چۆن مۆڕاڵی ناسیۆنالیستی کوردی بەرز ڕابگرین..؟
December 19, 2018
وتار و بیروڕا
ئاشکرایە لام دەدووهەم پرسیاردا: که‌متر وەک تاک خۆمان بووین و خۆمان قسەمان کردووەو خۆشمان ویستوومانە!. خۆ دزینه‌وه له وه‌ڵامگەلێک و پرسیارگەلێک کە زۆر پێشترێ ده‌لیڤه‌ی گه‌یشتنه سه‌ر ئه‌و واقیعیانەی دەگوزەرێ مەحاڵ نین.. وەلێ تەنها خۆمان بمانەوێت... بۆیه‌ش بە جێی دەبینم کە بپرسم : ئه‌رێ ده‌کرێت بە خاتری پشکە خێرینەی زیاتری ئەم حیزب و پۆستی ئەو کەس بیری ناسیۆنالیستی نەتەوەییمان بخەینە بەردەم تەعریب و ئەنفالی بکەین؟ یان هه‌ر به ڕاست بۆ ده‌بێ چل ملیۆن مرۆڤی ژمارە سێ و چوار، غەریب و سەرگەردان لە سەرزێدی خۆمان بین...؟! هەر بەڕاست دەمێژوودا ڕۆچووین و بگەین بەوەی کێ سەبەب و لەبەرچی وا ماوینەتەوە...؟!
هه‌میشه وه‌ڵامی ئێمه بۆ شکستی ئارمانجە مەزنەکانمان دووسێ ڕسته‌ی کلێشه‌یی دووباره‌بووه‌وه بوون، - غه‌زوی فه‌رهه‌نگی، بێده‌وڵه‌تی، پاشڤه‌ڕۆییی کولتوری سییاسی، ئایینداریی ده‌مارگیرانه، ....هتد، ئه‌و هۆکارانه‌ن که مرۆڤی کورد پاساوی لاوازییه‌کانی خۆییان لێهه‌ڵدێنجێت و هه‌میشه‌ش هه‌مان وه‌ڵام و هه‌مان بیانوو بۆ خۆ دزینەوەو خۆپه‌ڕاندنه‌وه له ده‌ست کێماسییه قوڵه‌کان دووباره ده‌کاته‌وه.
ئه‌گه‌ر به دیدێکی واقیعبینانه‌ش له‌و پاساوانه بڕوانین خۆ زۆریش نابه‌جێنین، به‌ڵام کێشه گه‌وره‌کە ئه‌وه‌یه که: کاتێک ده‌شێت ده‌ستنیشانی نه‌خۆشییه‌کانمان بکه‌ین و لە بابەت و ڕووداوەکان تێدەگەین، بەڵێنی بڕیاری جەریئتر دەدەین، لەناکاو دەمارگرژی داماندەگرێت، دیسانەوە ناسیۆنالیستی کوردی ئێمەمانان خۆش..، باشە باش میللەتێکی ئەوەنە داماوین و دەزانین برینەکان لەکوێی جەستەماندان..، بۆ به دوای ده‌رمانکردنیاندا ناگه‌ڕێین؟!، ئایا نه‌خۆش هێنده‌ی به‌سه که ده‌ردی خۆی بزانێت و ئیدی شیفا به ته‌مای خوا به‌جێبێڵێ؟! لە دوونیادا شتی وا هەبووە؟!
من و تۆ تاکی نه‌وه‌ی میلله‌تێکی ده‌وروبه‌ری چل‌وپێنج ملیۆن مرۆڤیین و بگرە زیاتریش، نه خودانی کیانێکی سه‌ربه‌خۆین، نه زمانێکی ستەنداردو یه‌کگرتوومان هه‌یه، نه پێکه‌وه‌ش ته‌باین و دەسازێین، ده‌شمانەوێ پێشبکه‌وین و بەدەستی بێنین، چون هه‌ست ده‌که‌ین زه‌مه‌نێکی دوورودرێژە ئه‌و مافانەمان لێستێندراونەتەوەو بە پڕۆگرامیکی کاردەکرێت لەسەر سڕکردن و لاوازکردنی بیری ناسیۆنالیستی و انتیمای نەتەوەیی بوونمان، ئه‌مڕۆش خۆمان له به‌رده‌م جۆرێک له گۆڕانی جیهانی و ناوچەیی دا ده‌بینینه‌وه که ئه‌گه‌ر جارێکی تر بناغه‌یه‌کمان له خۆگۆڕین و خۆئامادەکردنی ماراسۆنیدا نه‌بێت هه‌ر زوو ده‌بینین لێی به‌جێماوین و له پشتی پشته‌وه‌ین! .
تا هەنوکەش وای تێده‌گه‌م که خواستی پێشڤه‌چوون له ناو ئێمەی کورددا له شه‌رم و ترسێکی قوڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و بە مافی ڕەوای خۆمانمان نەزانیوە، بۆیەش هەمیشە لە کاتی نزیککەوتنەوە لە ئارمانجەکانمان، دووژمنان بە سانایی دەستیان چۆتە نێومان و بەکاریان هێناوین جا هەرجارەو بە چیرۆکێکی جیا‌و پڕ لە تراژیدی.
بەڕاستی شه‌رم له‌وه‌دا که نه‌توانین خۆمان پێ هاوتای مرۆڤانی دیکه‌ی عارەب و تورک و فارس بێت، ترسیش له‌وه‌ی که دەمانەوێت و مەبەستمانە بیکه‌ین...... شایەنی ئەوەین بکرێین به میلله‌تێکی له مۆزه‌خانه‌دا دانراو !! . چون شه‌رمه نه‌توانین بیسه‌لمێنین که ئێمەش مرۆڤین و ده‌توانین بیری ناسیۆنالیستی کورد لە بەرانبەر ناسیۆنالیستی قەومە شۆڤێنیەکانی تر زیندوو ڕابگرین..! خه‌ونی ئه‌وه‌ش که ببین به گەلێک له مۆزه‌خانه‌کاندا دابندرێین خه‌ونێکی ترسناکه‌و ئێوەی خوێنەریش ئەو ڕاستیە دەزانن!.
کەوایە مادامەکی ترسێک هه‌یه که پاڵمان پێوه بنێت بۆ ئه‌وه‌ی زیندووبین و لە مارەسۆنەکەدا وەپشت نەکەوین، که‌واته ده‌کرێت بڕوابه‌خۆیانه‌تر قۆڵی لێهه‌ڵماڵین.. ده‌کرێت له‌وه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین که له خۆمان بپرسین وەک فەرد: چیمان پێده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین تاکێک و کوردێکی ناسیۆنالیستپەرست و نوێویستین؟، زرینگانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره ئه‌گه‌ر به جددی بیکەین لە خۆمان، به‌سسه بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی کوردی پێشڤه‌چوون خوازمان له‌ناودا هه‌ڵایسێت و زووتر وەسەرپێی خۆمان بکەوینەوەو مافەکانمان وەرگرین.
* * *
ده‌ڵێم :
ده‌کرێت بە ئامانجەکانمان بگەین و مۆڕاڵی ناسیۆنالیستی کوردی زیندوو ڕابگرین، به‌ڵام بە نابەرپرسیارێتی و به ڕۆنیشتن نا.