پێویست دەكات لیژنەیەك دابنرێت بۆ نووسینەوەی بەرنامەیەكی هاوبەش، بەڵكو ئەگەر جیاوازی لەنێوان پارتی و یەكێتی نەمابێت، ئەوا ئۆتۆماتیكی هەردوولا دەبنە یەك حزب و یەك بەرنامە دەنووسرێت، نەك بەرنامەیەكی هاوبەش.
پرسیاری دیكە ئەوەیە ئایا ئەو خاڵە هاوبەشانە چین كە جیاوازییەكانی پارتی و یەكێتی لە بەرنامەیەكی هاوبەشدا پێكەوە كۆدەكەنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی ئەركێكی مێژوویی لەسەر شانیانە، ئەو ئەركەش ئەوەیە كە دەبێت لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نوێنەرایەتیی لایەنی كوردستانی لە پرۆسەكەدا بكەن، نەك نوێنەرایەتیی پارتی و یەكێتی بكەن، بۆ ئەمەش ئەگەر سەیری ئەو بنەمایانە بكەین كە بەرنامەی كاری هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەسەر ئامادە دەكرێت، بریتییە لە ( هاوبەشی، پێكەوە سازان، هاوسەنگی) ئەم سێ بنەمایە كە دەستووری عێراقی لەسەر نووسراوەتەوە و گەلی كوردستان بە جیاوازیی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیەوە دەنگی پێداوە، وەك حزب دوور و نزیك پەیوەندی بە -پارتی و یەكێتی-یەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و زەمانەتی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و سنووری هەرێمی كوردستانەوە هەیە لە عێراقدا.
لەسەر ئەم بنەمایە پارتی دیموكراتی كوردستان داكۆكی لە سیاسەتی كرانەوە و لە دەرگادانی حزبە سیاسییەكان كردووە و لێرە بەدواشەوە پێكەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی داكۆكی لەم سیاسەتە دەكەن، بۆ ئەوەی حزبەكانی دیكەی كوردستانیش بێنە ناو پرۆسەكە و داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و شەرعییەتی دەستووری سنوور و كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەم ئەركەش چۆن دەكەوێتە سەرشانی پارتی و یەكێتی، بەهەمان شێوە دەكەوێتە سەر شانی كۆی ئەو حزبە سیاسییانەی لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری رابردوو هاووڵاتیان دەنگیان پێداون و نوێنەریان دەبێت لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا، بەڵام گرنگە هەموو حزبەكان هەست بەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییە بكەن، كە ئەو نوێنەرە كوردستانییانەی دەچنە پەرلەمانی بەغدا، تەنیا بۆ پەرلەمانتاری، یان بۆ ئەوەی پۆستێك وەربگرن، ناچنە بەغدا، بەڵكو ئەركی سەرەكییان ئەوەیە نوێنەرایەتیی لایەنی كوردستانی بكەن و داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
لەوانەیە لەسەر پیادەكردنی سیاسەتی كرانەوە و لە دەرگادانی حزبەكان لەلایەن پارتییەوە ئەو پرسیارە لای خوێنەر بێتەئاراوە، ئەگەر ئەو حزبانە هەر لەسەر عینادیی حزبیی خۆیان بەردەوام بن و لەمەش زیاتر بەردەوام بن كە جیاوازییەكان بگۆڕن بۆ دژایەتی و بەرهەمهێنانی توندوتیژی، ئایا لەو حاڵەتەدا پارتی هەڵوێستی چۆن دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە دیدوبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بۆ پرۆسەی سیاسی و كاری پێكەوەی سیاسی ئەوەیە، لە تێڕوانینی پارتیدا تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەشی لە ئۆپۆزسیۆندان، هەموویان حزبی سیاسی نیشتمانین و لە تێڕوانینی جیاوازەوە دەیانەوێت خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی ژینگەی حوكمڕانیی باش و حوكمڕانییەكی باشتر بێتەئاراوە، بەڵام كاتێك حزبێكی سیاسی بۆ مەرامی حزبی دەیەوێت ژینگەی سەقامگیریی سیاسیی كوردستان تێكبدات، یان ئاڵۆزی بكات، ئەوا لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەو كردەوانە ناكرێت و دەبێت یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستاندا چارەسەری ئەو پرسە بكات و بە یاسا رێگری لەو كارانە بكات، دیارە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەو راستییە باش دەزانن، ئەو خاڵانەی تێكڕای حزبە سیاسییەكان لەناو پرۆسەیەكی سیاسیدا كۆدەكاتەوە، ئارامی و سەقامگیریی كوردستانە، ئەگەر ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بكرێتە ئامانج، ئەوا یاسا و دەسەڵاتی دادوەری پارێزەری ئاسایش و سەقامگیریی كوردستانە، نەك حزبە سیاسییەكان.
لە دوماهیدا دەخوازم ئەو گەشبینییەی بۆ داهاتووی كوردستان هەستی پێدەكەم، لەم دێڕانەدا ئاماژەی پێبكەم و دەڵێم:
وێرای ئەوەی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراقیشەوە لە هەژانێكی گەورەدایە و مەزندەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەم هەژانە بەرەو هەژانی گەورەتر و گۆڕانكاریی چاوەڕواننەكراو هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام بۆ كوردستان جۆرێك لە گەشبینی خەریكە دەردەكەوێت كە ئەویش لەو سیاسەتە لۆژیكییانەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، كە دەیەوێت جیاوازیی فیكری و ئایدیۆلۆژیی حزبە سیاسییەكانی كوردستان، خاڵێكی بەهێز بۆ پرۆسەی سیاسی لە كوردستانداو دروستبوونی یەكڕیز و یەكهەڵوێستی لەناو سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا، جێگەی خۆشحاڵی و گەشبینییە ئەم سیاسەتە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لێكەوتۆتەوە و ئومێد دەكرێت پارتی و یەكێتی پێكەوە هەموو لایەنەكان لەیەك بازنەدا كۆبكەنەوە.

Top