بۆ فریشتەکانی سەرکورسیی دەسەڵاتداریەتی بەغدا زێوە .. بای ذنب قتلت ..؟

بۆ فریشتەکانی  سەرکورسیی   دەسەڵاتداریەتی بەغدا   زێوە ..  بای ذنب قتلت ..؟
باس کردن لەو بابەتانەی کە ئاماژە و واتاداری مەرگەسات و جینۆسایدوماڵوێرانی کوردن ، ھیچ کاتێ نە درەنگەو نە کاتیشاین بەسەردا تێدەپەڕێ .
ئەو جۆرە بابەتانە ،بابەتی گرنگی ھەمیشە ئامادەیین لە نێو کەلتوری چەوساندنەوە و ئەدەبیاتی جینۆسایدکردنماندا، پڕاوپڕو تەژین لە مێژووی مەرگەساتی دوێنێی دوورونزیک .. وا دەبن بە ژانرێکی تری کەلتورو ئەدەبیاتی کوردی و ناوی دەنێم لە ( ئەدەبیاتی جینۆسایدی کوردستان ) ەوە .
لە زێوەوە بۆ بادینان و خۆشناوەتی وقەڵادزێ وھەڵەبجە و دۆڵی جافایەتی و گەرمیانەوە بۆ دەشتی قەراج و کەندێناوەوقوشتەپە وگۆپتەپە وە ، بۆکەرکووک و بەدرەو جەسان وکوردانی فەیلی بەغداو دەشتی نەینەوا و شنگاڵەوە .. وا پێویست دەکات ھەمووجارێ بەباسکردنیان بەرپرسانی دانیشتووی سەرکورسی بەغدای پێ بھەژێنین و رابچڵەکێنین ، گەر تۆزێ دەماری پیاوەتی ومرۆڤایەتی وشکۆمەندییان لەجەستەدا مابێ بۆ ھەژان وداچڵەکاندنیان ، مووچڕکێ بەلەشیان دابێ ..!!
سی و پێنج ساڵ بەر لە رۆژی ٩-٦-١٩٨٥ دا ، ھەشت فرۆکەی- جەنگی ھەرە پێشکەوتووی رژێمی ئەوسای سوپای بەعسی عەرەبی لەجۆری سیخۆ،ئۆردوگای ئاوا‌رەکانی خەڵکی سڤیلی باشووری کوردستانیان لە زێوە بۆردومانکرد.
کارەساتی بۆردوومان کردنی زێوە بە ھەموو پێوەرێکی نێودەوڵەتی ویاساکانی، جینۆسایدیێکی دیکەی ناخ ھەژێنە بەسەر گەلی کورد و شۆرشەکەی داھات ، لە ئێران، لەودیوی سنووری نێودەوڵەتییەوە ولە ئاوارەییدا کۆمەڵکوژییەکی دیکەی بەغدای چاوشۆڕە لە ئاست گەلی کوردستاندا .
تەمەنی ئەم کارەساتە ئەمساڵ بۆ(٣٥ ساڵ ) دەچێت نەک ھەرکۆمەڵگای نێودەوڵەتی ورێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ خۆیان لێ بێدەنگ کردووە، بەلکوکۆمەڵگای مەدەنی ورژێمی بەغداو حکومەتە یێک لەدوایێکەکانی عێراق و تەنانەت ئێرانیشی لێ بێ دەنگن ‌و لە چەند رستەیێکیشدا نە باسی دەکەن نە یادی دەکەنەوە .
لەو ناوەندە دا گەر بەشمەینەتی وپیادەکردنی سیاسەتی قڕکردن ھەر بۆگەلی کورد و میللەتەکەی وکەس وکاری قوربانییەکان وسەرکردایەتی شۆرشی ئەیلول و گوڵان مابێتەوە ، باس کردن وخستەوە بەرچاوی کارەساتی بۆمببارانی ئۆردوگای زێوە بە ھەمووجۆروشێوەی قوربانییەکانی لە شەھیدکردنی ( ١٥٠ ژن و منداڵ وخەلکی سڤیڵ کەزۆربەی ھەرەزۆرییان منداڵ بوون ،ھەروا بریندار بوونی ٤٠٠ ی ترو وێران بوون و خاپوربوونی سەدان خانوو بەرەو پەناگای ئاوارەکان وماڵ وکەلوپەلیان ) ناکرێ ھەروا بە ئاسانی ساڵ لەدوای ساڵ تێپەڕبێت وفەرامۆشیمان ھەر بە پێوەری (بای ژنب قوتلت )دا بێتەوە .
ئەم کارەساتە،ھاوشێوەی کارەساتەکانی تر پێویستە بە یاسا وبنەماکانی جینۆساید بەجینۆساید ھەژماربکرێ و مامەلەی یاساییانەی نێودەوڵەتی لەگەڵ بکرێت ، تا حکومەتە یەک لەدواییەکانی عێراق کە جێگرەوەی حکومەتی دوای رژێمی بەعسن و(لایەنی ئەنجامدەرو وتاوانبار) پابەندی ھەموو لێکەوتە ‌ودەرھاویشتەی سیاسیی و یاسایی و قەرەبووەکردنەوەی ماددی ومەعنەوی خەڵکەکە ‌وگەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بکرێتەوە .
حکومەتی ئێستای بەغدا، کە ھەڵگری ھەمان ناونیشانی حکومەتی (کۆماری عێراق – جمھوریە العراق)ە، بە تائتەئنیسە ساکنەوماکینەکەیەوە لە نێوھەناوی داھەڵگری سەدان مافی یاسایی و پابەندی قەرەبووکردنەوەی چەندین دۆسییەی جۆراوجۆری جینۆسایدو ئەنفالکردنی کوردە رۆژانە ‌وحەفتانەومانگانە ‌وساڵانە، لێرە لە ھەموو شارو شارەدێییەکانی کوردستاندا بەدڵو دەرونێکی پڕ لەناخ وکەسەرەوە بەجەستەو بەدەنێکی پڕ لە ‌زامی قووڵەوە یادی ئەوەندە جینۆساید ورەشبگیری وقڕکردن و سوتماکردنی خاک و وێرانکردنی گوندو ئاوایی و ئەنفال وتەعریب و راگوستن و لەسێدارەدانی بەتاک و کۆی کۆمەڵکوژییە یەک لەدوایەکەکانی حکومەتی پێشووی بەغدا دەکرێتەوە ، بەجۆرێ ھەمووجارێ برینە قووڵەکان دێنەوە سۆ و بۆنسۆی کارەساتەکان ، ھاوارو ناڵەی دایکانی شەھید وکەسوکاری قوربانییان دونیا کاس دەکا ودەگاتە کەشکەلانی فەلەک ، کەچی بەغدا وحکومەتەکانی بەغدای دوای ٢٠٠٣ی بەعس، نەک ھەر( مێشیش مێوانیان نییە) ، بەلکو( وەک فریشتەی دانیشتووی سەرکورسی دەسەڵاتی کۆماری عێراق) خۆیان نمایش دەکەن ..!!
گاڵتەجارییەکە لێرەداییە، بەغدا لەدوای بوونەوەی بە دەسەڵات لە ٢٠٠٣ وە بە ئەقڵیەتی نانەوەی قەیران لەدوای قەیران وئاریشە لەدوای ئاریشە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حکومەتەکەی مامەڵە دەکات ، تا مەرام و مەبەستی سەرەکی خۆی بێنێتە دی کە خۆ دەربازکردنە لەوشەرمەزارییە مەزنە مێژووییەی کە بە مێژوو و رابوردوویانەوە دیارە ولکاوە.
ئەویان لەلایەک ولەلایەکەی دیکەشدا بۆخۆدەرباز کردن و خۆ دزینەوە لەو ھەموو لێککەوتە یاسایی-سیاسی -کارگێڕیانەی کە بە ھەموو یاساو پێوەرە نیو دەوڵەتییەکان قەرزی خوێن و خاکە لەسەریەتی لەبەرامبەر حکومەتی کوردستاندا تەرازووەکەی زۆرلارەو لاسەنگە ، ھەردەبێ پێی بژمێردرێ و بیداتەوە .
ئەوەیان سەرباری پێبژاردنی مافە شایستەکانی ماددی ومەعنەوی خەڵکە تێکۆشەرە زەرەر مەندبووەکانی کوردستان ، لە شەھید بوون و قوربانی بەخشیندا کە بە پارە و ماڵی دونیایش قەرەبووناکرێنەوە. ئەو ھەموو قوربانی و بەخشندەیە کە
بۆسەربەخۆبوون وئازادی و بەدەوڵەتبوون دراوە ، زۆر زۆرترن لەو قوربانییانەی کە بۆ دامەزراندن و رزگارکردنی دەوڵەتێک دەدرێت .
لە سەرو بەندە دا سەرۆک مسعود بارزانی لە بۆنەیێک دا قسەی ھەموو سەربەخۆ و ئازادیخوازانی کردو گوتەنی :
قوربانییەکانی گەلی کوردستان وخەڵکە تێکۆشەرەکەی زۆرزیاترە لەو قوربانی و بەخشندەییەیمیللەتان کە بۆ (دامەزراندنی دەوڵەتێک ) دەیبەخشن .
ئیتر بەغدا تەواو تۆ ھەڵگری پاشگری جینۆسایدو ئەنفالی ،تۆ بەغدای ئەنفالچی و جینۆسایدکاری کوردستانی ..
ئێمەش لێرەوە ، با لە زێوە وە ئاوڕێکی قوڵی پڕلە ژان و برین وحەسرەت بدەینەوە ، با چیتر فەرامۆشی و دڵنەوایی خۆمان بە پێوەری ( بای ژنب قتلت ) بۆ قڕکردن و ڕەشە کوژیمان نەدەینەوە .
زێوە جینۆسایدێکی ترە لە ئاوارەیی و لە نێو خاکی وڵاتێکی تردا بە تازەترین فرۆکەی سیخۆی ھەرە پێشکەوتووی کارگەکانی وڵاتان ئەنجام دراوە وتا وانێکی دیکەی جینۆساید کراوە وەک راگوێزان ورەشبگیری وتەعریب تەرحیل وئەنفال وکیمابارانکردن دووانەیەکی دیکە ‌- جمکێکی دیکەی غەدرلێکردنی نەتەوەیەکی غەدرلێکراو و مەزڵوومی دەستی غەیرەیە . ‌

Top