ئیتیکی ڕاگەیاندن

ئیتیکی ڕاگەیاندن

لەکۆمەڵگەی مۆدێرن و پەرەسەندوودا، کە ھەرتاکێکی ناو ئەم کۆمەڵگەیە، چاوی بڕیوەتە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیا جۆربەجۆرەکان و میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، لە ئاراستە کردنی بەشێکی گەورە لە تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ ناو چەقی ململانێکان، ئەمەش بەھۆی ئەوە کە میدیا کولتورێک بەرھەم دەھێنێت کە لەناو وێنە بینراو زیندووەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و خێراتر لە ھەرشتێک، کاریگەری لەسەر مرۆڤی ئەم سەردەمە دروست دەکات، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، زەحمەتترین کار، پیشەی ڕاگەیاندنە، چونکە میدیاکار ئەگەر کارێک ئەنجام بدات، دەبێت لەڕووی ( یاسایی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، جوگرافی، مێژوو، سیاسی، سەربازی و تەناھی) ھەموو پێوەرەکانی ئەخلاقی ڕاگەیاندن شارەزا بێت.
بێگومان ئەگەر میدیا بە شێوەیەکی نابەرپرسانە ھەستێت بە گەیاندنی ھەواڵ و پەخشکردنی، کاریگەری زۆر نێگەتیفانەی دەبێت و لەوانەیە ببیتە ھۆی تێکدانی کۆمەڵگە و ژینگەی تاکەکەس. ئەمەش زیاتر لە کاتی نائاساییدا وەک جەنگ و کارەسات و پەتا ونەخۆشییەکان زۆرتر دەردەکەوێت.
ڕەچاوکرنی بنەماکانی ئێتیکی پیشەی راگەیاندن، لە ھەمو کات و شوێن و ھەلومەرجێکدا، کارێکی گرنگ و پێویستە، بەڵام لە رووداو و پێشھاتە سیاسییەکاندا، بە تایبەت لە وادەی ھەستیارو چڕبوونەوەی ململانێکاندا ئەم پابەندبوونە گرنگ وپێویستر دەبێت.
سەرەتا لە شیکردنەوەی وشەی ئیتیک و پێناسەی ئیتیکی میدیاوە دەست پێدەکەین:
وشەی ئیتیک (Ethic) لە بنەڕەتدا لە ( Etos)ی یۆنانیەوە وەرگیراوە، کە بە واتای ئاکار و نەریت دێت و زانستێکی ئاکارییە، بایەخ بە لایەنی تیۆریی و پراکتیکی بەھا ئاکارییەکان (moral) دەدات ،
سەبارەت بە پێناسەی ئیتیکی میدیاش راجیایی زۆر ھەیە، بەڵام لە گرنگترینیان دەخەینەڕوو. (د. حسانە رشید) دەنووسێت: “بریتییە لە کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخلاقی پیشەیی کارکردن، کە رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن لە کاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگە، پەنای بۆ دەکەن. بەڵام ئەوانەی کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی ئەو ئاکارانە، بەرھەمھێنەرانی پەیامە میدیاییەکان، دامودەزگاکانی راگەیاندن و کۆمپانیاکانی بواری ریکلامن”
ھەروەھا (د. ھێرش ڕەسوڵ) پێناسەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: “دەتوانین بڵێین زاراوەیەکە ئاماژە بەو رێسا ون و ئاشکرایانەی رەفتاری پیشەیی لە ناوەندەکانی کەمیۆنیکەیشن دەکات، لەگەڵ ئەو ئاڕاستە کاریگەر و سکاڵایانەیشی، کە پەیوەندیدارن بە ھەموو ئەو شێوازانەی کارکردن و ئەو دەسکەتانەی گونجاون”
بەڵام (د. مەغدید سەپان) پێیوایە ئیتیک بەشێکە لە فەلسەفە و ھەوڵدەدات، وەڵامی ھەندێک پرسیار بداتەوە وەک: (شتی باش چییە؟) (شتی راست چییە) (مرۆڤ چ بکا)، بەڵام بەشێوەیەکی رونتر چەند رێسایەک ھەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ چۆن بە باشترین شێوە ھەڵسوکەوت بکات.
مێژووی ئیتیکی ڕاگەیاندن
دەتوانین بڵێین مێژووی ئیتیکی میدیا لەو کاتوساتەی، کە کەناڵ و ھۆیە جیاجیاکانی راگەیاندن دەرکەوتن، بیرکردنەوە لە زەرورەتی بوونی پرەنسیپەکانی ئەخلاقی کارکردنی میدیا و میدیاکارانیش سەریھەڵداوە.
ھەروەھا ھەوڵەکان بە ئاڕاستەی دانانی بەڵگەنامەی ئیتیکی پیشەی رۆژنامەنووسی بەدەوامبوون، تا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (١٩١٨ز)دا، ھەوڵێک بە فەرمی لە فەڕەنسا درا، ئەویش بە ھۆکاری ئەو رۆڵە کارایەی کە کەناڵەکانی راگەیاندن لەو کاتەدا دەیان گێڕا ،ھەروەھا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیھانیشدا” یەکەمین لیژنەی بەدواداچوونی پاشایەتی (١٩٤٧- ١٩٤٩) لە بریتانیا بۆ گەمارۆدانی چاپەمەنییەکان پێکھێنرا و کەسانی وەک لۆرد (رۆتەر میر)ی خاوەنی رۆژنامەی (دەیلی میل) و لۆرد (بیۆر برۆک)ی خاوەنی رۆژنامەی (دەیلی ئێکسپرێس) و …. تاد، خرانە ژێر لێکۆڵینەوە”،
کەواتە دەتوانین بڵێین: ” تەمەنی پرسی ئیتیکی رۆژنامەگەریی، بەو مانا و دەلالەتە نوێیانەی، کە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زانستی وەریگرتووە و دەناسرێت، نزیکەی یەک سەدەیە ، واتە نزیکەی (١٠٠) ساڵە، ئەم پرسە لە بواری میدیادابونی ھەیە،
بنەماکانی ئیتیکی پیشە......
١ .بەرپرسیارێتی
٢ .راستگۆیی
٣ .وردی
٤ .بێ لایەنی پیشەیی و جیاکارینەکردن
٥ .ھاوسەنگی
٦ .مافی ژیانی تایبەت
لێرەدا پێویستە بە وردی ئاگامان لەو راستییە بێت کە بنەمای ئێتیکی راگەیاندن رێ لە رۆژنامەنوس ناگرن تاکو یەکێک لە ئەرکە ھەرە گرنگ و دیارەکانی گەیاندن و راگەیاندن ناگرن، باسی لەوەش کرد ؛ بەداخەوە بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستان زۆر زوو دەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانەوە و زانیاریەکانیان پشت ڕاست ناکەنەوە.
لەلایەنێک زانیاریەکان وەردەگرن و لایەنەکەی دیکە فەرامۆش دەکەن و ئەمەش وادەکات زۆر زوو بکەونە ھەڵەوە و ھەواڵی ناڕاست بڵاو بکەنەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی بێزاری لای ھاوڵاتیان و بۆیە دەتوانرێت لەڕووی یاساییەوە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەناڵانەدا بکرێت و بیریشیان بخرێتەوە کە ئەوەی ئەوان دەیکەن زیان بە باری ئەمنی و لایەنی دەروونی و مەعنەوی ھاوڵاتیان دەگەیەنێت، بۆ ئەوەی ئەخلاقی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی ھزری دەربچێت و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بێنێت، پێویستە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یاساوە، گەرەنتیی جێبەجێکردن وەربگرێت.
ھەروەھا زۆرێک لە شارەزایانی یاسا، باوەریان وایە کە یاسا و ڕێسا لە وڵاتان بە گوێرەی سیستەمی یاسایی و سیاسیی کارپێکراوی ئەو وڵاتە، ئەخلاقی پەسەندکراوی کۆمەڵگەیە کە بە ھۆی یاساوە گەرەنتیی جێبەجێکردنی وەرگرتووە و یاسامەند بووەتەوە،وەزارتی ڕۆشنبیری وئەرکێتی کارلەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بکات بۆبرەودان بەیاسای ڕۆژنامەگەری لەھەرێمی کوردستان تاکو یاساسەروەربێت ،
سزای تاوانی سۆشیال میدیا و ڕۆژنامەنوس، یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان بە بڕی یەک تا پێنج ملیۆن دینار غڕامە دەکرێ، گەر پرسیارێک بێتە ئاراوە تاچەند ڕۆژنامەنووسان پابەندن بەیاساکان وجێ بەجێ کردنی ئیتیکی ڕۆژنامەنوسی؟ زۆرن ئەوکەسانەی پیشەیان ڕاگەیاندنەو کاری تێدا دەکەن ھەندێک بۆ بژێوی ژیانیان ھەندێکیان خولیاوئارەزوویان کاری ڕاگەیاندنە بە ھەموو جۆرەکانیەوە؟
لەھەمو وڵاتێک سەروەری یاساو ئاسایشی نەتەوەیی پێش ھەمووشتێکە بەداخەوە لەزۆربەی میدیا کوردییەکان پێچەوانەکەیەتی ھۆکاری دەرەوەوناوخۆوسیاسی وایکردووە ھەرساتەو بابەتێک بڵاوبکرێتەوەبێ ئەوەی گرنگی بەبەرژەوەندی خاک ونیشتمان وھاوڵاتیان بدرێت، بەڵام، ئەوەی جێی سەرنجە..بڕیاری دادگاکان وەک پێویست نین لەئاست ئەرک وبەرپرسیارێتی ھەموو تاکێک لەم نیشتمانە ھەر وەک چۆن بانگەشەی دیموکراسی دەکرێ مافی ئازادی رادەربڕین و بۆچوونی ھەیە لەچوارچێوەی ئەو سنوورەی کەبۆی دیاری کراوە بە پێی دەستور، ئاواش ھەموو ئەم مافانەی تاکیش پارێزراوە لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەگەر ئەم ئازادی رادەربڕینە بوو بە تۆمەت و تاوان ئەوا بڕیاری دادگا دەیگرێتەوە و سزادەدرێت، حوکمی دادگان یان قەواڵە نووسراوەکان سودێکی نابێت، ئەگەر یاساو دەزگایەک نەبێت بەھۆیانەوە ماف وخاوەن مافەکەی وەربگرێتەوە، لەدنیای نوێدا دەوڵەتان گرنگی زۆر دەدەن بەیاسا بۆ ئەوەی کەسەکان تەنھا بتوانین لەڕێگەی دەزگاکانی دەوڵەتەوە مافەکانیان وەربگرنەوە، چاوەڕوان دەکرێت لەداھاتوو ھەموو ئەو کەناڵ وڕۆژنامەو گۆڤارانەی کە پیشەو ئیتیکی کاری ڕاگەیاندنیان پێشێل کردوەو کردوویانەتە مەرامی سیاسی خۆیان دابخرێن، زۆر وبۆری وای کردووە ئەم ڕۆژانە بێتە بەرھەم، لە پراکتیککردنی یاسای ڕاگەیاندندا، دوو ڕەگەزی ئازادی و بەرپرسیارێتی بەدەر دەکەون و، دەزگای دادوەری، بە سەرنجدان لە سیستەمی ڕاگەیاندن، بڕیار لەسەر بەربڵاوترکردنی پانتای ئازادی و، کەممەوداتر­کردنی بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن، یان بەپێچەوانەوە دەدات. ئازادی و بەرپرسیارێتی، دوو ڕووی یەک دراون و، ئازادی بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئازادی، مافی سروشتی و بێبەرامبەر نییە، بەڵکوو مافێکی مەرجدارە بە بەرپرسیارێتی، کە مرۆڤ لە بەرامبەر خۆی و کۆمەڵگەدا ھەوڵی بۆ داوە.
Top