حەسەن شارنی و پێشبینییەكانی

حەسەن شارنی و پێشبینییەكانی
ساڵی پار فەلەكناسی بەڕەچەڵەك تونسی حەسەن شارنی چەردەیەك پێشبینیی بۆ ساڵی 2010 بڵاو كردەوەو ریكلامێكی زۆری بۆ كرد. شارنی ناوبانگێكی لەسەر ئاستی جیهان بۆ خۆی پەیدا كردووە. مەكینەی ریكلامەكەی هەمیشە ئەوە بەبیر دێنێتەوە كەشارنی خاوەنی ئەو پێشبینییانەیە كەهاتوونەتە دی. سایتی بەحزانی نت كە لەكۆتایی 2009دا ریكلامی بۆ پێشبینییەكانی ساڵی داهاتووی شارنی كرد، وای ناساند كەئەم پیاوە «ئەوەندە ناسراوە پێویستی بەناساندن نییە»و لەم روەوە ئاماژەی بەپێشنییە كۆنەكانی كرد وەك پێشبینیی كۆچی دوایی هەر یەك لەشازادە دایاناو یاسر عەرەفات و مایكل جاكسۆن و تیرۆركردنی ئیزاك رابین و لافاوی تسۆنامی و رووداوەكانی 11ی سپتەمبەر و هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عیراق و ئیفلیجبوونی ئاریێل شارون و هی تر.
لەم سەروبەندەدا شارنی نزیكەی پەنجا پێشبینیی بۆ ساڵی 2010 بڵاو كردەوە كەزۆربەی هەرە زۆری نەهاتە دی و رێژەیەكی زۆر كەمی هاتە دی. شارنی پێشنینیی كردبوو ساڵی 2010 مردنی چەند كەسێكی دیار و بەناوبانگ لەخۆ دەگرێ وەك مەحمود عەباس و مەلیك عەبدوڵڵاو حوسنی موبارەك. بۆ یەكەمیان وتبووی عەباس لەڕووی سیاسییەوە شكست دێنێ و ماوەیەكی كەم پاش شكستە سیاسییەكەی، كۆچی دوایی دەكا. بۆ دووەمیان ناوی نەهێنابوو، بەڵام وا ئاماژەی بۆ كردبوو كەكەسێكە لەڕیزی پێشەوەی بنەماڵەی فەرمانڕەوای عەرەبستانی سعودیە. سەرەڕای ناو نەهێنانەكەشی، ساڵی پار نە مەلیك عەبدوڵڵا كۆچی دوایی كرد نە كەسێكی دیاری بنەماڵەكە، ئەگەرچی مەلیك عەبدوڵڵا نەخۆش بوو و پێش ئەویش كەسێكی دیاری بنەماڵە خرایە ژێر چاودێریی وردی پزیشكەكانەوە. بۆ سێیەمیان پێشبینییەكەی بەئەندازەی پێویست رۆشن نەبوو، بەڵام زۆربەی ئاماژەكان بۆ موبارەك دەچن و بەگوتەی شارنی تەندروستیی سەركردەیەكی عەرەب تێكدەچێ و حوكمڕانی بۆ كوڕەكەی بەجێ دێڵێ، ئاماژەیەك كەزۆرتر میسر دەگرێتەوەو بەناوەڕۆك مانای مردن یان وازهێنانی موبارەك و هاتنە سەر كاری جەمالی كوڕی دەگەیەنێ.
پێشبینییەكانی شارنی سەبارەت بەعێراقیش هەڵە دەرچوون، چونكە ئەو پێشبینیی كردبوو كەسەركردەیەكی پایە بەرزی عێراق تیرۆر دەكرێ و دوا بەدوای ئەمە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ.
پێشبینییەكانیشی سەبارەت بەپەرەسەندنی تیرۆر راست دەرنەچوون، چونكە ئەوروپا لەساڵی2010 هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستیی لەناو شەمەندەفەردا، وەك شارنی وتبوی، بەخۆوە نەدی و زەبروزەنگ نە لەهەرێمی باسك لەئیسپانیاو نە لەئێرلاندای باكوور نە لەكۆرسیكا لەفەرەنسا سەری هەڵنەدا. شارنی لەپێشبینییە ناسیاسییەكانیش هەڵەی كرد. ساڵی پار نە لەمەغریب هونەرمەندێكی گەورە كەناوی نەهێناوە كۆچی دوایی كردو نە لەفەرەنسا گۆرانیبێژی بەناوبانگ جۆن هالیدای مرد. بەپێچەوانەوە، ساڵی پار سێ بیرمەندی عەرەب كۆچی دواییان كرد كەشارنی هیچ پێشبینییەكی بۆ مردنیان نەكردبوو، ئەوانیش ئەمانەن: لەتونس محەمەد ئاركۆن، لەمەغریب محەمە عابد جابری و لەمیسر نەسر حامد ئەبوزێد. سەربار، شارنی لەپێشبینییەكانیدا هیچ ئاماژەی بۆ هەندێ رووداوی گرنگ لەجیهاندا نەكردووە وەك رێككەوتننامەی ساڵت لەنێوان ئەمریكاو روسیا، تێكچوونی باری ئاسایش لەیەمەن و گرژیی نێوان هەردو كۆریاو ئاگركەوتنە گەورەكەی ئیسرائیل.
هەموو ئەوەش كەشارنی سەبارەت بەئوردن و ئیسرائیل وتی، چروك دەرچوو، چونكە نە ئوردون پاشاگەردانیی كۆمەڵایەتیی بەربڵاوی بەخۆوە بینی، وەك شارنی پێشبینیی كردبوو، نە مردنی شارۆنیش لەئیسرائیل بەشێوەیەكی فەرمی راگەیەنراو نە سەربازە بارمتە ئیسرائیلییەكەی بەر دەستی حەماسیش رادەستی ئیسرائیل كرا.
بەڵام شارنی پێشنبینیی راستیشی هەبوو وەك دەست نەوەشاندن لەكورە ئەتۆمییەكەی ئێران و پەرەسەندنی بێكاری لەمەغریب و سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزای بەراز لەجیهاندا.
پێشبینییەكانی شارنی پێوەندییان بەئەستێرەكانەوە نییەو هەر لێكۆڵیارێك بەپێی زانیاری و داتاكانی بەر دەستی دەتوانێ پێشكەشیان بكا. بەڵام كێشەكە لەوەدایە كەئەگەر 1%ی پێشبینییەكانی شارنی راست دەرچن كەدیارە لەمەشدا رێكەوت رۆڵی دیاری هەیە، مەكینەی شارنی 99 پێشبینییە چەوتەكە دەخاتە لاوەو ریكلام بۆ ئەو تاقە پێشبینییە دەكا كەراست دەرچووە.
Top