راگەیاندنی كوردی لە نێوان ئاڕاستەكردن و ئاڕاستەكراویدا

راگەیاندنی كوردی لە نێوان ئاڕاستەكردن و ئاڕاستەكراویدا
راگەیاندنێك كە لە ئێستای كوردستاندا بتوانین سیما و خەسڵەتەكانی بناسینەوە و پێناسەی بكەین، راگەیاندنی حزبییە، كە بە یەكەمین قۆناغی دروستبوونی راگەیاندن لە كوردستاندا دائەنرێت. لەدوای ئەوەوە سەختە بتوانیت ئەو راگەیاندنەی تر كە لە دوای راگەیاندنی حزبییەوە هاتۆتە گۆڕێ بە دەقیقی وەسف بكەیت و خەسڵەتەكانی دەستنیشان بكەیت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا راگەیاندنی ئازادە كە هەندێجار خۆیان بە ئەهلی پێناسەدەكەن، یان لیبراڵ، یاخود راگەیاندنێكە بە واتا و تێگەیشتنە سەردەمییەكەی كە رۆڵی خۆی وەكو هەر دەزگایەكی تری خزمەتگوزار لەناو كۆمەڵگەدا ئەبینێت، لەگەڵ ئەو راگەیاندنەی كە بەمدواییە ناوی راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنی لەخۆی ناوە.
یەكەمین ئاماژەكانی ناسینەوەی خەسڵەتەكانی راگەیاندنەكان بەمامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ و تاوتوێكردنی هەواڵ و شیكردنەوە و راڤەكردنیدا دەناسرێتەوە، كە دەبێت بەپێی پێوەر و بنەماكانی پرنسیپی ئازادی هیچ رۆژنامەنووسێك لەژێر كاریگەری هیچ ئایدیایەك مامەڵە لەگەڵ هەواڵدا نەكات وەكو یەكێك لە كایەكانی راگەیاندن، چونكە نە رۆژنامەنووس و نە خودی رۆژنامە یان كەناڵەكە نابێت مەعنی بن بە ناوەرۆك و ناواخنی رووداوەكەی كە لە هەواڵەكەدا هاتووە، بەقەدەر ئەوەندەی مەعنین بەوەی هەواڵێك وەكو خۆی و حەقیقەتەكە بەخامی بگەیەنن.
خوێندنەوەی یەك هەواڵ لە هەر یەك لەو ژمارە بێشومارە لە رۆژنامەكان لە كوردستاندا و بیستنی یەك هەواڵ لە هەریەك كەناڵە بیسراو و بینراوەكانەوە تێدەگەیت ئەو كەناڵە وەكو راگەیاندن بە چ ئاڕاستەیەكدا ئیش دەكات. بەچەند وشەیەكی تر تێدەگەیت ئایا ئەو كەناڵە ئاڕاستەكراوە یان خۆی كۆمەڵگە ئاڕاستەدەكات. چونكە یەك لەهەرە گرنگترین وەزیفەكانی ئەوەیە لە توانایدا بێت ببێتە دامەزراوەیەكی هوشیاركەرەوە و ئاڕاستەكەری كۆمەڵگە، كە لەمە لایدا و ئاڕاستەكرا نابێتە ئازاد و لە توانایدا نابێت خزمەتی كۆمەڵگە بكات بە واتا پرۆفیشناڵەكەی.
بەپێچەوانەی بیردۆزە باوەكەی جارانەوە ئامادەگی رۆژنامەنووس و راگەیاندكارە ئازادەكان لەناو دەزگای راگەیاندنی حزبەكاندا دەبووە مایەی دڵەڕاوكێ، ئێستا بەشبەحاڵی خۆم وەكو رۆژنامەنووسێك كە خۆم بە نا لایەنگیر و تەواو ئازاد دەزانم پێم لەنگ و عەیب نییە لەهەموو كەناڵە نووسراو و بینراو و بیسراوە حزبیە جیاجیاكاندا ئامادەگیم هەبێت، چونكە دەزانم بە چ ئاڕاستەیەك ئیش دەكەن و، كێیان لە پشتەوەیە، وەلێ زۆرجاران لەخۆم كەوتەمەتە گومانەوە كە لەیەكێك لە رۆژنامە ئەهلییەكاندا چالاكییەكم هەبووە و دواتر بینیومە چۆن و بۆ چ بەرژەوەندیەك ئاڕاستە ئەكرێ.
كێشەكە لەوەدایە رۆشنبیران بەگشتی و نووسەر و رۆژنامەنووسان بەتایبەت هێشتا خۆیان یەكلانەكردۆتەوە ئایا ئازادن یان لایەنگری حزبێكن، ئەگەرچی كەناڵە راگەیاندنەكانی حزبەكان لە ئێستادا ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە كە تیایدا بە بیردۆزە حزبییە نەریتییەكە مامەڵەیان لەگەڵ قەڵەمەكان دەكرد، بەدەر لەوەی ئایا ئەمە چۆن لێكدەدرێتەوە، چونكە ئەوە رۆژنامەنووس و نووسەرەكەیە كە دەبێت لە كۆتاییدا خۆی یەكلایی بكاتەوە بڕیاربدات لەوەی ئایا وەكو حزبییەك رۆژنامەنووسە یان تەنیا رۆژنامەنووسە، ئەمە دوو شتی جیاوازە، هەرچەندە ناچێتە عەقڵمەوە حزبییە باشەكان بتوانن رۆژنامەنووسێكی باش بن و، رۆژنامەنووسە باشەكانیش لەدەستیان بێت عەقڵی حزبی تێكەڵ بە كاری رۆژنامەنووسی بكەن. هەڵبەتە بەم بیردۆزە رۆژنامەی حزبی پێی ناوترێ ئاڕاستەكراوە، چونكە خۆی پێناسەی خۆی كردووە، بەڵام گرفتەكە لەگەڵ ئەو رۆژنامانەیە كە ئیددیعای ئازادی دەكەن و لە پشتەوە ئاڕاستەكراون، كە ئەمەش بە خوێندنەوەی یەك هەواڵ ئەم بیردۆزە پشتڕاست ئەبێتەوە.
لەم نێوەندەدا و هاوكات لەگەڵ ئەوەی كە رۆژنامەنووسە ئازادەكان لەگەڕاندابوون بەدوای ناسنامەیەكی ئازادانەی خۆیان، رۆژنامەی ئەهلی ئازاد هاتەكایەوە و دواتریش بووە بنەمایەك بۆ جۆرێك لە رۆژنامەگەری كە خۆی بە ئۆپۆزیسیۆن ئەزانێت، ئەگەرچی لای من هەردوو وشەی ئەهلی و ئازادیش دەكەونە نێو دوو كەوانەی سوورەوە.
گرفتەكە لەوەدایە ئێستا تێگەیشتنێكی خراپ هەیە بۆ هەردوو راگەیاندنی ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن لەلایەك و راگەیاندنی لیبرال و ئەهلی لەلایەكی دیكە، كە بێگومان راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنیش بەهەمان پێوانەكانی راگەیاندنی حزبی راگەیاندنێكی ئاڕاستەكراوە و خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەك دەكات، كە ئەمەش پێویستە هەبێت. بەڵام نەك راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن بە ئازاد پێناسە بكرێت، ئەمە خەلەلەكەیە، یان راگەیاندنە بەناو ئازادەكان رۆڵی راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن ببینن كە ئەوە كاری ئەوان نییە.
فەیسەڵ جەلول، كە نووسەرێكی لوبنانیە دەڵێت: راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن راگەیاندنی دەسەڵاتە لەناو ژووری چاوەڕوانیدا. ئەمە مانای ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتێكە بەڕێوەیە و ئەوە دووپات دەكاتەوە، كە راگەیاندن ناتوانێت ئازاد بێت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن یان حزبی بوو یان راگەیاندنی دەسەڵات بوو، چونكە هیچیان بەهیچ پێوانەیەك ئازاد نین، بەڵكو ئاڕاستەكراون و سنووری ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە بۆ ئەوان زۆر تەسكە.
لە نێوان ئەم دووانەشدا راگەیاندنەكان كە بەخۆیان دەڵێن ئەهلی و ئازاد ئەوانەن كە لەگەڵ ئاڕاستەی با و بەرژەوەندی ئاڕاستەی هەواڵەكانیان دەگۆڕن و ئەمەشیان لە دوانەكەی تر زیاتر تووشی دڵەڕاوكێم دەكات.
Top