پاریس و ھەولێر لەبەغدا کۆبوونەوە

پاریس و ھەولێر  لەبەغدا کۆبوونەوە

رۆژی چوارشەممە ٢-٩-٢٠٢٠ ، رۆژی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ عێراق بە رۆژی ھەولێرو پاریس دادەنرێت لە بەغدا .
لەبەغدا ئەو رۆژە سەرۆک ماکرۆن ، بە بەرچاوی تاران وئەنقەرەودیمەشق ،بە بەرچاوی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانەوە بە ئامادەیی و شەکاوەیی ئاڵای کوردستانەوە ، دووجار لەگەڵ دۆستی دێرینی خۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوویەوە .
ئەوەیان کە لە دیمەنە ھەر بەرچاوەکانی رۆژەڤی میدیاکانی ناوخۆوجیھانی بوون. لە باگڕاوندی کۆبوونەوەکاندا ، ھەرچییەک باسکرابێ بەتایبەتیش لە کۆبوونەوەی دووەمدا کەوادەی کاژێرێکی خەیاندووە ودیداری تایبەتی بووە . لەکاتێکدا کاتی مانەوەی سەرۆک ماکرۆن دوای بەیروت لە عێراق دیاریکراوبوو، تەرخانکردنی پشکی شێری کاتەکەی بۆ نێجیرڤان بارزانی بە ئاڵای کوردستانەوە لەمانایێک زیاتر دەگەینێ ، زۆربەی ماناکانیش لەسەر ئەوە کۆکن کەوا فەرەنسا لە پشتگیری و پشتیوانی ھەرێمی کوردستان و پێگەی حکومەتی ھەرێم و سیاسەتی حەکیمانەی ھەولێردا بەردەوامە و خودی ئەم گوتەیەی خۆشی کەدەڵێ :
فەرەنسا وکوردستانی عێراق لەرێگای پەیوەندی مێژووییەوە بەیەکەوە گرێدراون و جەنگی ھاوبەشی شەری دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر کرد .
فەرەنسا وەک چۆن لەساتە تەنگە ‌تاو و قەیرانەکاندا پشتیوان بووە،ئێستایش ‌رۆژی چوارشەممەی ٢-٩-٢٠٢٠ سەرۆکی فەرەنسا لە بەغداوە، نەک ھەربەبەغداییەکان دەڵێت، بەڵکو بەتاران وئەنقەرەش دەڵێ : پاریس ، ھەمیشە پشتیوانی ھەولێرە .
ئاخر دۆستایەتی و ئاشنایەتی وڵاتی فەرەنسای مەڵبەندی شۆرش و ئازادی ورۆشنبیری وھزرو یاسا و جوانی وئەفراندنی ئەدەبی و ھونەری ، لەگەڵ گەلی کوردستان و شۆرشە نیشتیمانییە ئازادیخوازییەکەی دا ، بۆسەرەتاکانی شۆرشی ئەیلول وھزری ئازادی و پێکەوەژیانی دیموکراتیانە و رزگاریخوازیانەی مستەفا بارزانی رابەرو باوکی کورد وپزیشک و رۆژنامە نووسە فەرەنساییە دۆستەکانی شۆرش و بارزانی دەگەرێتەوە . ئەوسا ئەوان لەنزیکەوە پەیامی راستەقینەی شۆرش و بەرخودانی کوردستانیان دەگەیاندە ناوەندە ‌سیاسیی وکاریگەرەکانی فەرەنسا . ھەمدیس ئاشنایەتی فەرەنسییەکان بۆ ئەوکەناڵ وناوەندانەش دەگەرێتەوە کە ‌رۆشنبیران وقوتابیان وکەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان لە پاریس لە ‌کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوو بەرەوەسەرە وە لەوێ بنیاتیان نابوو .
ئەم دۆستایەتی و بەدەنگەوە ھاتنەی پاریس بۆپرسی کورد دوای شۆرشی ئەیلولیش ھەربەردەوام بوو.
لە سەردەم و قۆناغەکانی کیماباران وئەنفالدا، لە دوای ڕاپەڕین وپرۆسەی یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و سەردەمی سەرۆک دانیاڵ میتەران و خاتوونەکەی خاتوو دانیاڵ کە بەدایکی کورد ناوزەدکرا ، تاشەری رێکخراوەیی تیرۆرستانی داعش وپشتیوانی فەرەنسییەکان لە ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەردانی مێژوویی و بوێرانەی فرانسوا ھۆلاند سەرۆک کۆماری پێشووبۆ بەرەکانی جەنگ شان بەشانی سەرۆک مەسعود بارزانی و پێشمەرگە قارەمانە تەلیسم شکێنەکانی داعش و پاشان سەردانە بەردەوامەکانی وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی فەرەنسا بۆ کوردستان وھەولێر شایەتی ئەو راستییەن .
ئەی لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەروجەنگی قارەمانانەی پردێ و سحێلا.. ؟
ھەر سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن نەبوو بوێرو ئازایانە بە بەرچاوی دونیای ویژان تۆپیوو لەبەرامبەر ھەولێرو پرس وپرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیدا بە بەرچاوی ئەوسای بەغدای عەبادی تێکشکاو لە پردێ و سحێلادا ، بەربەرچاوی تاران و ئەنقەرەی دراوسێیانی موسلمان بە پێشوازی کردنی شاھانەی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوسای حکومەتی ھەرێم و ئەندازریاری دیبلۆماسی کوردستان ، فەرەنسا گەمارۆی سیاسی و دبلۆماسی لەسەر ھەرێمی کوردستاندا تێکشکاند ..؟ بەڵێ ، ئەو رۆژە سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ لەتەک نێجیرڤان بارزانی، بە ئاڵای کوردستان وفەرەنساو یەکێتی ئەوروپاوە بەجیھانی راگەیاند :
ھەرێمی کوردستان و ھەولێر، تەنیا نین وھەرچیاکان دۆستی کورد نین .
ئەورۆژە ٢-٩-٢٠٢٠ گەرسەرۆک ماکرۆن لە بەغدا پەیامی زەبەلاحی ئابوری وبازرگانی فەرەنسای لەبواری وزە ‌و گواستنەوە بەبەغداییەکان راگەیاندبێ
ئەوا ھەر ئەو رۆژە ، چوارشەممە ٢-٩-٢٠٢٠ ھەرێمی کوردستان وھەولێر، شاندی سەرۆکایەتی ھەرێم ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک و ھەردوو جێگرە بەرێزەکەی شێخ جەعفەرمستەفا و مستەفای سەید قادر ، پارتی و یەکێتی و گۆڕان ، بەنوێنەراتی گەلی کوردستان ، لەبەغدای سەردەمی د.بەرھەم ومستەفا کازمیدا، مەزن ویەکگرتوو، خاوەن پێگەو شان وشەوکەتی کوردستانییانە بوون .
ئەوە ئەو دیمەنە مەزنە جوانە یەکگرتووە کوردستانییە بوو، نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە پێشانی ھەموو جیھانی دا بە تاران و ئەنقەرەوەش .
بۆ ئەو پرس و بابەتە دیارو نادیارانەی لە کۆبوونەوە یەک کاژێرەکەی نێوان ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانیش باسکراون ، بابەتەکان ھەر دەرژێنە خانەی پەیوەندی دیبلۆماسییانەی پاریس ھەولێرو ئاسۆکەیشی پەیوەندی و پشتیوانی پتەوترو توندوتۆڵترو بەرەوە چوونی زیاتری لێ دەخوێندرێتەوە .
ھەولێر ٣-٩-٢٠٢٠

Top