ئایندەیەکی مەترسی دار

ئایندەیەکی مەترسی دار

لە پەلکانە : احنا البدو وین العدو
لەسلێمانی : سووتاندن و وێرانکردن
لەپەر‌لەمان : چەقەنەو تەپڵ لێدان


ناونیشانی ئەم وتارە ،ھەر لەپەرلەمانەوە تا سلێمانی وگوندی پەلکانەی سەرگەڕان
زنجیرە دیمەنی دراماتیکی تراژیدی ناخ ھەژێنن وایەک لەدوایی یەک دێن وپشێوی و نائارامی مەترسیدار بۆکۆمەڵگای کوردستانی بەدوایی خۆیان بەجێ دێڵن .
کەسەیری ئەم سێ کارەساتە ھەنووکەییە ‌دەکەین،ھەموویان خۆکردەن،گەرلەم ئان وساتەدا بە دیارونادیارییەوە دەستی دەرەکیی بەھێزیشیان لە پشت بێت بۆمەرامی سیاسیی وھێنانەدی ودروستکردنی مۆدێلێکی تازەی کارتی فشارو ھەژموونە لە ھەرێمی کوردستانەوە ، بەتایبەتیش لە شاری سلێمانیەوە زەمینەی بۆگونجاوە ، لەخۆرسکبوونی خۆپێشاندان دەرچووەوئامادەسازی پێشوەختەی بۆکراوە وخەریکە وەک مۆدێلی ‌ تازەی ململانێی سیاسیی ناوخۆو دەرەکی ‌ پێگەی ئەم شارە گرنگەی کوردستان (لەھەڵمەت وقوربانی) یەوە بگۆڕێ بۆشاری (سووتاندن ووێرانەیی ) و( شەڕکردن بە سلێمانی) بۆ مەرامی سیاسیی ناوخۆوناوچەیی وھەرێمایەتی.
لەکاتێکدا وادەخوازێ پارت ولایەنە سیاسیەکان ‌بیر لەوە بکەنەوە کە چیترئەم شارە (سلێمانی ) نەبێتە ئامرازو قوربانی .
ئێستا رۆژگار، رۆژگارە تەنگەتاوەکەیە ناکرێ پارت ولایەنەسییاسییەکانی کوردستان پشتیوانی زیاتری حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەکەن ، کە خۆیان پێکھێنەری سەرەکی حکومەتن چ لە دەزگایەکانی نێودەوڵەتدا بن یا لە پەرلەماندا . ‌ ھەروا دەبێ باوەڕی ڕەھاشیان بەوە ھەبێ ئەوەی ئەمڕۆ لەسلێمانی دەگوزەرێ پشێوی وئاژاوەی ەسییاسییە ، تێکدان و وێرانکردنە ، مەبەست لێی بچوککردنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، بەھەنجەت و پاساوی پاراستنی بەرژەوەندی ژیان وبژێوی ھاووڵاتیان وموچەی فەرمانبەرانەوەیە رێکخراوە و پیادەدەکرێ .
ئەو سەردەمەش بەسەر چوو ، ھاووڵاتی چەندە باری گوزەرانی خراپ بێ وەڵێ ھوشیارەو تێدەگا چ دەستێ لەپشتەوە یاری بەو کارتانە و داواکارییە ڕەوایەکەی ئەوانەوە دەکات .
کەسەیری رۆژەڤی رووداوەکان دەکەین ، ھاوکات لەگەڵ نا ئارامی و پشێوی و سووتان و کوشت و بڕیینەکانی دەڤەری سڵمێنانی ،عەرەبی بەدو لەکەرکووکەوە ھەنگاو بە ھەنگاو دێتە پێش و وا جارێکی تر پەلکانە تەعریب دەکەنەوەو دەست بەسەر زەوی و زاری کشتوکالی ناوچەکە دادەگرن وداگیری دەکەنەوە .
پەلکانە سەربە ناحیەی سەڕگەرانە و چەند کیلۆمەترێک لە لەسەرەوەی ھەولێرە لەسنوورو ئاقاری دەشتی مەخمووروقەراج چەند سەدەجۆتێک ھێروەترە.
پەلکانە ناونیشانێکی دێرینی تەعریبی شەستەکانی سەدەی پێشوو و سەردەمی بەعس و دوای شەڕی داعش و کارەساتی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرە .
ھەرلەو ناوچەیە بوو، دوێنێ دوێنێی نزیک ساڵی ١٩٦٣ عەرەبی بەدووی ئەو ناوچانەی خواروو وئەودیوی دبس بوون بەپشتیوانی ( حەرەس قەومی ) ھاتنە پێش و دروشم و ھوتافیان لێدەداو بەڕاوەشاندنی عەقاڵ و تفەنگی دەستیان بەھاتوھاوارو ھەڵھۆڵە دەیانگوت:
(احنا البدو ،وین العدو)،وا ئێستاش نەوەی ئەوان بەپشتیوانی (حەشدی شەعبی)و قۆستنەوەی ئەو بارە نائاسایی و نایاساییەی پارێزگاری کەرکووک تێیکەوتووە ھەمان ھەڵھۆڵەی جارانیانە ، لەکاتێکدا چەند رۆژێک بەرلە ئەمرۆ راکان جبووری ‌پارێزگاری بەوەکالەت و پێکھاتەی کۆمەلگای کەرکووک بە حزب ولایەنی ناو شارەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسەکان چووبوونە بەغداولای بەرێزسەرۆک کۆماری عێراق بوون ..!! .
رۆژەڤەکانی ئەم حەفتەیە لەرۆژی ٢-١٢-٢٠٢٠ وە تا ١٠-١٢-٢٠٢٠ زۆر سەیرو پڕلەدیمەنی ناخ ھەژێنن،وا گوزەردەکەن بەرەوئاقارێکی نادیارئاراستەیان گرتووە .
ھەرلە چەقەنە ‌و تەپڵ لێدانی نێو ھۆڵی پەرلەمانەوە تا کوشتن و خوێنرشتنی گەنج و کادیری پارت وحکومەت و سوتاندنی بارەگاو دیکۆمێنتی دەزگاکانی دەوڵەت و تاڵان و بڕۆوە تا پێشاندانی روخساری جوانی سلێمانی بە ناشیرینی و بەجواب ھاتن و خەمبار بوون و دڵگرانی نێونەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، (یۆنامی ) لەو دیاردە یەی سووتاندن و وێرانکردنەی خەریکە دەبێتە کلتوورو مۆدەی تازەی سیاسیی .
ئەوە چ دیمەنێکە ئەو کوردە خۆشی لەخۆ نەدیتووە وا بۆتە بەدبەختی دەستی ئەو و ئەو ..؟ ئەوە چ پیلان ونەخشەیێکە مەبەستیەتی ئەو مێرگە ئارامە بەپیتە بۆ نێو زۆنگاوی عێراق بباتەوە ..
پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش ، لەدڵمانگران بێت و گران نەبێ وا ھەموو دونیا ئێمەی بینی لە پەرلەمان لە جیاتی بریاردان لەسەر(دەستوری ھەرێمی کوردستان ) چەقەنەمان لێ دا ، دەستور ، ئەو بابەتە ھەرگرنگ و ھەستیارو پێویستەی چەندین ساڵە خەونی لەمێژینەیە و وا سێ خوولە لە پەرلەمانە دوای گفتوگۆی چەندین جارەو بڵاوکردنەوی لەمیدیاکان وسازدانی چەندین کۆڕو سمیناری جەماوەری و دەستەبژێری کۆمەلگا کەچی لەسەررەفەکانی پەرلەمان تۆزی لەبیر چوونەوەی لەسەر نیشتووەوبۆ تەپڵ لێدەرانیش دەچنە ناو چاوی زوومی کامیری میدیاکان .
لەکاتێکدا پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ئەو دووساڵەو شتەی تەمەنی دا لە دووسێ بریار بترازێ ھیچی تری بەبریار نەکردووە ، ئەی ئەم چەقەنە لێدانەت لەچی ..!! لەکاتێکدا وا لە بەغدا پەرلەمانی ئەوێ بەبریاری زۆرینەی پەرلەمانتارانی نەیارو دوژمن موچەو بودجەت لێ دەبڕێ و زەلیل و سەفیلت دەکات سزای سیاسییت دەدا ، ئێوەش تەپڵ و چەقەلە لێدەدەن ..!!
پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش وا خەریکە لەسلێمانییە ناشیرینترین وێنەی کوردستان پێشانی جیھان دەدەین . وا خەریکە تەعریب وەک جاری جاران لەپەلکانەوە کە چەند سەدە جۆتەک لەھەولێرەوە دوورە بە ھەڵھۆڵە و عەقال و تفەنگ ڕاوەشاندنەوە لێت دێتە پێش بە لچ و لێوی کەفکردووی دەڵێ :
احنا البدو، وین العدو .
کوردستان و کوردستانیان ، ئاگاتان لێیە ئەو حەفتەیە لێرە ، لەنێو ئەو مێرگە ئاوەدان ورەنگینەی کەلای بیانییان، کوردستان وھەولێر(عێراقی دیکە) بوو،
چ کارەساتێ دەگوزەرێت..؟
ھەولێر ١٠-١٢-٢٠٢٠





Top